KDC

موسا ئەحمەد: ئومێدمان بە ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی هەیە

ئاشتی گەرمیانی .. هەولێر

دەزگای خێرخوازی بارزانی، وێستگەیەك لە خزمەت و بەهاوارچوون و دەستی هاوکاری و مرۆڤایەتی و کوردایەتییە، کە لەدایكبووی زادەی شۆڕش و بەرخودان و ژیانەوەیەکە بۆ ڕۆح و گیانی باوکی هەمیشە زیندوومان بارزانی نەمر، قارەمانێتی و فەلسەفە و بەهاکانی مرۆڤایەتی و بەرەوپێش چوون و توێژینەوە و، هەڵگری ناسنامەی کوردایەتی لە کوردستان و جیهانی عەرەبی و ئەوروپی، بگرە تا سەرانسەری جیهان لەژێر چەتری دەزگای خێرخوازی بارزانی، پەیامێکە بۆ دۆستایەتی میللەتی کورد و جیهان بەگشتی، وە ئاوڕدانەوە لە مێژوو و خەبات و تێکۆشانی قارەمانەکان، کە لەگەڵ ئایدلۆژیای بارزانی نەمردا، ئەو هەنگاوانەیە کە دەزگای خێرخوازی بارزانی هەنگاوی بۆ ناوە، لەگەڵ ئەوەی کە مینبەر و ئەو چەترەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و، بەهانای لێقەومانان و دەستی هاوکاری ئەو مرۆڤانەی، کە لەژێر هەڕەشەی مردن و ماڵ وێرانیدان.

ئێمە وەک ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، وێڕای سوپاسمان بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی، کە هاوکارمان بوون لەهەموو کاتێکدا، بەتایبەت لە کۆنگرەی یەکەمی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری هەولێر، زۆر بەئەرکەوە ئەوەمان بە باشزانی، کە سەردانێكی موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی بکەین و، لە نزیکەوە گفتوگۆیەکی لەگەڵدا سازبکەین بۆ ماڵپەڕی فەرمی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی.

دەزگای خێرخوازی بارزانی، توانی لە ماوەیەکی کوردتدا سنوورەکان ببڕن و بگەن بە وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ ئەوەی کە لە ناوخۆی کوردستان و عێراق چالاکی و هاوکاری و بەسەرکردنەوەی گرینگیان ئەنجام داوە، ئەو خواستە چەندە بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی کە هەنگاوی گەورەتر بنێت؟

لە وەڵامدا موسا ئەحمەد، ناوی بارزانی وەک ناوێکی گەورە بۆ بیرۆکەی دامەزراندنی ئەو دەزگایەیان لەلایەن مەسرور بارزانی، کە سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانییە پێشکەش کراوە، ئەوەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە ئەو هزری ئەوەبووە کە ئەم دەزگایە، لە ئاست ئەو ناوە گەورە و پیرۆزەدا بێت ، کە ناوی بارزانی نەمرە.

ئەوان پێیانوایە کوردستانیان بەشێوەیەکی گشتی، تەنانەت جیهانی مرۆڤایەتیش قەرزاری ئەو ناوە پیرۆزەن، کە هەموو تەمەنی خۆی بۆ ئازادی و، پێکەوەژیان بۆ ڕزگاری کوردستان و یەکێتی کوردستان بەخت کردووە، هەربۆیە بە پێویستزانراوە، کە دەزگایەکی گەورە لە ئاست ئەو ناوەدا دایبمەزرێنن، تەمەنای ئەوەش دەکەن ڕۆژێك دابێت، کە کوردستانیان پێویستیان بەهاوکاری نەبێت.

هەوڵیش دەدەن، تا بتوانن لەهەموو ئەو شوێنانەی جیهانی مرۆڤایەتی پێویستیان بە خزمەتکردن هەیە، ئەوان لەوێ ئامادەبوونیان هەبێت، بەڵام ئەوەش دووپات دەکاتەوە، کە ئەرکی سەرەکی دەزگاکە خەڵکی کوردستانە، کوردستانیان لەهەر شوێنێکی جیهان بن، وتیشی: “بەڵام وەک ئاماژەشم پێدا، ئەمە خواستی ئێمەیە کە لەپاڵ ئەمەشدا، لە جیهانی مرۆڤایەتی لە شوێنێک پێویستی بە ئێمە بێت، ئامادەبوونمان هەبێت، چونکە بەڕاستی ئەم کارانە دوو لایەنەن کە بوونی تۆ هەبێت، یەکێکیان وەک پیشاندانی هەستی مرۆڤایەتی کوردستانی، کە ئێستا بە سەربەرزییەکی زۆرەوە دەزگای خێرخوازی بارزانی بەشێوەیەکی گشتی نوێنەری کەیسی مرۆیی کوردستان دەکات، ئەوەش بەگوێرەی ئەو چالاکیانەی کە هەمان بووە، بەگوێرەی ئەو ئەکتیڤیتیانەی کە لەو ماوەیەی ئەنجاممان داوە، وە بەگوێرەی بوونمان وەک ئەندام لە ئیکۆسۆد ئەنجومەنی کۆمەڵاتی و ئابووری یوئێن، لەهەمانکاتدا پلاتفۆرمی سفێل، کە پلاتفۆرمێکی تایبەتە بە نەخشەدانان بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکان لە هەموو دونیادا و، لەچەندین پلاتفۆرمی دیکەشدا، دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەندامە”.

