KDC

ئەزموون و تێڕوانین لە ژیانی شێوەکاری کورد ئەحمەد کاکە سوور


ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەند ..
لە ساڵی ١٩٨٥ پێش ٣٦ ساڵ لە شاری کەرکووك شەقامی کۆماری لەگەڵ هونەرمەندانی هاوڕێم سەدرەدین و نورەدین کاکەیی مامۆستا ی هونەرمەندم ئەحمەد کاکە سوورم ناسی وە کەوتینە گفتۆی هونەری شێوەکاری جیهانی و کوردی ، هەر ئەوکاتیش زانیم کە مامۆستا نزیکی ماڵی ئێمە کە من لە ئازادی وئەو لە ئیسکان بوو ، لە ڕووی دەرەوەی ماڵەکەیان دوو پایەی کۆنکریتی کە وێنەو نەخشی هونەری لەسەر بوو ڕوەو شەقامی سەرەکی ، هەر کات لەوێ وە سەر بکەوتنایە بەرەو ماڵ ئیدی ئەو پایەو کارە هونەریەمان دەبینی و سەرسوڕمانمان هەبوو بۆی ، لەساڵی ١٩٨٦ کاتێك پرۆژەی پێشانگای دووەمی هونەرمەندانی شاری کەرکووکمان ئامادە دەکرد لەگەڵ هونەرمەندان محمد ساڵەیی وە سەلاح حەمە ئەمین و فەلاح شوان و چەند هونەرمەندێکی تر ، مامۆستا ئەحمەد کاکە سوور یەکێك بوو لەو هونەرمەندانەی کە بەشداری کرد وە دوو سێ کاری نایابی نمایش کرد ، بێگومان مامۆستا و بەرپرسی یەکەی کارە دەستییەکان بوو لەکەرکووك ، لەدوای پێشانگاکەوە پەیوەندییەکی دۆستایەتی و هونەریمان دورست کرد کە مامۆستا شارەزایەکی تەواوی هەبوو لەکاری دەستی و هەڵکۆڵێن لەسەر زینك و گراف و مس و کەرەستەکانی تر کارێکی بێ وێنەیی بوو ، بەتایبەتی پۆرترێت و سروشتی کەلەپووری بە شێوازێك خەڵکانێکی زۆر سەرسامی ئەو ڕێبازو تەکنیکە بوون ، لەساڵی ١٩٧١ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدای تەواو کردوە بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی ، وە بەشداری هەموو پێشانگاکانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کردووە بەو کارە هونەریانەی کەلەسەر بنەمای ئەکادیمی و ڕێبازی ڕیالیستی ڕیالیزمی وورد بوونەوەی بۆ کردووە وە کاری تێدا کردووە و دەستی بۆ هەموو لایەکی ئەو هونەرە بردوە ، ساڵانی ١٩٧١ کە بە سەدەیەکی زێڕینی هونەرو کەلتوور دادەنرێت چەندین مامۆستاو هونەرمەندی ناسراو لەبەغدا ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە دروست کردنی ئەو بناغەیە وە کردنەوەی پێشانگاکان و فیلتەری بەرهەمی باش هۆیەکی سەرەکی بووە لە ڕابردوودا کە هونەرمەندی باش وسەرکەوتوو دروست ببن و ڕۆڵێ گەورەیان هەبووە بۆ بەرەو پێش خستنی هونەری هاوچەرخی عێراقی ، لێرەدا مامۆستا ئەحمـەد کاکە سوور لەو نێوەندە هونەریەدا بووە ، وە لەنێو ئەو وەرچەرخانە هونەریەدا بووە کە ئاستی خۆی و هونەرەکەی بگاتە ئەو ئاستەی کەلە ئاستێکی بەرزدا دیدەی لێ دەکرێت وە پەیوەندیەکی گرنگی هەبووە لەگەڵ هونەرمەندانی کوردو عێراقی ، هەر لەساڵی ١٩٧١ یەکەم پێشانگای تایبەتی خۆی لە کەرکووك کردۆتەوە ، وە لە کەش و دەووروبەرێکی کەلتووری، کەلتووری بەمانای ئەوەی کە شاری کەرکووك ناسراوە بە پاشماوە و مێژوویەکی دێرینی ژیان لەو شارە وە دەست و پەنجەی وەستاکانی ئەو سەردەمە لە دروست کردنی خانوو وە دیوارو پەنجەرەو قەیسەریەکان و زۆر شێوەی هونەری ئارابسکی لە دیوارو دەرگادا وە مزگەوتەکان و حەوشەو باڵەخانە تایبەتییەکان و بوونی پیاوە ئایینی یەکان لەسەر قەڵا یان لە کۆڵان و بازاڕەکاندا ، پردی پەڕینەوەی شاری کەرکووك یان قشڵەی کەرکووك ، لەگەڵ ئەوەی کاری دەستی کەلەپووری جێگای سەرەنجێکی دیارە ، ئەمانە دەوورو بەرێکی زیندوو بوون بۆ مامۆستا ئەحمە کاکە سوور کە فۆرمەلەی کارە هونەریەکانی رێك بخاتەوە وە زیندوویان بکاتەوە .
