حەسەن نازم، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەلوتکەدایە و لەباشترین دۆخدایە و رێگرییەکانی نەناردنی پشکی هەرێم تەنیا تەکنیکین و پەیوەستن بە وەزارەتی داراییەوە.
ئەمڕۆ هەینی حەسەن نازم رایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەلوتکەدایە دڵخۆشین بەمە چونکە دانوستانەکان پاش چەند مانگێک بوونەهۆی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 بەبوونی کوردەوە.
وتیشی: رێگرییەکان تەنیا لەلایەنی تەکنیکیدان ئەگینا رێککەوتوین پشکی هەرێم بنێرین، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا بابەتی تەکنیکیە و پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە بۆ ناردنی ئەم پارەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، “هەرێم و موچەخۆرانی هەرێم عێراقین و ئەمە لەئەنجومەنی وەزیران چەسپاوە و ئەوان هاونیشتیمانی عێراقین، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین”.