KDC

پەیامی جڤاتی ئاشتی (بان) بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی (2722)، جڤاتی ئاشتی (بان) پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی یەكە یەكەی هاوڵاتیانی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستانى گەورە و هەموو كورد نەژادێك دەكەن، کە لەهەر شوێنێكی ئەم جیهانەدا دەژین، هەروەها پیرۆزبایی خۆیان لە تەواوی مرۆڤایەتی، بە تایبەتی ئەو گەل و نەتەوە و كۆمەڵگايانەی، كە دۆست و پشت و پەنای گەلی ستەمدیدەی كوردن، دەکەن.

دەقی پەیامەکە:

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
جەژنێكی كۆنی كوردە بە خۆشی و بە هاتەوە

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردی (2722)، ئێمە لە جڤاتی ئاشتی جوانترین و بەهادارترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی یەكە یەكەی هاوڵاتیانی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستانى گەورە و هەموو كوردنەژادێك دەكەین لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانەدا بژین، هەروەها پیرۆزبایی خۆمان لە تەواوی مرۆڤایەتی دەكەین، بە تایبەتی ئەو گەل و نەتەوە و كۆمەڵگايانەی، كە دۆست و پشت و پەنای گەلی ستەمدیدەی كوردن و هەمیشە هەڵوێستی مرۆڤانە و ئاشتیخوازانەیان لە بەرامبەر گەلی كورد و دۆزە ڕەواكەی دەربڕیوە و پشتیوانیان لە بوون و مافەكانمان كردووە و لە دژی ئەو جەور و ستەمكاری و دەمارگیرییە ناسیۆنالیستیەدا وەستاونەتەوە كە لە لایەن دوژمنان و ناحەزانەوە لە دژی ئازادیخوازانی كورد پراكتیزە كراوە.
نەورۆز واتە هەڵاتنی ڕۆژێكی نوێ و كۆنترین جەژنە و لەناو گەلی كورد-دا سەرەتای هاتنى وەرزی بەهار و كۆتايی هاتنی سەرما و سۆڵەی زستانە و جێگایەكی بەرز و پیرۆزی هەیە و هەموو ساڵێك لەو ڕۆژەدا تەواوی گەلی كوردستان بە جلوبەرگی ئاڵ و واڵای كوردییەوە و یادی دەكەنەوە و ڕوو لە دەشت و دەری ڕازاروەی كوردستان دەكەن و بە ئاهەنگ و گۆرانی و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر پێشوازی لەم ڕۆژە پیرۆزە دەكەن و مەشخەڵی ئاگر دەكەنەوە، كە لە دێر زەمانەوە سیمبوڵی سەركەوتن و بەخشینی هیواكانی گەلی كورد بوو و بە جەژنێكی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە مێژووی كورددا دادەنرێت.
نەورۆز و نوێبوونەوە هێمایە بۆ سەركەوتنی هێزی ئاشتی و ژیاندۆستی و پێكەوە ژیان و ڕابوونی خەڵكی خاوەن ماف و ستەملێكراو بەسەر هێزی تاریكی و شەڕخوازی و ستەمكاریدا، سەرەتای هەڵاتنی ڕۆژێكی نوێ و ژیانێكی نوێیە بۆ مرۆڤ و سروشت و نیشانەیەكە بۆ كۆتایی هاتنی نادادپەروەری و كۆنەپەرستی.
ئێمە لە جڤاتی ئاشتی (بان) بڕوامان وایە جەژنی نەورۆز پەیامی ئاشتی و ئاشتەوایی و خۆشەویستیە و لە میللەتی كوردەوە بۆ هەموو جیهانی ئاشتیخواز و ئازادیخواز و چاوگێكە بۆ ژیانەوەی ژیانی نوێ و بیری نوێ، لەبەر ئەوە پێویستە هەموو ساڵێك وەك نەریتێكی زیندوو دوور لە نەتەوەپەرستی و دەمارگیریی بە شێوەیەكی شكۆمەندانە یادی بكرێتەوە، لە دیوێكی تریشەوە نەورۆز میراتێكی دێرین و مێژوویی كوردستانە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە گەلی كورد یەكێكە لە كۆنترین گەلانی دونیا و توانیوەیەتی سەرەڕای هەموو فشارو بەرهەڵستیەكان بە زیندوویی و خۆڕاگری بمێنێتەوە، ئەمەش لە یەك ئامانجی باڵادا یەكدەگرێتەوە ئەویش حەزكردنی كوردە بە سەربەستی، سەربەستی بۆ مرۆڤ و سەربەستی بۆ سروشت و ژیانەوەی بەردەوام لە پێناو ژیانێكی ئارام و خۆشگوزەران بۆ مرۆڤایەتی.
لە كۆتاییدا پێویستە بە بەرزكردنەوەی مەشخەڵی نەورۆز ڕێگا سەختەكانی ژیانمان ڕۆشن بكەینەوە و بە ئامانج و ئاواتەكانی چەندین ساڵەی گەلەكەمان بگەین و ئاشتی و تەبایی و پێكەوە ژیان بەرقەرار بكەین و بە یادی نەورۆ ز و بەهار تۆوی تەبایی نیشتیمانی و ئاسودەیی و بەختەوەری بڕوێنین چونكە كورد گەلێكی ستەملێكراوە و هەڵهاتنی خۆری ئازادی و ژیانی یەكسانی و دادپەروەری دەوێت و نەفرەت لە شەڕ و دووبەرەكی دەكات..
دووبارە و چەند بارە هاتنەوەی جەژنی نەورۆز لە هەموو گەلی كورد و مرۆڤدۆستان و ئاشتیخوازانی جیهان پیرۆز بێت

جڤاتی ئاشتی سلێمانی
سلێمانی – 20/3/2022

___

کۆچکردن بۆ ئەوروپا بەراورد بە ساڵی پار زۆر زیادی کردووە

nusar1

دیداری ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ پەرلەمانتارێکی هەرێمی نیدەرزاخسن (هانۆڤەر)

nusar1

ناڤاس میوانداری دەیان پەنابەری ئۆکرانی دەکات

nusar1
KDC

FREE
VIEW