دکتۆر نوورەدین خۆشناو، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر پرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی چواردەور و، کەنداو و ئەورووپا و هاوپەیمانان، هاوکات لە ڕووی بازرگانییشەوە دەڵێت، هەرێمی کوردستان وەک قەوارە، لەوانەیە لەو شوێنە دەگمەنانەی دونیا بێت کە ئەو هەموو پەیوەندیانەی هەیە.
لەمەڕ سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دکتۆر نوورەدین خۆشناو دەڵێت: ئەو پێشوازییەی لە بەریتانیا لە مەسرور بارزانی کرا، هەمان ئاستی پێشوازی و پرۆتۆکۆل بوو کە بۆ سەرۆکی وڵاتان دەکرێت، ئەوەش ناشارێتەوە، کە هاوپەیمانان لە گۆڕانکاریی نەرمدا لە عێراق سەرکەوتوو نین، هاوکات لەسەر سەرچاوە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت نەوت، دواتریش غازی سروشتی و کاریگەریی لە ڕاکێشانی سەرنجی وڵاتان بۆ هەرێم، بەبڕوای ئەو، کاریگەرییەکی زۆری ئابووریی دەبێت و، بەڕوونی لە پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو و ئەورووپییەکان لەگەڵ هەرێم دەبینرێت، بەتایبەت جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و سەردانەکانی بۆ دوبەی، تورکیا و لەندەن و بەشداریکردنی له داڤۆسیش نیشانەی ڕاکێشانی سەرنجن.
هەرێمی کوردستان وەک قەوارە، لەو شوێنە دەگمەنانەی دونیایە کە ئەو هەموو پەیوەندییانەی هەیە
سەبارەت بە ڕێکخستنی پهیوهندییه نێودهوڵهتییهکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دکتۆر نوورەدین خۆشناو، کە ماستەری لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دکتۆرای لە بواری ئابووری و کارگێڕی هەیە، دەڵێت: بنەمای پەیوەندیی نێونەتەوەیی لەسەر بەرژەوەندی پێک دێت، ئەڵبەت ئەم بەرژەوەندییە دەبێت دوولایەنە بێت. تێڕۆانینی پەیوەندیی وڵاتان وهاوپەیمانان و هەرێمی کوردستانیش لەمە بەدەر نییە و ناشبێت لەمە بەدەر بێت.
ئەوەش دەخاتە ڕوو کە هەلومەرجی جیاوازیش هەن و، جاری وا هەیە ئەم پەیوەندییە لەسەر گریمانە خێراکان دروست دەبن، بۆ ئەوەش نموونەی بە شەڕی داعش هێنایەوە، کە تێیدا یارمەتی بۆ هێزی پێشمەرگە دابین کرا و پەیوەندیی دیکەیشی بە گریمانە کاتخۆرەکان بەستەوە.
دکتۆر نوورەدین ئاماژە بەوەش دەدا کە بەگشتی پەیوەندیی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوە دامەزراوە، ئەگەر چاو لێ بکەی، پەیوەندییەکان بەگشتی لەم بازنەدا دەخولێنەوە و، ئەمەش لە بنەڕەتدا لانی کەم لە دیدی کوردەوە نادادییەکی ئاشکرایە. هەر لەبەر ئەوەی کورد قەوارەیەکی سەربەخۆی وەک دەوڵەت نییە، وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری مامەڵەی لەگەڵ ناکرێ. نموونەی ئەو نادادیەشی بە شەڕی داعش هێنایەوە، کە لەگەڵ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر ئەرزی واقیع ڕووبەڕووی داعش ببوەوە و، ڕۆڵی سەرەکیی لە تێکشکاندنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەدا هەبوو، کەچی زۆربەی هاوکارییە ئابووری و چەکدارییەکان لەڕێگای بەغدا و دەوڵەتی لاوازی عێراقەوە بە کوردستان دەگەیشت.
ئەوەش دەڵێت کە ڕەنگە هەرێمی کوردستان وەک قەوارە، لەو شوێنە دەگمەنانەی دونیا بێت کە ئەو هەموو پەیوەندییانەی هەیە و، ئەوەشی بە بەرهەمی خەباتی پێشمەرگەی کوردستان ناو برد.
ئەو پێشوازییەی لە بەریتانیا لە مەسرور بارزانی کرا، هەمان ئاستی پێشوازی و پرۆتۆکۆل بوو کە بۆ سەرۆکی وڵاتان دەکرێت
دکتۆر نوورەدین ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای ئەوەی کە بەشێک لە هێزە ئیقلیمییەکان ئەیانهەوێت پێگەی هەرێمی کوردستان لە قاڵب نێن، بەڵام هەرێمی کوردستان بەخۆشییەوە پەیوەندیی لەگەڵ هاوپەیمانان و ڕۆژئاواییەکان و، تەنانەت بەشێکی زۆریش لە وڵاتانی کەنداو باشە. هاوکات پەیوەندیی پتەوی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا و ئێستاش بەریتانیا، کە ئەندامانی هەمیشەییی ئەنجومەنی ئاسایشن، بەلای ئەوەوە، بۆ بەهێزیی پڕۆژە سیاسی و ستراتیژییەکانی کوردستان بۆ داهاتووی ناوچەکە دەگەڕێتەوە.
