KDC

٤٩یەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی هونەرمەند حەسەن زیرەک

٤٩ ساڵ لەمەوبەر و لە ٢٦ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٢ حەسەن زیرەک هونەرمەندی ناودار و گەرووزێڕینی کورد، لە تەمەنی ٥١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە داوێنێ کێوی ناڵەشکێنەی بۆکان بە خاک سپێردرا.
حەسەن زیرەک ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ زایینی (٥ی پووشپەڕی ١٣٠٠ی هەتاوی) لە بۆکان لەدایک بووە، کەسێکی بلیمەت و یەکێک لە بەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد بووە.
حەسەن زیرەک لە مەڵبەندی موکریان لەدایک بووە. شوێنی لەدایکبوونی زۆر ڕوون نییە، بە گوێرەی قسەی خەڵکی شاری بۆکانە و زیرەک لە گەڕەکی قەڵای سەرداری ئەم شارە لەدایک بووە و زۆر کەسیش لەوانەی کە لە نزیکەوە دەیناسن، گوندی «ھەرمێلە» کە لە نێوان شاری سەقز و بۆکان ھەڵکەوتووە، بە شوێنی لەدایکبوونی دەزانن.
باوکی ناوی عەبدوڵڵایە و دایکی ئامینی ناو بووە. باوکی لەلای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە کاری کردووە، لەبەر لێھاتوویی بە زیرەک ناوی دەرکردووە. باوکی جگە لە حەسەن دوو کوڕی دیکەی بە ناوەکانی حوسێن و مینە ھەبووە. لە تەمەنی ژێر دە ساڵیدا لەگەڵ چەند کەس لە دەنگخۆشانی بۆکان لە شایییەکانی ناو شار و گوندەکانی بۆکان گۆرانی وتووەتەوە. لە حەوت و ھەشت ساڵیدا بەردەستی مسگەری و قاوەچییەتی دەکات، ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەکانی بۆکانی کردووە. زیرەک منداڵ دەبێ و لە تەمەنی ١١ ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات. دوای مردنی باوکی بنەماڵەکەیان لە دێ بار دەکات و دەچنە شاری سەقز. پاشان دایکی زیرەک شوو دەکاتەوە و ئەمە دەبێتە ھۆی دژواری زیاتر لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ زیرەک و خوشک و براکانی. لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا دەگەڕێتەوە ھەرمێلە و لەلای خانان ئاغای ئەو دێیە بە کارکەر دادەمەزرێتەوە و بۆ درێژەی ژیانی دەست دەکات بە قاوەچییەتی و چاوساخی و لە ژیانیدا زۆر چەرمەسەرێ و ئاوارەیی ناخۆشیی بینیوە.
ژیانی هونەری:
لە ماوەی ژیانی ھونەریدا زیرەک دەربەدەریی زۆری چێشتووە، ماوەیەک لە شارەکانی ئێران و ماوەیەک لە عێراقدا ژیاوە و لە ڕۆژانی دەستپێکی ژیانی لە باشووری کوردستان لە شاری سلێمانی کاری کردووە و بۆ ماوەیەک لە ڕادیۆ بەغدا لەگەڵ هونەرمەند عەلی مەردان و چەند هونەرمدنی دیکەی کورد کار دەکات و کاتێک لە ساڵی ١٩٥٦ بەشی کوردی ڕادیۆ تاران دەستبەکار دەبێت، حەسەن زیرەک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ تاران دەگەڕێتەوە و لەوێ درێژە بە کاری هونەری دەدات. زۆربەی بەرھەماکانی حەسەن زیرەک لە ڕادیۆکانی بەغدا، تاران و کرماشان تۆمار کراون و لە تاران لەگەڵ گەورە هونەرمەندانی ئێرانی وەک: حسەین یاحەقی، حەسەن کەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەک و ئەحمەد عیبادی بووە.
حەسەن زیرەک ئەگەرچی لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لە خوێندن بێبەش مابوو، بەڵام توانای بێوێنەی لە ھۆنینی شیعری کوردی و دانانی مۆسیقای کوردیدا ھەبوو. ئەو توانایە لەگەڵ دەنگی بێوێنەی بووە ھۆی ئەوەی کە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک لە سەرانسەری کوردستان ببێتە خۆشەویستی جەماوەری خەڵک. حەسەن زیرەک کاتێک لە تاران بووە، لەگەڵ وێژەری بەشی کوردی ڕادیۆ تاران، خاتوون «میدیا زەندی» یەکیان ناسیوە و دوای ماوەیەک ژیانی ھاوسەرییان پێکھێناوە. بەرھەمی ئەو ژیانە دوو کچ بە ناوەکانی «ئارەزوو» و «مەھتاب»، کە زیرەک چەند گۆرانییەکی بە کچەکانیدا هەڵگوتووە.
