ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەند
تاراوگەو ژیانی غوربەتی ڕۆژ بە ڕۆژ تاڵە قژەکان و تەمەن و هەناسەکانمانی کورت ترو سپی ترو کاڵ تر کردەوە ، ڕێك ٥٧ ساڵ پێش ئێستا هونەرمەندێکی جوانی دڵ بەسۆزو دەنگ لەرەی نێو شاری کەرکوك (( نەریمان سەمەد گۆڕان )) لە گەڕەکی ڕەحیم ئاواوە وە چاوی هەڵهێناوە و ڕووی لەو ژیانە کرد کە من و چەندین هاوڕێی ئەو سەردەمەمی تێدا پەروەردە کردوە و ڕووی بەرەو هەنگاوەکان ناوە تاوەکو بگەن بەو وێنە هەتاوەی کەلە سەر بڵندی کوردستانەوە چاومان لێ دەگرت .




ماوەی ساڵێکە بیرم لەوە دەکردەوە کە چۆن وە لە چ پرسیارێکەوە بتوانم ئاوڕێك و گفتووگۆیەك یان سەرەنجێك لە سەر خەرمانە پڕو چڕەکەی هاوڕێ ی تەمەنی یەك شارو یەك بیرو هزری هونەری و کەلتووریم نەریمان گۆڕان بدەمەوە ، بەڵام تەمەن وەکو با دەڕوات و گوێمان لە زرینگەی دەنگە بەسۆزەکەی دەلەرێتەوە لەهەموو کات و تەنیاییەکاندا ، بەتایبەت ئەو کاتەی کە هەزران کیلۆمەتر دوورین لە خاك و نیشتیمان .




وەکو بیبلۆگرافیایەكی هونەری و چالاکییەکانی هونەرمەند نەریمان باسی بۆم کرد کە : سەرەتا لە ساڵی ١٩٧٠ کان هێشتا شەڕ دروست نەبوبو لە قوتابخانەی ڕەحیم ئاوای شاری کەرکوك سروودم دەخوێندەوە ( سروودی ئاڵای میللەت ، میللەت کە هاتە مەیدانی ژیان .. بەرز ئەکاتەوە ئاڵا ) ، دواتر لە قۆناغی پێنجەمی سەرەتایی بەشداریم لە ئاهەنگەکانی قوتابخانە دەکرد بۆ یادی نەورۆز، دواتر لە قۆناغەکانی ئامادەیی سەرقاڵی یاری وەرزش بووم ، بەڵام لە پێنچی ئامادەیی یەوە خۆم فێری ئامێری گیتار ژەنن کرد و دەستم کرد بە گۆرانی ووتن لە ئاهەنگەکاندا ، لە ساڵی ١٩٨٤ تاوەکو ١٩٨٩ چوومە زانکۆی تەکنەلۆجی لەبەغدا بەشی ئەندازیاری کانزاکانم تەواو کردووە ، لەو کاتەشدا ئامێری میوزیکی گیتارم دەژەن ، لە ساڵی ١٩٨٧ تاوەکو ١٩٨٩ بەشداری ئاهەنگەکانی نەورۆزمان دەکرد لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم وەکو هونەرمەند دیاری قەرەداغی کە گۆرانیم دەووت ، لەساڵی ١٩٨٩ کە زانکۆم تەواو کرد لەبەغدا کاسێتێکم بڵاو کردەوە بەناوی تیپی بێلان ، یەکێك لەو گۆرانیانە کە جێم دێڵی تاڕادەیەك ناوبانگێکی باشی دەرکرد لە نێو شاری کەرکوك ، لەساڵی ١٩٩٠ کاسێتی دووەممان دەرکرد بەناوی تیپی بێلان ، بەهۆی شەڕی عێراق و کوێتەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ هیچ چالاکییەکمان ئەنجام نەدا ، بەڵام لەساڵی ١٩٩٢ وە جارێکی تر دەستم کردەوە بە گۆرانی ووتن بەتایبەتی لە ئاهەنگەکاندا ، ئەو کاتە وابوو لە نێو ئاهەنگە تایبەتیەکاندا گۆرانی و نمایشی هونەری دەکرا ، بەتایبەتی زۆر تیپی مۆسیقاو هونەری هەبوون




