ڕێنمایەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ھەموارکردنەوەی پێدانی ڤیزای ئەلکترۆنی لە ھەرێمی کوردستان ، مەبەست لە ھەموارکردنەوەی ئەم یاسایە ئاسانکاریە بۆ زیاد کردنی دەستی کارو ھاتنی بیانیە بۆ ھەرێمی کوردستان .
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیێنراوی ژمارە 31ی ساڵی 2021 تایبەت بە”هەموارکردنی یەکەمی رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2021 تایبەت بەپێدانی ڤیزەی ئەلیکترۆنی و نشینگەی هەرێم بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە 6 ی ساڵی 2009 بڕیاری لە بارەوە دراوە :
ماددەی 1 :
زیادکردنی خاڵی 4 لە بڕگەی سێیەم لەماددەی چوارەم بەم شێوەیەی خوارەوە:
هەڵگری بەڵگەنامەی تراڤڵ دیکیۆمێنتی ئەو وڵاتانەی کە لەبڕگەی 1ی سەرەوە ئاماژەی پێدراوە پێویست بە ڤیزەی پێشوەختە ناکات و لە دەروازەی سنووری ڤیزەی هاتنە ژوورەوە وەردەگرن بەرامبەر ئەو بڕە رسوماتانەی، کە ئەم رێنماییە دیاریکردووە.
ماددەی 2 :
هەموارکردنەوەی بڕگەی چوارەم لەماددەی پێنجەم و بڕگەی سێیەم لە ماددەی شەشەم بەمشێوەیەی خوارەوە:
هەڵگری بەڵگەنامەی تراڤڵ دیکیۆمێنت نشینگەی پێدەدرێت بۆ ماوەی شەش مانگ بەرامبەر پێدانی 50٪ لە رسوماتی گۆڕینی ڤیزەی سەردان بۆ نشینگە بۆ ماەی یەک ساڵ و هەر رسوماتێکی دیکە کە لەم رێنماییە دیاریکراوە.
ماددەی 3 :
زیادکردنی بڕگەی چوارەم بۆ ماددەی شەشەم بەمشێوەیەی خوارەوە:
کەسی بیانی دەتوانێت داوای گۆڕینی ئەم سپۆنسەرە بکات کە لەڤیزەی ئەلیکترۆنی داواکراوە دوای هاتنە ژوورەوەی بەمەبەستی دەرهێنانی کارتی نشینگە بەمەرجێک بڕی 500 هەزار دینار وەک رسوماتی گۆڕینی سپۆنسەر بدات سەرەڕای رسوماتەکانی دیکە کە پێویستە بیدات.
ماددەی 4:
زیادکردنی بڕگەی نۆیەم بۆ ماددەی یانزەیەم بەم شێوەیەی خوارەوە:
کەسی بیانی دەتوانێت دوای هاتنەژوورەوەی بۆ نێو هەرێمی کوردستان و پێش وەرگرتنی نشینگە لەماوەی بەرکاربوونی ڤیزەکەی داوای گۆڕینی شوێنی پێدانی نشینگە لە بەڕێوەبەرایەتییەکی نشینگە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکەی نشینگە بکات پاش پێدانی بڕی 250 هەزار دینار وەک رسوماتی ئەو خزمەتگوزارییە.
ھاوڵاتی وڵاتانی کیشوەری ئەفریقیا و عەرەبی و ئاسیا، ئەوانەی لەرێگەی ڤیزەوە پێشتر کۆمپانیا یان سپۆنسەرێک داوای هاتنیان بۆ مەبەستێکی پێویست لە هەرێمی کوردستان کراوە ، ناوی دەچێتە سیستەمێک و مافی گەشتکرنیان دەبێت پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی .
هاوڵاتی وڵاتانی ئەوروپا، بەشێکی ئاسیا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئێران و تورکیا ، پێویستیان بە ڤیزەی پێشوەختە نییە .