کۆمیسیاری مافی مرۆڤی پۆڵەندی، رایگەیاند، ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەی لەگەڵ خێزانەکانیان لە کەمپی داخراوی پۆڵەندا دەستبەسەرکراون، مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگەڵ کراوە، هەروەها بە دەست بارودۆخێکی سەختی ژیان و پشتگوێخستن و نەبوونی چاودێری پزیشکیشەوە دەناڵێنن.
دۆخی کۆچبەران لەو وڵاتە بەردەوام لە خراپ بووندایە و لە بارودۆخێکی تراژیدیا دەژین و مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگەڵدا دەکرێت، بە تایبەتی لە ناوەندە داخراوەکانی پۆڵەندا.
مارسین ویشک، کۆمیسیاری پۆڵەندی بۆ مافەکانی مرۆڤ، هۆشداریدا لە خراپی دۆخی زیاتر لە 1600 کۆچبەر و پەنابەر، کە لە کەمپی داخراودا دەستگیرکراون، ئەوەش دوای بەزاندنی سنووری بیلاڕووسیا، مامەڵەی دڕندانە و نامرۆڤانەیان لەگەڵ دەکرێت.
نزیکەی 20 کەس لە ژوورێکدان
ئەو کەمپە داخراوانە ڕەخنەی زۆریان لێگیراوە، کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران و پەنابەرانی تێدا دەستگیرکراون، ئەو کەمپانە دابڕاو و داخراون و، دەکەونە دەرەوەی شارۆچکەی ویدەرسن، کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە سنووری ئەڵمانیاوە دوورە، کە پێشتر بنکەی سەربازی بوون، بەڵام لە هاوینی 2021 بوو بە نێوەندی پێشوازی لە کۆچبەران.
کامپێکی داخراو نییە گرتووخانەیە
ئەحمەد، کۆچبەرێکی یەمەنییە، کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا دوای پەڕینەوە لە سنووری بیلاڕووسیا گەیشتە پۆڵەندا، بە فرانس ئینفۆی گوتووە: “ئەم کەمپە هیچ چالاکییەکی کات بەسەر بردن و پەروەردەیی تێدا نییە، ئێمە چەند جارێک داوامان لە پاسەوانەکان کرد، کە وانەی فێربوونی زمانی پۆڵەندیمان پێ بڵێنەوە، بەڵام بە تەواوی ڕەتیان کردەوە و، پێیان ڕاگەیاندین: پێویست ناکات پۆڵەندی فێربن، چونکە لە هەر حاڵەتێکدا، هەمووتان هەوڵ دەدەن بڕۆن بۆ ئەڵمانیا”.
ئەحمەد، گوتیشی: “بۆ گەیشتن بە ئینتەرنێت لە هەفتەیەکدا یەک کاتژمێر رێمان پێ دەدەن و، تەنیا رێگەمان دەدەن کە تەلەفۆنی نا زیرەکی وەک نۆکیامان هەبێت، تا بتوانێت تەنیا نامەی تێکست بنێرین، ئەمە کامپێکی داخراو نییە، گرتووخانەیە، ئەوان وەک تاوانبار مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن، نەک وەک پەنابەر”.
سپرای بیبەر و دەری کارەباییان بەرانبەر پەنابەران بە کار دێنن
لەیسی تەمەن 24 ساڵ، کە گەنجێکی عێراقیی و خەڵکی بەغدایە، بە ماڵپەڕی کۆچبەرانی ڕاگەیاند: “ئێرە زۆر خراپە، ئەگەر پاسەوانەکان هەست بکەن ناڕەزاییمان لێیان هەیە، ئاسایش زۆر توند دەکەن و زۆرجار بە سپرای بیبەر، یا داری کارەباییمان لێ دەدرێت و دەچەوسێندرێینەوە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت بچینە ڕێستۆرانتەکە بۆ وەرگرتنی ژەمێک، کۆمەڵێک پاسەوان یاوەریمان دەکەن و لەگەڵمان دەگەڕێنەوە، چاودێرانی ئەم سەنتەرە بە پەرۆشن نیشانمان بدەن، کە هەڵاتن زۆر مەحاڵە و، ئەگەر یەکێ لە ئێمە هەوڵی هەڵاتن بدات، ئەوا سزای ڕاستەوخۆی زیندانیکردنی یەک ساڵ و نیوی بەسەردا دەسەپێندرێت”.
کەمپەکان بۆ منداڵان گونجاو نین
وەک دەستگەیشتن بە پزیشک و پزیشکی دەروونی لەلایەن کۆچبەرانەوە زۆر سنووردارە.
