جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، دامەزراندنی یەکەیەکی حیسابی لە وەزارەتی پێشمەرگە تەواو بووە و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی لەسەر بدرێت.
لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بڕیار دراوە یەکەیەکی حیسابی دامەزرێت و ھەموو ھێزی پێشمەرگە لەوێ مووچەی خۆیان وەربگرن، ئەمەش لەپێناو ئەوەی کە پێشمەرگە تەنھا یەک یەکەی حیسابیی ھەبێت و ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکرێت و تەواویش بووە.”
لیوا قارەمان شێخ کەمال گوتیشی: “ئەو یەکەی حیسابییە کارەکانی تەواو بووە و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ ئەوەی ئەوانیش ڕەزامەندیی لەسەر بدەن و دواتر بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە لە ھەموو سێکتەرەکاندا چاکسازی بکات، یەکێک لەوانە دامەزراندنی یەکەیەکی حیسابییە بۆ وەزارەتی پێشمەرکە کە ئێستا ئەو یەکەیە دامەزراوە.