، لەو کاتانەدا مەقامەکانم دەگوتەوە وەکو مەقامی گۆمەشین و مەقامەکانی هونەرمەندان ناسری ڕەزازی و محمد جەزا مان دەگوتەوە لەگەڵ مەقامەکانی ترو بەستەش ، تاوەکو ساڵانی ١٩٩٤ بەردەوام بوین ، دواتر ڕوم لەهەندەران کرد ، کە هاتمە هۆڵەندا و لە ساڵی ١٩٩٧ بە تەواوی نیشتە جێ بووم ، تیپێکم دروست کرد بە ناوی تیپی گەرمیان ، تیپەکە بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ و ژن هێنان و نەورۆزو بۆنەکان بوو ، تیپەکە ماوە بەڵام من بیرکردنەوەم بە شێوەیەکی تر بوو ، لەساڵی ٢٠٠٠ وازم لە تیپەکە هێنا ، دواتر لەگەڵ تیپێکی باکووردا کارم دەکرد کە ناوی کۆما سترانا دیجلە بوو ، چەند گۆرانیەکمان لە سیدییەکدا تۆمار کرد ، لەو سیدییەدا من سێ گۆرانی سۆرانیم تێدا ووتەوە ئەوانیش حەوت گۆرانی کرمانجیان تێدا تۆمار کرد ، دواتر لە شالی ٢٠٠١ سیدییەکم تۆمار کرد بەناوی (( لە درزی خەونەوە )) خۆی لە ١٠ تراك دەگرتەوە زۆربەی گۆرانییەکان شیعرو ئاوازەکەی خۆم بوون ، داڕشتنی مۆسیقاکەش هەر لێرە کاك نیهاد جەمشید بۆمی کردووە لەگەڵ کاك حەمە جاف ، چونکە بەڕاستی ئەوان زۆر یارمەتیان دام ، ئەوان هەر لە کەرکوکەوە دەیانناسم ، حەمە جاف عازفی ئۆرگەو کاك نیهاد جەمشید عازفی بێز و درامە و ستیودیویەکیان هەیە و برای یەکن و پێکەوە کار دەکەن ،




هەروەها چەند گۆرانیەك لەلایەن براکەمەوە سۆران داودی نوسراوەتەوەو مۆسیقای بۆ دانراوە ، بێجگە لەوەی کە چەند شیعرێکی مامۆستا فەرەیدون عەبدول بەرزنجیشم کردۆتە گۆرانی ، لەدوای ئەوە ئاهەنگمان ساز دەکرد لەگەڵ مونیری برام کە عازفی گیتارو عودە ، تاوەکو ئەم کاتە پێکەوە بەردەوامین لە ئاهەنگەکاندا نمایشی کارە هونەریەکانی خۆمان دەکەین بەتایبەتی ئاهەنگە هۆڵەندییەکان ، زۆر جار بە تیپێکی گەورە یان بە تیپێکی بچووك ، لەساڵی ٢٠٠٦ بەناوی تیپی بێلانەوە بەشداریمان کرد لە ڤیستیڤاڵی مۆندیالی شاری ئوترخێت کە ٢٥ تیپ هاتبوون ، ئێمە پلەی یەکەمان وەرگرت




