هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند، کە هێزە ئەمنییەکانی یۆنان، لە رێی بەکرێ گرتنی نەتەوەکانی وڵاتانی سێیەم (پەنابەران) دەگرن، بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن لە دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە یۆنان، ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە گەواهیدانی زیاتر لە 20 کۆچبەر دراوە، هەندێک لە پەنابەرەکان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی یۆنان، هێرشیان کردووەتە سەر کۆچبەران.
ڕاپۆرتە 29 لاپەڕەییەکە، ئاماژەی بە گەواهی کۆچبەران کردووە، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یۆنان هەموو جۆرە پێشێلکارییەکیان بەرانبەر کراوە و، ناچارکراون بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، ڕەنگە ناونیشانە فراوانەکانی ڕاپۆرتەکە نوێ دەرنەکەوێت، بەتایبەتی کە زۆرێک لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانی و دامەزراوەییەکان، (ڕێکخراوە ناحکومییەکان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا باسیان لە پێشێلکارییە زۆرەکانی کۆچبەران کردووە، کە دیپۆرتی زۆرەملێ دەکرێنەوە لە دەریای ئیجە بە بەڵگە و لێدان و پێشێلکاری ئەو کەسانەی، کە توانیویانە سنوورە وشکانییەکان ببەزێنن، جل و بەرگ و دزینی پارە و تەلەفون و دەستبەسەرکردن لە ناوەندەکانی یۆناندا.
ئەوەی جێی سەرنجە سەبارەت بەم ڕاپۆرتە، ئەو زانیارییانەیە کە لەبارەی بەکارهێنانی پەنابەرانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یۆنانەوە، بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی لەم دواییەیانەدا لە تورکیا دەگەنە یۆنان، ئەوان وەک یاریدەدەری پۆلیس کار دەکەن، کە کۆچبەران لە ڕووباری ئیڤرۆس دەستبەسەر دەکەن و، پاشان ڕادەستی پیاوە دەمامکدارەکانیان دەکەن، کە ناچاریان دەکەن بە بەلەمی بچوکەوە بیانبەنە ناوەڕاستی ڕووباری ئیڤرۆس و فڕێیان دەدەن، تا بگەڕێنەوە تورکیا.
شازدە کۆچبەر لە ڕاپۆرتەکەدا گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە کردووە و، دەڵێن کە پیاوان بە زمانی عەرەبی، یا بە زمانێکی باشووری ئاسیا بەلەمیان لێدەخوڕی، کە دەیانگەڕاندنەوە بۆ تورکیا، زۆربەیان جلی ڕەشیان هاوشێوەی جلی سەربازی لەبەر بووە و، دەموچاویان بە دەمامک داپۆشیوە. سێ لە کۆچبەرەکان گوتیان، گفتوگۆیان لەگەڵ شۆفێرانی بەلەمەکە کردووە و، جەختیانکردەوە، کە شۆفێرانی بەلەمەکە پێیان گوتوون، کە ئەوانیش کۆچبەرن و، لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە بەکرێگیراون بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانە، لە بەرانبەر بەڵێن بۆ دابینکردنی بەڵگەنامەی سەفەر بۆیان.
کۆچبەرێکی ئەفغانی (ئەندامی پێشووی سوپای ئەفغانستانی تەمەن 28 ساڵ) گەڕایەوە تورکیا لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمدا، لە گەواهیەکەیدا دووپاتی کردەوە، کە بە زمانی پشتۆ گوتووێژی کردووە لەگەڵ ئەو پیاوە پاکستانیەی بەلەمەکە لێخوڕیوە و، گوتی: “ئێمە بۆ ماوەی سێ مانگ ئەم کارە دەکەین و، دواتر دۆکیومێنتێکمان پێدەدەن، کە ڕێگەمان پێدەدات بە ئازادی لە ناو یۆناندا بجوڵێین و دواتر دەتوانین بچینە وڵاتێکی دیکە”.