بۆ سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، پێیوایە هەموو ئەوانە وا دەکەن، کە وجودی دەزگای خێرخوازی بارزانی لەو شوێنانەدا هەبێت، کە لە ڕووی مرۆییەوە تووشی کارەساتێك دەبن، جا ئەو کارەساتە چ کارەساتێكی سرووشتی بێت، یا کارەساتێکی دەستکردی بێت، یاخوود مرۆڤایەتی بێت، پێویستی بەهاوکاری بێت، ئەوان لەوێ دەبن، لەپاڵ ئەوانەشدا، موسا ئەحمەد بوونی ئەوان لەوێ، بۆ میللەتەکەی خۆماشمان بۆ کوردستانیان، بە لایەنێکی زۆری ئەرێنی ناو دەبات، بەوپێیەی کە ئێمە ئاشنایەتیمان لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر لە ڕێکخراوەکان و کەسایەتیەکان، وە لەگەڵ ئەو ئەنجومەن و پلاتفۆرمانەی کە لە بواری مرۆییدا کار دەکەن، دەرفەتە دروست دەبێت.

نموونەش بەوە دێنێتەوە، کە زۆرجاری وا هەبووە، ئەوان بە پڕۆژەی بچووکەوە بۆ ووڵاتێك رۆشتوون، بەڵام بە پڕۆژەیەکی زۆر گەورەترەوە هاتوونەتەوە کوردستان.

موسا ئەحمەد تەمەنای ئەوە دەکات، کە لە کوردستان هیچ کەسێك پێویستی بە هاوکاری نەبێت، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانن لەهەموو جیهانی مرۆڤایەتیدا، بەدەستێکی پڕتر و کاریگەرتر نوێنەرایەتی کەیسی مرۆیی کوردستان بکەن و، نوێنەرایەتی ئەو ناوە گەورەیە بکەن، کە ناوی بارزانییە.

ئومێدیان بە ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی هەیە

دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە کۆنگرەی یەکەمی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، کە لە شاری هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی بەڕێوەچوو، ئامادەبوونێکی گرینگ و باشیان هەبوو، لەبارەی سوود وەرگرتن لەو ناوەندە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، موسا ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا، کە هەر هەوڵێك دەدرێت بۆ ڕێکخستنی ڕەوەندی کوردستانی لەپێناو یەکێتی نێو ماڵی کورد، خزمەتکردنێك بێت بە مرۆڤی کورد، ئەوەشی بە یەکێ لە ئامانجەکانی خۆیانی زانی و، وتەیەکی بارزانی نەمری هێنایەوە، کە وتوویەتی: “شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری میللەتەکەی خۆی بێت”، بۆیە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوان خۆیان بە خزمەتکاری کوردستانیان دەزانن، چ ئەوانەی ڕۆڵیان هەیە، یا ئەوانەی کە ئامانجیان هەیە.

ئەو جەختی لەوەش کردەوە، کە ڕەوەندی کوردستانی بەلای ئەوانەوە کاریگەریەکی ئێجگار زۆری هەیە و وتی: “ئێمە دەزانین بەداخەوە بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە کوردستانیان لە هەموو پارچەکانی کوردستان تێیدابوون، وای کردوە کە ژمارەیەکی زۆری کورد لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا جێگیر بن و بمێننەوە، بەشێکی زۆری ئەمانە، توانیویانە پێگەیەکی دیاریان لەناو کۆمەڵگاکانی ئەو وڵاتانەدا هەبێت، وە هەر میللەتێکیش شانازی بە ڕەوەندی خۆیەوە دەکات و، ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری هەیە، ڕەنگ بێت بەجۆرێك لە جۆرەکان کەمتەرخەمیەك لە ڕەوەندی کوردی هەبووبێت، بەتایبەتیش لەو هەموو کارەساتانەی کە بەسەر میللەتی ئێمەدا هاتووە، بەتایبەتیش ئەو بارودۆخەی کە هەرێمی کوردستان تێیدایە، لەوانەیە هەموومان تموحی ئەوەمان هەبێت کە ڕۆڵی ڕەوەندی کورد زیاتر بێت، بێگومان هەر ڕۆڵەکە ئەوە نییە کە چاومان لەوە بێت هاوکاریەکی مادی پێشکەش بە هەرێمی کوردستان بکرێت، نەخێر، ئێمە لەڕووی تەکنیکیی، لەڕووی ڕاهێنانەوە، لەڕووی فێربوونەوە چاومان لە ڕەوەندی کوردییە”.

