دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، موقتهدا سهدر، رێبهری رهوتی سهدر رایگەیاند، جەخت لەسەر حكوومهتی زۆرینهی نیشتیمانی، کە نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی بێت دەکاتەوە.
موقتهدا سهدر دوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە نەجەف، لەهەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خواستی پێکهێنانی حکوومەتێکی زۆرینهی نیشتیمانیی هەیە، کە نە رۆژهەڵاتی بێت نە رۆژئاوایی.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بەرەیەکی ناڕازی بوو لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کە لەیەکەمین هەفتەی دوای هەڵبژاردنەکان خۆی وەک بەرەیەکی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان راگەیاند.
دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش لە لایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، داهاتووی ئەو هاوپەیمانییە لە نێوان مانەوە و درووستکردنی فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمانیدا یەکلایی نەبووەتەوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوای حکوومەتی سازانی نیشتیمانی دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، لایەنەکان دەستیانکردووە بە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت، شیعەکان کە زۆرینەن و پێکهێنانی حکوومەتیان دەکەوێتە ئەستۆ، لە نێو خۆیاندا لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ ناکۆکن، بەجۆرێک رەوتی سەدر کە براوەی هەڵبژاردنەکانە، حکوومەتی زۆرینە و چوارچێوەی هەماهەنگیش حکوومەتی سازان بۆ قۆناغی داهاتوو بەپێویست دەزانن