، عازف پیانۆ و بێز و گیتارو عود لەو چالاکیەدا بەشێکمان کورد بوین دوو عازفی فارسیشمان لەگەڵدا بوو کە تۆزێك کوردییان دەزانی بەشدار بوون بە تارو دەف ، دواتر من ستیودیویەکم بۆ خۆم دانا لە ماڵەوە و چەند گۆرانیەکم تۆمارد ، تاوەکو ئێستاش بەردەوامم لە نێو ستیودیوکەمدا بە گۆرانی و پرۆڤە هونەریەکانم ، لەپاڵ ئەو کارە هونەریانەوە لە ساڵانی ١٩٩٩ بەدواوە وەکو ئەندازیارێك لە هۆڵندا کارم کردوە ، پاشان لە شاری ئەمستردام زانکۆم تەواو کرد بەشی مەدەنی ، بەردەوام بووم لە کار کردن تاوەکو ساڵی ٢٠١٧ بە هۆی کلیەکانمەوە تووشی نەخۆشی بووم ، وازم لەکارەکەم هێنا بە هۆی ئەو نەخۆشی یەوە ، دوای عەمەلیات کردم ئێستا باری تەندروستیم باشترە وە هەوڵم داوە چەند گۆرانی یەك پێشکەش بکەم ، جار بەجار هەندێك گۆرانی بۆ خۆم دادەبەزێزنم لە پەیجی خۆم ، وە لە یوتوب چەند گۆرانیەکم هەیە.




کاتێك گوێ گری دەنگ و ئاوازی بەرهەمەکانی هونەرمەند نەریمان دەبیت ئیدی مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ باوەشی دایك و نیشتیمان و بیرەوەریەکانی ڕابردوو کە چۆن تێیدا گوزەرمان کردو زۆر بە توندی بە سەر خاك نیشتیماندا بازمان داو هەموو ئازارەکان و بیرەوەری یە شیرینەکانمان بە شێوەیەکی تەماوی بەجێ هێشتن و تا ئەمڕۆش وەکو ئاوازو دەنگە زوڵاڵەکەی نەریمان بەنێو هزرو تونێلی مێشکماندا تێ دەپەڕن و پەی بۆ توخم و ڕاستیەکانی خۆیان دەکەن ، ئێستا لەم غوربەتەوە بە تیڕوانینەکانمان ئاوڕی خەم پەژارەی بۆ دەدەینەوە .. داهێنان و تازەگەری ئەو کاتانەن کە مرۆڤ دەیەوێت خۆشەویستی یەکانی خۆی جێگە گیر بکات لە نێو تێکست و شیعرو جوڵەی پەنجەکان کە هەریەکەیان تێگەیشتن و مەغزایەکی هەیە




، لەکۆتادا لە کەنارەکانی دەریای باکوورو شەقامەکانی ئەمستردام و ئوترێخت .. نەریمان هاوڕێ و پەپولەیی .. تەنها لەوە نەوەستاوە کە میوزیك و ئاواز ئازار شکێن بن ، بەڵکو هونەری شێوەکاریش بەشێکی ژیانی لەم ساڵانەی دوایدا داگیر کردوە .. بە کەنفاس و فرچە ڕەنگاڵەکەیەوە دەیەوێت
خۆشەویستی دەموو چاوە پۆرترێتەکان بە شێوەیەکی ئەکادیمی
جێگە گیر بکات لە نێو کاروانی ژیانی هونەریدا ، خۆشەویستی و بەهرەو تواناکانی هونەرمەند زۆر گەوروترو درێژ تر و بەهاترن ، ئەو کاتێك گۆڕانی بۆ نیشتیمان دەگووت ئەو کاتەش گریانی بۆ شارە خۆڵەمێشێکە .. کەرکوك .. دەهات ، بەتایبەتی تەپەو ڕەحیم ئاواو ئەڵماس و گاوورباغی و ئازادی و شۆرجەو قەڵای کەرکوك .. کێ ئەو تەمەنەمان بۆ دەگێڕینێتەوە .. کێمان باجی ئەو ڕۆژانە بدەین .. چاوەڕوانی فرمێسکی کونسێرتێکی بێ دەنگی وەتەرەکانی دڵ و دەروونی دەنگ و ڕەنگی نەریمان م لەو غوربەتەی کە هەموومانی کاڵ کردۆتەوە .
Nariman Goranفیس بووك
https://www.youtube.com/watch?v=14yRETAOOx
https://www.youtube.com/watch?v=wFxE-FVMjK4
https://www.facebook.com/nariman.goran/videos/3135499306498319