حسەن زیرەک لە ژیانیدا نە لە ئێران و نە لە عێراق ڕووی خۆشیی نەدیوە. ھەڵسوکەوتی حکوومەتی ئەکاوتی ئێران کێشەی زۆری بۆ دروست کرد. بۆ نموونە دوای ماوەیەک ئیتر ڕێگەیان نەدا لە ڕادیۆ تاران کار بکات. ئەوە دڵی ناسکی زیرەکی ڕەنجاند و بڕیاریدا چی تر نەگەڕێتەوە تاران. باری کرد بۆ عێراق، بەڵام لە بەغدا دەستبەسەر کرا و لە بەندیخانە ئەشکەنجە درا. خۆی دەیگێڕێتەوە کە لە بنمیچ ھەڵواسراوە و لێی دراوە. بۆیە دوای ڕزگاربوونی ڕەوانەی ئێران دەبێتەوە، بەڵام بۆ چارەڕەشی لە ئێرانیش ساواک دەیگرێ و ئەشکەنجەی زۆری دەکەن، زیرەک لە شوێنێک چۆنیەتیی ئەشکەنجەکان دەگێڕێتەوە و ئەو گێڕانەوە وەک یادگاری ماوەتەوە لێی. حەسەن زیرەک لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٦٤ لە ڕادیۆ کرماشان کاری کردووە. لەو ماوەدا لەگەڵ گەورەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە وەک موجتەبا میرزادە، محەممەد عەبدولسەمدی، ئەکبەر ئیزەدی و بەھمەن پوولەکی کاری کردووە و ئەو ھاوکارییە بووە ھۆی خولقاندنی بەرھەمی بەنرخ و ناوازە کە وەک شاکارەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە یادگار ماون.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، پشتبەستنی ئەوە بە گۆرانیی فۆلکلۆر. ئەو چاوی بە زۆر ناوچە و مەڵبەندی کوردستان کەوتووە، لێیان ماوەتەوە، لای خەڵکەکەی میوان بووە و ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بووە و لەگەڵ شێوەی ژیانیان و جلوبەرگ و ھەڵسوکەوتیان ئاشنا بووە. ئەو گۆرانییانەی لە خەڵکەوە بیستوویەتی، فێری بووە. ھەرچەند زیرەک زۆر گۆرانیشی ھەیە کە ھەم ھەڵبەستەکەی و ھەم ئاھەنگەکەی ھی خۆیەتی. زیرەک لە شیعری کوردیش کەڵکی وەرگرتووە. بۆ وێنە شاعیرانی وەک: نالی، وەفایی، سەید کامیل ئیمامی، کوردی، ھەردی، پیرەمێرد و ھێمن. زیرەک بۆ وێنە شیعری «شەو»ی سەید کامیل ئیمامی کردووە بە گۆرانی.
 حەسەن زیرەک، جیا لە کوردی گۆرانیی فارسی و ئازەریی ھەیە، لەو جۆرە گۆرانییانەدا زیرەک ھەڵبەستی کوردی تێکەڵاو کردوون. «گویلدر» یەکێکە لەو گۆرانییانە کە بە زمانی ئازەری گوتوویەتی.
بەشێک لەگۆرانییەکانی:
دیسان شەو ھات، وەک قومری، لۆرکێ، کەتانە، ھەی نار، کابوکێ، لەیلا، کرماشان شاری شیرین، ئەمان دۆکتۆر، بۆ چ منت ناوێ، ھۆ لەیلی، ماڵی بابم نەسرین، کەویار و ئەسمەر.
ساڵی ١٣٥١ی ھەتاوی (١٩٧٢ی زایینی) نەخۆشییەک کە لمێژ بوو حەسەن زیرەکی ئازار دەدا، لێی توند دەکات، چەند جار لە نەخۆشخانەکانی ورمێ، تەورێز و بۆکان خەواندیان، بەڵام نەخۆشییەکەی کە شێرپەنجە بوو، دەستبەرداری نەبوو، لێرەشدا حەسەن زیرەک وازی لە گۆرانی گوتن نەھێناوە:
لە پڕدا پیریم لێ وەدەرکەوت            بەختیش وەکوو خۆم ھات و لێی خەوت
فتیلەی عومرم ھاتووەتە کزی             ھەر بینا ئەویش لە سووتان کەوت
ئەسپی تەبیعەت ھەروا خۆش ڕۆیە              بەبێ ئاوزەنگی لە ڕەوت نەکەوت
سەرەنجام نەخۆشی شێرپەنجەی جەرگ ھێرشی بۆ دێنێت و دوای ماوەیەکی زۆر لە جێگادا کەوتن لە ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ١٣٥١ی هەتاوی (٢٦ی٦ی١٩٧١ی زایینی) لە نەخۆشخانەی شاری بۆکان ماڵاوایی لە زێد و نیشتمانەکەی دەکات و لەسەر وەسیەتی خۆی لە داوێنی کێوی ناڵەشکێنە، کە دەڕوانێتە بۆکان ئەسپەردەی دایکی نیشتمان دەکرێت.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین پەرتووکی جۆراوجۆر لەبارەی ژیان و بەرهەم و هونەری حەسەن زیرەکەوە نووسراون کە چەند کتێبێکیان بریتین لە:
چریکەی کوردستان ژیان و ھونەری، گەوھەرێ، حەسەن زیرەک و ھێندێ لە بەرسەرھاتەکانی، ساواک بۆ حەسەن زیرەکی کوشت؟

___

فیلم فێستیڤاڵی پەنابەران لە فینلەند

KDC

فەیسەڵ عوسمان شێوەکاری کورد لە وێستگەی بیرەوەریەکانمانەوە

KDC

شێوەکاری کورد ئەحمەد فایەق لە قوڵایی ئەزموونە هونەریەکاندا

KDC
KDC

FREE
VIEW