کارە هونەریەکانی هونەرمەند هەر لە سەرەتاوە وورد بینی یەکی جوانی تێدا بەدی دەکرێت بە هەڵبژاردەی بابەتەکە وە سروشتەکە ، ئەو فۆرمەلەیەی هونەرمەند هەڵی دەبژێرێت بێجگە لە خوێندنەوەی مێژوویەکەی وە گرنگی جێگاکە ، دەستی بۆ دەبات و وێنەی دەکێشێت ، دواتر هەر ئەوە دەمێنێتەوە بۆ مێژووی کەلتووری ئەو پاشماوە دێرینە کە مێژوویەکی هەیە ، وە دەست بردن بۆ کارە خۆماڵی یەکان وە کەسایەتی یەکان لەو سەردەمەدا ، کە جووت قاوە یان خان خورما یان ئەحمەد ئاغا یان حەسیرەکە و جنگڵاوە و ڕەشید ئاوا یان ڕەحیم ئاوا و جێگاکانی تر ئەمان پڕو چڕن لە کەلەپووری کوردەواری یان کەرکووکی .. ئەم هەڵبژاردانەش گرنگی تایبەتی خۆی هەیە وە مانەوەیان وەکو مێژوویەك بەدیکومێنتی هونەری یە وە ، لەپاڵ ئەمانەدا مامۆستا ئەحمەد کاکە سوور لە زۆر کاری هونەریدا کاری دەربڕین خوازی خستۆتە ڕوو وەکو تەواو کەری کارەکانی تر لە بەشە مرۆڤایەتی و کەسایەتی و کۆمەڵایەتییەکان ئەو ئازارو مەینەتی و ژیانداری مرۆڤەکانی لەنێو کەڤاڵەکانیدا خستۆتە ڕوو بە شێوەیەکی ئەکادیمی ئەگەر هێڵکاری بێت یان بە کەرەستەکانی تری ڕۆنی و ئاوی.داڕماندنی ماڵە کوردیەکان وە ئاوارە بوون و بزر بوونی مرۆڤەکان ، ئەو تابلۆیانەن کە مامۆستا دەربڕینی تێدا کردوە بە قەڵەمی ڕەش و چینی و ڕەنگەکان .
ئەگەر دیدەیەك لە کارە ئاوی یەکان بگرین ئەوا مامۆستا ئەحمەد کاکە سوور زۆر بە ئەزموونێکی چڕو پڕدا گوزەری کردوە کە کێشانی ئەو سروشت و ئاسمان و زەوی و درەختەکان وتاکەکان بەو چینە باگراونە ڕەنگە کاڵەکان وە دەرپەڕینی فۆرمەلەی کارە هونەریەکە یان چاو کز کردن وە دۆزینەوەی ڕەنگە بناغەیەکان بە شێوەیەکی ئەکادیمی و ڕێالیستی ڕیالیزمی کە ناسراوە لە مێژووی هونەری شێوەکاریدا ، ئەگەر لەسەرەتادا کارەکانی هونەرمەند دەبینیت لە تۆنی ڕەنگدا تۆخ و بەرچاو بووە ، بەڵام دواتر کاڵ بۆتەوە بە شێوەیەك کاریگەری زۆر دروست کردوە ، ئایا جێگاو ژیانداری مرۆڤ کاریگەری لەسەر ڕەنگەکان دەبێت ؟ ئایا سروشت کاریگەری لە مرۆڤ دەبێت و گێڕاوەی بۆ سەر کەڤاڵەکانی ؟ بێگومان ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، یان لە سروشتی کوردستان جۆرە ڕەنگ دانەوەیەکی تایبەتی خۆی یە ، چ لە کەش و هەوا وە چ لە جل و بەرگ و کەرەستەکان ، لە جیهانی دەوڵەتی ئەسکەندەناڤی کە مامۆستا ئەحمە کاکە سوور ساڵانێکی درێژە لەوێ نیشتەجێ یە وە ساردی کەش وهەواو سروشتەکە ئەو کاریگەری یە سروشتی و هونەری یەی هەیە کە ڕەنگ دانەوەی دیدەیی دەبینرێت ، گۆڕینی ڕەنگەکان وە هەڵبژاردەش کاریگەری خۆی هەیە !