هەروەها کۆمیساری پۆڵەندا بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی ئەو منداڵانەی کە لەگەڵ خێزانەکانیان لەو کەمپانەدا دانراون و ژێرخانی پێویستیان تێدا نییە، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.
بە گوتەی مارسین ویشک، ئەو چاودێرییە پزیشکی و دەروونییەی لەو کەمپانەدا دابینکراون، بە هیچ شێوەیەک بەس نییە، بەڵکو تەندروستی ئەو کۆچبەرانە خراپتر دەکات، کە پێشتر لە وڵاتانی خۆیاندا تووشی نەخۆشی خراپ بوون، بە تایبەتیش منداڵان، کە مانەوەیان لەو کەمپانەدا کاریگەری نەرێنیان لەسەر گەشەسەندن و باری دەروونییان دەبێت.
لە کانوونی یەکەمی 2021، تۆماس ئانیتشکۆ پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆنی پۆڵەندا، سەردانی کەمپەکەی کرد و، گوتی سەردانەکە زۆر قورس بوو بۆی، چونکە چاوی بە کۆچبەرانی نوێ لە وڵاتەکەی کەوتووە، کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا گەیشتوون و، تووشی شۆک بووە، کە زۆربەیان بەهۆی نەخۆشییەوە ناڵاندوویانە، کە پێویستیان بە چارەسەری خێرای پزیشکی هەیە”.
ئانیتشکۆ ڕوونیکردەوە، کە دەیان پیاو دوای دزینی ئەندامەکانی جەستەیان هێشتا بە تەواوی برینەکانیان سارێژ نەببوون، ئەوان چیرۆکی گورچیلەیان بۆ باسکردم، کە لە شوێنێک لێیان دزراوە، چاو و ددانەکانیان نەخۆشی دیکەی جۆراوجۆری پێستیان تووش بووە، جگە لە کێشەی تەندروستی و جەستەیی ئانیتشکۆ، گوتیشی: “زۆرێک لەو کۆچبەرانە تووشی نەخۆشی دەروونی بوون و، هیچ یارمەتییەکیان وەرنەگرتووە، زۆرێکیان گلەییان لە بارودۆخیان کردووە”.
کۆچبەران بێ ئەوەی نێوەرۆکی بەڵگەنامەکان بزانن واژۆیان پێدەکەن
لە بنەڕەتدا نابێت کۆچبەران زیاتر لە شەش مانگ لەو کەمپە داخراوانە بمێننەوە، کە کاتی گونجاوە بۆ وەرگرتنی وەڵامێک لە ژێر ڕێککاری یاساکانی وەرگرتنی پەنابەری، ئەگەر هاتوو لەو ماوەدا بڕیار لەسەر داواکارییەکانیان نەدرێت، دەبێت کۆچبەران بگوازرێنەوە بۆ کەمپە ئاسانکاریەکانی دیکەی سەرتاسەری پۆڵەندا، لەوێ چێژ لە ئازادی و گەڕانی ڕۆژ ببینن، بەڵام لەوانەیە رێککارەکان زیاتر بخایەنن، ئەوەش بە پشتبەستن بە کەیسی هەر کۆچبەرێک، هەندێکجار تا دوو ساڵ.
بە گوتەی ئاگنیسکا ماتیگزوک، پارێزەری ئێن جی ئۆ، (SIP) لە لێدوانێکیدا بۆ فرانس ئینفۆ، رایگیاند، کێشەیەکی سەرەکی لە گواستنەوەی زانیاری نێو ئەو کەمپانە هەیە، کە تێیدا گەیشتنی پارێزەران زۆر سنووردارە.
کۆچبەران زۆرجار دۆخی خۆیان نازانن، نازانن داواکاریی پەنابەرییان قبوڵکراوە، یا نا، کەسیش پێیان ناڵێت کە داواکارییەکەیان تۆمار کراوە، پارێزەرەکە گوتووشییەتی: “هەندێکجار کۆمەڵێ بەڵگەنامە بە کۆچبەران دەدرێت تا واژۆیان بکەن، بێ ئەوەی بزانن نێوەرۆکی چییە و ناشتوانن داوای روونکردنەوەیان بکەن”.
بە گوێرەی یاسای پۆڵەندیش، نابێت ڕێگە بە بیانیەکان بدرێت لە ناوەندە داخراوەکاندا بگیردرێن، مەگەر مەترسی ئەوە هەبێت، کە ئەو کەسانە ڕابکەن، بەداخەوە ئەو یاسایە جێبەجێ نەکراوە.
ساڵی پار حەوت هەزار و 700 کەس داوای پەنابەرییان لە پۆڵەندا کردووە، کە ژمارەیەکی زۆریان بریتین لە ئەفغانی و عێراقی و، تێیدا داواکاری 300 عێراقی ڕەتکراوەتەوە.