ئەو چاوەڕوانیەشی بۆ ئەوەگەڕاندەوە، کە ئەو کۆمەڵگایانە بە ڕادەیەکی زۆر لە پێش کوردستانەوەن، بەتایبەت لەڕووی ئاستی زانستی و تەکنەلۆژیاوە، زانیاریەکانی سەردەم واتە هەموو ئەوانە، ئەو خەڵکەی ئێمە دەتوانن هاوبەش بن و، دەتوانن هاوکار بن لەگەڵ ئێمە.

موسا ئەحمەد، ئەوەشی خستەڕوو، کە یەکێ لەڕێگا هەرە دیارەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئەوەیە، کە ئەوان پردی گەیاندنی خەڵك بە کوردستانیان بن، بەو کوردستانیانەش کە پێویستیان بەوەیە ئاوڕێکی زیاتریان لێ بدرێتەوە، مەرج نییە ئەو ئاوڕدانەوەیە تەنیا لەڕێگای هاوکارییەوە بێت، بە پێچەوانەوە بەدەست خستنی کورسی خوێندن و کورسی زانستی لەو وڵاتانە بەشدار بن، بەشداریکردنی قوتابیانی کورد لە کۆنفرانسەکان و لە کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان، لەوکارە گەورانەی کە جیهانی مرۆڤایەتی لە ئاستی بەرزدا ئەنجامی دەدەن، وە ڕۆڵێکی زۆر کاریگەریشیان هەیە، هەموو ئەوانە سەبارەت بە دەزگای خێرخوازی بارزانی، وەک ئەرک تەماشا دەکرێن و خاڵی دیارن، بۆیە بە پێویستی دەزانن کە کاری لەسەر بکەن.

هەرچەندە ئەنجامدانی هەموو ئەوانە بەلای موسا ئەحمەدەوە ئەستەم دەبێت، بەڵام هەبوونی ڕەوەندێکی بەهێزی کوردی لەو وڵاتانە بە پردێکی بەهێز بۆ کورد و کوردستان بەوە ناو دەبات، کە ڕێگاکانی ئەوان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی دیکە نزیکتر دەکاتەوە، هەربۆیەشە متمانەیەکی زۆریان بەوە هەیە، کە هەبوونی چوارچێوەیەك بۆ ڕەوەندی کوردی، هاوکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوان، وە ئەوانیش چاویان لەوەیە، کە ئەو کۆنگرەی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بەستیان و، ژمارەیەکی زۆر لە ڕەوەندی کوردی لە کەسایەتیە جۆراوجۆرەکان لە وڵاتەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا بەشدارییان تێدا کرد، بە پشتیوانیەکی بەهێزی دەبینێ بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەسەر ئەوە وتیشی: “چاومان لێیە ئاسانکاریمان بۆ بکەن، تەنانەت بۆ خودی کوردستانیان، ئەوانەی کە کوردن لەوێ، دەکرێت پڕۆژەی هاوبەشی زۆر باش هەبێت، چەندین وڵات لە دونیادا هەن، کە ڕەوەندی ئەو وڵاتانە لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکادا، ئاسانکاری و هاوکاریەکی زۆر دەکەن، ئەمە دوو لایەنەیە، بەڕاستی کە خودی خۆیان بەو ئیشە هەڵسن جگە لەوەی کە ببنە پردێکی نێوان ئەو وڵاتانەی کەلێی دەژین و، لەگەڵ کوردستان خودی خۆیان، دەتوانن ئەو هاوکارییە بکەن، واتە ئێمە دەزانین لە وڵاتانی وەک ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەش هەن، دەتوانین نموونەیان لەسەر بهێنینەوە، کە زۆرجار پارکێك دەبینین، یان ئوتۆمبێلێکی فریاگوزاری دەبینین، بینایەك دەبینین، کە نووسراوە لەسەری، کە ئەمە دیاری ڕەوەندی ئەوانە لە فڵانە وڵات، واتە ئەمە جگە لەوەی هاوکاریەکی وڵاتەکەی خۆت دەکەیت، گرێدانێکی ڕۆحیش دروست لەناو ئەو کوردستانیانەو کوردستانیانی ئێمە دروست دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەوان لەگەڵ هەڤاڵانی خۆیان باسی کاری مرۆیی دەکەن، بۆ ئەوەی کە چۆن جەستەیان پێویستی بە خۆراکی ڕۆژانە هەیە، ئەوا ڕۆحیشیان پێویستی بە خۆراکی ڕۆژانە هەیە، ئەو کارانەی خۆراکی ڕۆحین، رەوەندی کورد لەدەرەوە پێویستیان پێی هەیە و، ئەوانیش لە کوردستان پێویستیان پێی هەیە، بۆیە هەردوولا پێکەوە گرێ دەداتەوە، هەربۆیەشە ئەوان چاویان لێیە لەڕێگای چالاکییەکانی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانییەوە و لە چوارچێوەی چالاکیەکانیان، ئاسانکاری و پشتیوانی زیاتر هەبێت و، بیرکردنەوەی زیاتر هەبێت، کە چۆن بتوانن ئەو کۆمەڵگایەی خۆمان بەدەرەوە ببەستنەوە.

