لە ماوەی ساڵی ڕابردووی زایینی، دەیان کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، تورکیا و عێراق کوژراون، یا بریندار کراون.
بە گوێرەی ئامارێکی تۆمارکراوی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی 2021دا، 215 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی، کە 52 کەسیان گیانیان لە دەستداوە و، 163 کەسیان بریندار بوون، هەروەها 34 حاڵەتی جیاواز لەو ئامارە، بە هۆی ڕووداوی سرووشتی وەک، بەربوونەوە لە هەڵدێر، خنکان لە ڕووبار، هەورە بروسکە، هەرەسی بەفر و سەرمابردوویی گیانیان لە دەستداوە، یا بریندار بوون
جیا کردنەوە بە گوێرەی پارێزگاکان
پارێزگای ئورمییە: 50 حاڵەت، 24 کوژراو و 26 بریندار.
پارێزگای سنە: 107 حاڵەت، 22 کوژراو و 85 بریندار.
پارێزگای کرماشان: 58 حاڵەت، 6 کوژراو و 52 بریندار.
کوژران و بریندار بوونی 6 مێرمنداڵی کۆڵبەریش لە ساڵی رابردوو، کە تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵیدا بوون، کە چواریان گیانیان لە دەستداوە و دووانیان بریندار بوون.
سێ کۆڵبەری مێرمنداڵ لەلایەن چەکدارانی تورکیا، 2 کۆڵبەر بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێر و کۆڵبەرێک بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی
کوژران و بریندار بوونی 9 کۆڵبەر بە دەستی هێزەکانی تورکیا و عێراق
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، لانی کەم 9 کۆڵبەر لە سنوورەکانی عێراق و تورکیا بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئەو دوو وڵاتە بوونەتە قوربانی، کە 3 کەسیان تەمەنیان ژێر 18 ساڵ بووە.
لەو ژمارەیە 4 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و، 2 کەسیان بریندار بوون، کۆڵبەرێک لەلایەن هێزەکانی عێراق و 8 کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی تورکیا بوونەتە قوربانی.
کوژران و بریندار بوونی 8 کاسبکار لە سەر شەقامەکان
ساڵی رابردوو، 8 کاسبکار لە سەر شەقامەکانی کوردستان و باقی شارەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانی، کە 4 کەسیان گیانیان لە دەستداوە.
ئەو هەشت کەسە، سەرجەمیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و لە شەقامەکانی بانە، خۆی، داڵاهۆ، سەقز و خوڕەم ئاوا بوونەتە قوربانی