ئەفغانێکی دیکەی تەمەن 18 ساڵ، ئەزموونی خۆی دوای ئەوەی پۆلیسی یۆنانی لە بنکەی دەستبەسەرکردنەوە گواستیەوە بۆ ڕووبارەکە باس دەکات: “لە سنوورەکە خەڵکێکی دیکە چاوەڕێی ئێمە بوون، لە زمانی ئەوانەوە توانیمان خۆیان بە پاکستان، یا عەرەب بناسێنین، ئەو پیاوانە پارەکەی ئێمەیان برد و لێیانداین، ئەوان ئێمەیان لە ناوەڕاستی ڕووبارەکە فڕێدا”.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بە گەواهیکە دەکات، کە لەلایەن پەنابەرێکی سوریاوە دیپۆرتی تورکیا کراوە و، تیایدا هاتووە: “دوو ئەفسەری دیکە هەبوون بە بەلەمەکەوە لە تەنیشت ڕووبارەکە، یەکێکیان سوریە و بە عەرەبی قسە دەکات و جلی ڕەشی بێ نیشان لەبەر دەکات، ئەو ئەفسەرە کە بە زمانی عەرەبی و بە زاراوەی سوری قسە دەکات، بە گرووپەکەی گوت:ئەگەر کەسێک بتوانێت بە ئینگلیزی قسە بکات، ئەوا بۆ ماوەی شەش مانگ دەتوانن کاریان بۆ بکەن و، دواتر پەنابەری وەردەگرن”.
بیل فرلیک، بەڕێوەبەری مافی پەنابەری و کۆچبەران لە هیومان ڕایتس وۆچ و، یەکێک لە نووسەرانی ڕاپۆرتەکە، دەڵێت: “هیچ نکۆڵیکردنێک نییە لەوەی کە حکوومەتی یۆنان بەرپرسە لە گەڕانەوەی نایاسایی لە سنوورەکانی خۆیدا و، بەکارهێنانی بەکرێگیراوەکان بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە نایاساییانە”. گوتیشی: “پێویستە کۆمیسیۆنی ئەوروپا بەپەلە ڕێککارە یاساییەکان بکاتەوە و، حکوومەتی یۆنان بەرپرسیار بێت لە پێشێلکردنی یاساکانی یەکێتی ئەوروپا، کە قەدەغەی دەرکردنی بە کۆمەڵ دەکات”.
لە کاتێکدا یۆنان وەک پەنابەری ڕاستەقینە پێشوازی لە ئۆکرانییەکان دەکات، ئەو لە دژی ئەفغانیەکان و ئەوانی دیکە، کە لە شەڕ و توندوتیژی هاوشێوە هەڵهاتوون، بەرپەرچی توند دەداتەوە، ئەو دوفاقییەی یۆنان گاڵتە بە بەها هاوبەشەکانی ئەوروپا دەکەن لەسەر یەکسانی”.
ناتیس میتاراتچی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان، لە سەرەتای مانگی ئازارەوە بە پەرلەمانی ڕاگەیاند، کە ئۆکرانییەکان پەنابەری ڕاستەقینەن.
لیوا دیمیتریۆس مالیوس، سەرۆکی پۆلیسی یۆنان و لقی پاراستنی سنوور، ئەو تۆمەتانەی هیومان ڕایتس وۆچی ڕەتکردەوە و گوتی: “دەزگا پۆلیسیەکان و ستافەکان بەردەوام دەبن لە کارکردن بە شێوەیەکی هەمیشەیی، پیشەیی، یاسایی و خێرا، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگیرێتە بەر بۆ بەڕێوەبردنی کاریگەری لێشاوی پەنابەران و کۆچبەران، بە شێوەیەک کە مافی مرۆڤی بیانی بپارێزێت و، لەلایەکی دیکەوە پارێزگاری لە هاووڵاتیان بکات، بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکاندا”.
جێی باسە، حکوومەتی یۆنان لەمێژە نکۆڵی لە دەستتێوەردانی بە زۆر ناردنەوە، یا دیپۆرتکردنەوە دەکات و، بانگەشەکانیش بە هەواڵی ساختە، یا پڕوپاگەندەی تورک ناودەبات و، بەڵێنی داوە کە سزای تاوانکاری بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنێت کە پڕوپاگەندەی لەو شێوەیە دەکەن