ئەو دڵنیاشە ئەوەی کە لەڕێگای لۆبی و لەڕێگای کارە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوەکان و ئێنجییەکان، وە لەڕێگای هونەرمەندان و لەڕێگای وەرزشوانانەوە دەکرێت، زۆر بە ئەستەمتر لەڕێگای سیاسییەکانەوە دەکرێت، بەتایبەتیش ئەو پەیوەندیانەی کە لەگەڵ کۆمەڵگاکان دەبێت.

موسا ئەحمەد وێڕای خواستی سەرکەوتنی ناوەندی ڕەوەندی کوردساتنی لە کارەکانیان، لەهەمان کاتیشدا ئامادەیی خۆیانی دەربڕی، بۆ هەر ئاسانکاریەک بۆ هەر کەسایەتییەکی کورد، بکەن، کە بیانەوێت خزمەتی وڵاتی خۆی بکات، ئەوان هاوکاری لۆجستی بۆ دابین دەکەن، گەر لێرە هەرشوێنێکی کوردستانی بوێت پەیامەکەی خۆی و، زانیاریەکانی خۆی، هەتا ئەگەر ئیمکانیەتی مادی خۆیشی بێت بیگەیەنێت، ئەوان هاوکاری دەبن.

کارە خێرخوازییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

وەک موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژەی پێدا، هەموو ڕێگایەك دەگرنە بەر، بۆ ئەوەی بگەنە هاووڵاتیانی کورد، هەرچەندە نایانەوێت مرۆڤەکان لەیەکتری جیا بکەنەوە، بەوپێیەی مرۆڤ بەلای ئەوانەوە، لەهەر شوێنێکی جیهان بن و، پێویستیان بە هاوکاری بێت، ئەوان بە خزمەتگوزاری خزمەتی دەکەن، بەڵام دەزانن خۆیان کە لەناو واقیعێکدان، کە کوردستانیان کارەساتی گەورەیان بینیوە، موسیبەتی گەورەیان بەسەر هاتووە، بۆیەشە ئامانجی سەرەکییان کوردستانیانە، کوردستانیان لەهەر شوێنێکی جیهاندا بن، بەتایبەتیش کە هەرکەسێك لە ئەوان بە جۆرێك لە جۆرەکان، ئاوارەیی و دەربەدەری و ژیانی چەرمەسەری بینیوە، ئەوەی کە هەیە، چەند دڵخۆش بووە بەوەی کە لەناو کەمپێکدا بوون، یا لەژێر خێمەیەکدا بوون و کەسێك هاتبێت بە زمانی کوردی گفتوگۆمان لەگەڵ بکات، بۆیەشە بەڕاستی پەرەسەندن و گەورە بوونی دەزگای خێرخوازی بارزانی، زۆر بە پێویست دەزانن، کە گرینگە ئەم دەزگایە لەو ئاستەدا بێت، کە کوردستانیان لەهەر شوێنێکی دونیادا بن و، ڕووبەڕووی کارەسات ببنەوە “تەمەنای دەکەین کە نەبێت”، ئەوان لە خزمەتیاندا بن.

ئەوەشی باسکرد، کە بەتایبەت دەزگاکە بەناوی بارزانی نەمرەوەیە، هەموو هەوڵێکیان داوە، وە بێگومان کوردستانیان لەهەر شوێنێك بن، چ لە خانەقین، یا کەرکووك، یان زومار و شەنگال و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا، ئەوەی لە توانایاندا بووبێت، بە شانازی دەزانن کە هەمیشە یەکەم کەس بووین بە خزمەتیان گەیشتوون.