ئەو جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندییەکانی هەرێم لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و، بوونی ئەو هەموو کونسوڵخانە و کرانەوەیە و نوێنەرایەتیی زۆرتری وڵاتان، خۆی لە خۆیدا بە نیشانەی بەهێزبوونی پەیوەندییەکان دەزانێت و لە هەمان کاتدا سەردانی ئەو دواییانەی بەرێز مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا و، ئەو پێشوازییە گەرمەی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەوە لێی کرا، بە سەرکەوتن و وەرچەرخانێکی گەورە دەزانێت.
بەریتانیا لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، لە کۆی گۆڕانکاری و پرسە سیاسییەکانی ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی، ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە، بۆیە بەلای دکتۆر نوورەدینەوە، پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ لەندەن، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەهێزبوونی پێگەی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا دەبێت.
ئەوەش دەخاتە ڕوو کە ئەگەر چاوێک لە ئاستی پێشوازیکردن و جۆری پرۆتۆکۆل و، پلانی سەردان و دیدارەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و، دەنگدانەوەی لە میدیای فەرمیی ئەم وڵاتەدا بکەین، لە ئاستی ئەو پێشوازی و پرۆتۆکۆلە بوو کە بۆ سەرۆکی وڵاتان پیادە دەکرێت، هەربۆیەشە پێی وایە، هەرێمی کوردستان خاونی جێگە و پێگەی تایبەت و گرینگە بو هاوپەیمانان و ڕۆژئاوایییەکان.
دیدارەکانی داڤۆس گرینگیی زۆریان هەیە
”وەک دەزانین كۆڕبهندی داڤۆس زیاتر پهیوهسته به بواری ئاسایش و ئابووری، بهڵام لەبیرمان نەچێت زۆر ڕێككهوتنی سیاسی لهم كۆڕبهندهدا دەکرێت، بهشداریكردنی بەڕێز سهرۆكی حكوومهت لهم كۆڕبهندهدا و دیدار و كۆبوونهوهكانی لهگهڵ بهرپرسانی باڵای جیهان، له پهراوێزی ئهو چالاكییه جیهانییهدا بهشێكه له وهبهرهێنان له بوارهكانی دیپلۆماسی، ئابووری و وزه.” دکتۆر نوورەدین وای گوت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە بههۆی شهڕی ئۆكراینا و ڕووسیاوە جیهان لهبهردهم گۆڕانكاریی گهورهدایه و ههرێمی كوردستانیش لهڕووی وزهوه، خاوهن ژێرخانێكی دهوڵهمهنده، ههرێمی كوردستان دەتوانێت ببێته بهشێك له جێگرهوه بۆ پڕكردنهوهی ئهو كورتهێنانهی له بازاڕهكانی وزهی ئهورووپادا بهو هۆیهوه هاتووهته ئاراوه، بهتایبهت لهڕووی غازهوه.
لەسەر یەک بەشداریی شاندەکانی کوردستان لەو کۆڕ و کۆبوونەوە جیهانییانەدا زۆر باش و بەسوود دەبینێت، چونکە دەرفتێکە کە دۆست و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە نزیکەوە و، لە زمانی خۆمانەوە قسەوباسەکان ببیستن. هاوکات کۆی باسەکان و ئەو دیدارانەی لە هەموو بوارەکاندا دەکرێن، بەتایبەتی بواری ئاسایش، بە گرینگ و بایەخدار بۆ هەرێمی بەپێویست دەزانێت.
هاوپەیمانان لە گۆڕانکاریی نەرمدا سەرکەوتوو نین
گۆڕانکاریی نەرم و گۆڕانکاریی بەهێز، وەک بینیمان لە ساڵی ٢٠٠٣ بەهێز گۆڕانکاری لە عێراقدا کرا، ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێ و هاوپەیمانان بەنەرمی دەیانەوێت گۆڕانکاری لەمەشدا بکەن، بە بۆچوونی دکتۆر نوورەدین، لە گۆڕانکاریی نەرمدا، تا ئێستا زۆر سەرکەوتوو نین، بەو پێیەی دەستتێوەردانی هەندێ دەوڵەتی ئیقلیمی لە کاروباری نێوخۆیی عێراق و، هێرشی مووشەک و درۆنی بەردەوامی میلیشیاکان بۆ سەر هەولێر و نەهاویشتنی هەنگاوی کردەیی ئەوان، جگە لە ئیدانەکردن، سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە.
سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان سەرنجی وڵاتانی ڕاکێشاوە
سەرچاوە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت نەوت، دواتریش غازی سروشتی و کاریگەریی لە ڕاکێشانی سەرنجی وڵاتان بۆ هەرێم، بە بڕوای دکتۆر نوورەدین، کاریگەرییەکی زۆری ئابووریی دەبێت و، بەڕوونی لە پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو و ئەوروپییەکان لەگەڵ هەرێم دەبینرێت، بەتایبەت جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و سەردانەکانی بۆ دوبەی، تورکیا و لەندەن و بەشداریکردنی له داڤۆسیش.
بەڵام سەبارەت بە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی نێوخۆی عێراق، بەداخەوه، دەڵێ تا ڕاددەیەک کاریگەرییان نییە و، نموونەی بەردەوامی هێرشە درۆنی و موشەکییەکان بە نموونە دێنێتەوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە زۆر لایەن چاویان به هەرێمی کوردستان هەڵنایەت، هاوکات دامەزراندنی حکوومەتی نوێی عێراقیش بەرانبەر هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە ناو دەبات.
سیاسەتی دروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنەرانی ڕاکێشاون
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ماوەیەک بەر لە ئێستا ڕایگەیاند کە بۆ ئەمساڵ بە بەهای 274 ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە پڕۆژەی جۆراوجۆر دراوە، بۆ ئەوەش دکتۆر نوورەدین بۆ سەقامگیریی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی دەگێڕێتەوە، کە وەبەرهێنەران لەوە دڵنیان کە دەستمایەکانیان بەفیڕۆ ناچێ و، ئەمەشی بۆ پێشکەوتنی پتری کوردستان گێڕایەوە، کە سەرمایەدارانی نێوخۆیی و ناوچەیی ڕووی تێ دەکەن.
ئەو ڕووەکەی دیکەی بابەتەکەی بۆ سیاسەت و بەرنامەی دروستی حکوومەتی کوردستان دەگێڕێتەوە کە کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران دەکات و، ئەوانیش لەگەڵ خۆیان ئاوەدانی و پێشکەوتن و بووژانەوە دێنن. هاوکات بە دەرفەتێکیش بۆ بووژانەوەی بازاڕ و، هاتنە ئارای هەلی کاری پتر و گەشەکردنی کەرتی تایبەتیش ناوی دەبات و گرینگیدان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، پیشەسازیی خۆراک، گەشتوگوزار، دەبێته بەرزکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆ و لە هەمان کاتدا دەشبێتە کەمکردنەوەی بێکاری.
غازی سروشتی و کەڵکوەرگرتن لێی
ههرێمی كوردستان به غازی سروشتی دهوڵهمهنده و، ههموو ههنگاوهكانی ههرێم بۆ ئهوهیه، بچێته بازاڕی جیهانی و، پێگەی خۆی له فرۆشتنی غاز بۆ ئەورووپا دروست بکات، دکتۆر نوورەدین، کە دکتۆرای لە بازرگانی و بەڕێوەبردندا هەیە، پێی وایە، پرسی غازی سروشتیی کوردستان، بەگشتی پرسێکی ئەرێنییە و، دەتوانێ کوردستان باشتر بکاتە هاوبەشێکی کاریگەری نێودەوڵەتی، بەتایبەت پاش هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، یەکێتیی ئەورووپا بەنیازە بەستراوەیی وەزە بە ڕووسیا بۆ نزمترین ئاست دابەزێنێ، بۆ ئەوەش گومانی تێیدا نییە دەبێ بۆ ئەورووپا جێگرەوەی هەبێ، هەربۆیە کوردستان وێڕای وڵاتانی وەک ئیمارات، قەتەر و ئیسرائیل، دەتوانن لەو بوارەدا دەورێکی باڵا بگێڕن.
ئەو بەپێویستی دەزانێت کە کورد لەم دەرفەتە مێژوویییە کەڵک وەربگرن و، دەبێ یەکڕیز و تەبا بن و پێکەوە کار بکەن و دڵنیایی بدەنە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و هاوبەشە جیهانییەکان کە ئاستەنگی جددیی نێوخۆیی لەم بوارەدا ساز نابێ، هاوکات دەبێ هەولێر میکانیزمێکی گونجاو لە چوارچێوەی دەستووردا لەگەڵ بەغدا بۆ ئەم بابەتە ببینێتەوە و، هاوبەشە جیهانییەکانیش هاوکار و یارمەتیی چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە نێوان دوو لایەندا دەدەن.
پڕۆفایل:
دکتۆر نوورەدین ساڵح خۆشناو، ماستەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دکتۆرا لە بازرگانی و بەڕێوەبردنی لە ساڵی 2013 و لە زانکۆی ئەتڵەنتیک ئەنتەرناسیۆنالی ئەمەریکا بەدەست هێناوە.
خاوەن کۆمپانیای تایبەت به ئابووریی ڕاوێژکاری بازرگانییە و ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری کۆنفدراسیۆنی کوردستانی و بەرپرسی دارایی کۆنفدراسیۆن و بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-نەرویجە.
دیمانە: خێڵان بەختیار