ناوەندی ڕەوندی کوردستانی لە سویسرا, بە راگەیاندراوێک ئیدانەی رەفتاری چەند کەسێک دەکەن, کە هەڵیانکوتابووە سەر نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بێرن سویسرا و دەڵێن, ئەو کارە ناشرینەیان, تەنیا خزمەت بە نەیارانی کوردستان دەکات, هاوکات جەختیش دەکەنەوە, کە حکومەتی هەرێمی کوردستان, سیمبولی گیانفیداکاری پێشمەرگە و فرمێسکی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکانی کوردستانە.
دەقی راگەیەندراوەکە:
ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە سویسرا، سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر نوێنەرایەتی حکومەتی کوردستان لە شاری بێرن دەکات، کە لەلایەن کۆمەڵێك لە گێرەشێوێنانی لایەنگرانی پەکەکە، وەک کارە ناشرینەکانی دیکەیان زیاتر خزمەت بە نەیاران و دوژمنانی کوردستان دەکات.
ڕەوەندی کوردستانی لەسویسرا بە چاوی پڕ هیواوە لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت, کە تاکە نوێنەرایەتیەکی فەرمی گەلی کورستانە و, سیمبولی ئازادی و گیانفیداکاری پێشمەرگە و فرمێسکی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکانی کوردستانە.
پیلان داڕێژەرانی ئەم سیناریۆیانە، هەمیشە داخ لە دڵ و ناحەزانی ئاڵا و ناوی کوردستانن، کە چاویان بە ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان هەڵنایەت.
بۆیە ئێمە وەک نوێنەرایەتی ڕەوەندی کوردستانی، ئەم کارە چەپەڵەی کۆمەڵێک ناحەز و گێرەشێوێن رەتدەکەینەوە و، بە توندی سەرکۆنەی رەفتارە دزێوەکانیان دەکەین و،
پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامودەزگاکان بە ئەرکی خۆمان دەزانین، دواکارین لەو گرووپە تێکدەرانەش بە خۆیانا بچنەوە و، نەبنەهۆی زیاتر ناشرینکردنی کوردستانیان لە دەرەوە.
کوردستان موڵکی هەموومانە و پێویستە لەسەر هەمووشمان پارێزگاری لێبکەین، بواری خەبات و تێکۆشان فراوانە و، کەس ڕێگری لە کەس ناکات، کەسێک ترسنۆک و ناحەز نەبێت، هەمووان دەزانین خەبات لەکوێ دەکرێت و تێکۆشان و بەرخودان جێگای خۆی هەیە.
ڕاگەیاندنی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە سویسرا
26.04.2022