گەیاندنی هاوکاری بۆ وڵاتانی دیکە

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئاماژەی بەوەدا، کە دەستی هاوکارییان بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق درێژ کردووە، وە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی دیکەش کاریان کردووە، وەک یەمەن و بەنگلادیش و لوبنان و سودان، ئوسترالیا، ئۆکرانیا، وتیشی: “ئەو بارودۆخەی بەداخەوە کە ئێستا لە ئۆکرانیا دروستبووە، لەو وڵاتانەش ئیشمان کردووە، بەڵام وەک ئاماژەمان پێدا، ئەرکی سەرەکی ئێمە کوردستانیان و خەڵکی کوردستانە، ئینشااللە ئەوەی لە توانامان بێت لە خزمەتیاندا دەبین”.

پلانەکانی داهاتوو

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، باس لەوە دەکات، کە پلانیان هەیە، لە زۆر بوار کاربکەن و، خزمەتگوزاری تێدا پێشکەش بکەن، وە میلەتێکیش بەو فراوانیەیەی کە هەیەتی، ئەو بەداخەوە دەشڵێ، لە چ ڕوویەکەوە گفتوگۆ بکا، لڕووی مێژووییەوە، ئەو دەرفەتەی نەبووە کە خزمەتی خۆیان بکەن، خزمەتی زمانی خۆیان بکەن و کەڵچەری خۆیان بکەن، بۆشایی زۆری هەیە کە دەتوانن لە داهاتوودا ئەگەر بەشێک لەو کێشە گەورانە کە لێرە هەن، وەک بوونی ئەو هەموو ئاوارە و پەنابەرانەیە، کە هێشتاش ٣٥ کەمپیان لەکوردستان هەیە، وەک ئاماژەی پێدا، هێشاش نزیکەی یەك ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و، لە کۆمەڵێک ناوچەدا شەڕ و ناکۆکی و نا ئارامی هەیە.

ئەوەشی وت، ئەوان لە پلانیاندایە کە ڕۆڵێکی دیارتر لە بواری پەروەردە و گەشەپێدان لە بواری کەلتووری و زانستی و ڕەخساندنی ئەو دەرفەتانەی خوێندن و پەرەپێدانی بواری خوێندن و فێربوون لەبواری گەیاندنی پەیامی پیرۆزی بارزانی نەمر بگێڕن، کە ئەوان هەمیشە وتوویانە، کە ئەمە نەك قسەی ئەوانە، بەڵکو قسەی ئەو خەڵکەیە کە لەو بوارانەدا پسپۆڕیان هەیە، لێکۆڵینەوەی زانستیان کردووە، لیکۆڵینەوەی مەیدانیان کردووە، کە چەندە ئەو ناوچەیە پێویستی بە هزری بارزانییە، بەتایبەتی لەڕووی پێکەوەژیان و ڕێزگرتن و بنەماکانی پێکەوەژیان و دیموکراسی و رێزگرتن لە کەمایەتیەکان، هەموو ئەمانە وەک ئەرکێکی ئەوان دەیانەوێت، لەپاڵ ئەوانەشدا دەیانەوێت هزری بارزانی بگەیەنن، بەتایبەتی فەلسەفەی بارزانی بگەیەنن، بەتایبەتیش دەزانن کە گەنجەکان لەو ڕووەوە چەندە پێویستیان بە هۆشیارکردنەوە هەیە، پێویستیان بە گەیاندنی ئەو پەیامە هەیە پێیان و، دڵنیاشن بە جێگیرکردنی ئەو بنەمایانەی کە لە رەوشتی و فکر و تێکۆشانی بارزانیدا هەیە، ببنە بنەمایەک بۆ کۆمەڵگای ئێمە و بۆ ئاستی ژیانیان و گوزەرانیان و، تەنانەت پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتنی زیاتر لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا، بۆیە هەر ئەوەش کاری ئەوانە بۆ ئایندە، وە چۆن بتوانن ئەو هزرەیان بەشێوازێکی سەردەمیانە بۆ گەنجەکان بگوازنەوە.

___

ڕوونکردنەوە….

nusar1

هەولێر: نوێنەری کۆنفدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بەشداری مەراسیمی بە خاکسپاردنی یەدوڵا کەریم فەیلی کرد

nusar1

یۆنان کەشتییەکی نەوت هەڵگری ڕوسیای ڕاگرتووە

nusar1
KDC

FREE
VIEW