ڕەش و سپی لە سروشدا یان نەگەتیفی وێنەکان و ڕەنگ دانەوەی لە تۆڕی چاوی مرۆڤدا ، ئەمادە دیدەیەکن کە مرۆڤ هەڵوێستەی تێدا دەکات و دەیەوێت لە ڕوانگەیەکەوە نیگای لێ بکات ، ئەو کارە مێژوویانەی کە کۆنن و بەسەرچوون و وێران وخاپوور کراون ، یان ئەو یادەوەریانەی کە مرۆڤ ڕۆژانێك پێیدا تێ پەڕیوە وە ئێستا لە هزرو بیروەریدا وێنەیان دەکێشێت ئەوەش ئەو وێنە ڕەش وسپی یەیە کە دەتەوێت بیانکێشیت و بە گرنگی یەوە لێیان وورد بیتەوە ، بەڵام هەنگاو بەرەو سروشتی ڕەنگاو ڕەنگ وێنەیەکی تری ژیانە کە مرۆڤ تێیدا دەژیت وە دەیبینێت وە بە ڕیالیستی لە تۆڕی چاوەوە بەرجەستەیی تێدا دەکرێت ، ئەو تابلۆیانەی مامۆستا کاتێکك بە سروشتی خۆی لە دەوورو بەردا دیدەیان دەکات و دەیگوازێتەوە بۆ نێو کەڤاڵەکان ئەو هەستەیە کە هەموو تاکێك چاوی لێ دەکات ، بەڵام ئاکارو داهێنانی وە ئەفراندن لەوەدایە کە ناسکترو جوانترو فێنکی ڕەنگەکان وامان لێ دەکات مرۆڤ هەڵوێستەی زیاتر بێت بەرانبەر بەو سروشتە ، بەتایبەتی لە سروشتێکی نهێنی و چاوەڕوان نەکراودا .
بێجگە لەوەی مامۆستا ئەحـمەد کاکە سوور بەبەردەوامی مێژووی هونەری شێوەکاری خۆی هەنگاوو کاری هونەری ئەنجام داوە ، لەپاڵ ئەوەدا مامۆستایەکی ئەکادیمی و پەروەردەیی بووە ، هەروەك چۆن لە شاری کەرکووك وانەی هونەری و وورك شۆپ و کاری دەستەیی ئەنجام داوە لە ووڵاتی سوئیدیش لە شاری ( هاودیکس ڤاڵ ) هەمان هەنگاوی بۆ منداڵەکانی ئەو ووڵاتە فەراهەم کردوە وە دەیەوێت هونەر درێژەی هەبێت لە چاوانی منداڵانەوە .
هونەرمەندێکی شێوەکاری پێشەوای شاری کەرکووك بەهەموو قۆناغەکانی یەوە تۆماری ئەو خەون و بیرەوەری و قوتابخانە هونەری یە دەکات کە ئەزموونێکی چڕو پڕی تۆمار کردوە لەماوەی ئەو ٥٤ ساڵەو زیاتریش و بەردەوام بوونی واتای درێژە دانە بەهونەرو مرۆڤایەتی لەم سەردەمەی ئێستادا .
ئەحمەد کاکە سوور :
١٩٤٧ لە شاری کەرکووك لەدایك بووە .
١٩٧١ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدای تەواو کردووە.
١٩٧١ یەکەم پێشانگای شێوەکاری لە هۆڵی یەکێتی لاوانی کوردستان لە کەرکووك کردۆتەوە.
١٩٧٢ دووەم پێشانگای لە هەڵەبجەی شەهید کردۆتەوە.
١٩٧٣ سێ یەم پێشانگای لە هۆڵی ماڵی ڕشنبیری و جەماوەری لە شاری کەرکووك کردۆتەوە .
١٩٨٨ چوارەم پێشانگای شێوەکاری لە ماڵی ڕۆشنبیری و جەماوەری کردۆتەوە.
٢٠٠٣ پێنجەم پێشانگای تایبەتی لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی سوئید کردۆتەوە.
٢٠٠٥ شەشەم پێشانگای تایبەتی لە هۆڵی ئاکین لە سوئید کردۆتەوە.
١٩٨٦ بەشداری دووەم پێشانگای هونەرمەندانی کەرکووکی کردوە لە هۆڵی هونەری نوێ . کەرکووك .
بەشداری لە پێشانگای هونەرمەندانی کەرکووك کردوە لە هۆڵی یەکێتی هونەرمەندانی کەرکووك .
هاوبەشی لە چەندین پێشانگای گشتی کردووە لە کوردستان و ئەوروپا .

___

٣٣ ڕۆژی میحرابی شێوەکاری کورد .. بەهایدین

KDC

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-نەمسا پرسە بۆ عەلی قازی دادەنێن

KDC

سوید: لەسەر پێشێلکردنی دیموکراسی هاوکاری رێکخراو و کۆمەڵە ئیسلامیەکان دەبڕێت

KDC
KDC

FREE
VIEW