KDC

بزانە لە ماوەی ساڵی 2021 چەند تاوان بەمبەر کوردانی ڕۆژهەڵات کراوە


لە کۆتایی ساڵی 2021ی زایینی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕاپۆرتی ئاماری خۆی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی هاووڵاتیانی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاو دەکاتەوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی 2021ی زایینی، لانیکەم 44 هاووڵاتی کورد لەسێدارە دراون و، زیاتر لە 500 هاووڵاتی دەستبەسەر کراون، کە 103 کەسیان سزای سێدارە دراون، لەو ماوەیەدا 215 کۆڵبەر و کاسبکار و هەروەها 30 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون و، 43 هاووڵاتیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی، 18 بەندکراویش لە بەندیخانەکان گیانیان لە دەست داوە.  هەروەها 80 کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە و، 460 کرێکاریش لە سەر کارەکانی خۆیان دەرکراون

سێدارە:
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی 2021ی زایینی، لانیکەم سزای سێدارەی 44 هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و ئێران جێبەجێ کراوە، لەو ماوەیەدا سزای سێدارەی حەیدەر قوربانی بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێ کراوە، لەو ژمارەیە 27 کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و 16 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە سڕکەرەکان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.
لە ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی تۆمەتبارێک کە لە تەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان ببوو و، هەروەها سزای سێدارەی ژنێک جێبەجێ کراوە

کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارن
لە ماوەی ساڵی 2021 دا لانیکەم 215 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون، کە 52 کەسیان کوژراون و 163 کەسیان بریندار بوون.
زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای سنە بوونەتە قوربانی کە 109 حاڵەت بووە.
هەروەها لە کۆی ئەو حاڵەتانە، 140 کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران، تورکیا و عێراق بوونەتە قوربانی و، باقی حاڵەتەکان بە هۆی ڕووداوی سرووشتی و تەقینەوەی مین بووە. لەو 140 حاڵەتە، 134 حاڵەتی بە تەقەی هێزەکانی ئێران بووە.
ساڵی 2021 لانیکەم 4 منداڵی ژێر 18 ساڵ، لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لە دەست داوە و 2 کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون

کوشتاری هاووڵاتیانی مەدەنی
ساڵی 2021، لانیکەم 30 هاووڵاتی مەدەنی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی، کە 13 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و 17 کەسیان بریندار کراون.
لە کۆی ئەو 30 کەسە 4 کەسیان ئافرەت بوون، کە یەکێکیان منداڵێکی 4 ساڵان بووە.
 
تەقینەوەی مین
لە ماوەی ئەو ساڵەدا لانیکەم 43 هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عێراق بوونەتە قوربانی.
لەو ڕێژەیە 15 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و زیاترین قوربانییەکان کۆڵبەران و کاسبکاران و جووتیارانی کورد بوون

دۆخی بەندیخانەکان
لانیکەم 18 بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە، کە 10 کەسیان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە و 4 کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون.
هەروەها، 5 بەندکراو بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لە دەست داوە و بەندکراوێک خۆی کوشتووە و هۆکاری گیان لە دەست دانی بەندکراوێک نەزانراوە.
 
دەستبەسەر کرانی نایاسایی و سەرەڕۆیانە
لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە 600 هاووڵاتی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون
هەتا ئێستا ناسنامەی 567 کەس لە دەستبەسەر کراوەکان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە، کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون.
هەروەها، لەو ژمارەیە 37 کەسیان ئافرەتن و 18 کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر 18 ساڵ بووه. زۆربەی دەستبەسەر کراوان خەڵکی پارێزگای ئورمیە بوون کە 287 حاڵەت بووە.

سەپاندنی سزا
103 چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.
بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، 102 هاووڵاتی سەرجەم سزای 352 ساڵ و 6 مانگ و لێدانی 540 قامچییان بەسەردا سەپێندراوە و چالاکێکی سیاسیش سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە.
 
مافی کرێکاران
80 کرێکار لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە هۆی ڕووداوی کار و شوێنی کار گیانیان لە دەست داوە و، 460 کرێکاریش بە هۆی نەبوونی ئاسایشی کار لە سەر کارەکانیان دەرکراون

___

بەپەلە: شفابارزانی لە ئەمەریکا لەگەڵ ڕەوەندی کەلدانی کۆبوەوە

nusar1

ژنانی ئۆکرانی لە سوید بۆ کاری لەشفرۆشی بەکاردەهێندرێن

nusar1

ناوەندی بازل مامۆستا شێرزاد حەسەن بەسەردەکاتەوە

nusar1
KDC

FREE
VIEW