نووسینی بە ئەڵمانی: ڕازێ بازیانی
وەرگێڕانی بۆ کوردی: هاوبیر
پێنج ساڵ لەمەوبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە کوردستانی عێراق تێپەڕێندرا. ناڕەزایەتییەکانی ئێران، وەبیرهێنانەوەی هیواکانی ئەو سەردەمە.
چەند ڕۆژ لەمەوبەر مەرگی ژنە کوردەکە مەهسا ئەمینی ناڕەزایەتی و ئاژاوەی سەرتاسەری لە ئێران لێکەوتەوە. بەڵام پرسی هەڵچوونە سیاسییەکانی ئێران تەنیا بە ڕێساکانی جلوبەرگ یەکلایی ناکرێتەوە. ئەوەش کە گوایە شلبوونی لەچکەکەی هۆکار بووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک تاکە هۆکار نەبووە بۆ ئەو توندوتیژییە دڕندانەی پۆلیس بەرامبەر بەو ئافرەتە گەنجە کردوویەتی.
کورد ڕووبەڕووی هەڵاواردن و چەوساندنەوە دەبن لەو ناوچانەی کە تێیدا نیشتەجێن، بە ئێرانییشەوە. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ) دانیشتوانی کورد لە ئێران لە ڕووی پێکهاتەییەوە بێ ماف و چەوساوەن، ناوچەکەیان لە ڕووی ئابوورییەوە فەرامۆش کراوە. تەنانەت ناوی کوردییش لە وڵاتدا پێشوازی لێناکرێت، وەک کەیسی مەهسا ئەمینی نیشانی دەدات. ئەو ئافرەتە گەنجە ناوی كوردی “ژینا”ی لەسەر بووە، كە ئێستا لەسەر بەردی گۆڕەكەیەتی- بەڵام بە فەرمی رێگەی پێنەدراوە هەڵیبگرێت. بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە ناوکی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە ناوچە کوردنشینەکاندایە و ڕاپەڕین بۆ چارەی خۆنووسینی سیاسی تێیدا ڕوودەدات.
پینج ساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی
ئەو ناڕەزایەتیانەی ئەم ڕۆژانە، بیرهێنانەوەی ریفراندۆمی جیابوونەوەی هەرێمی خۆسەری کوردستانن، کە رێک پێنج ساڵ لەمەوبەر، لە 25ی ئەیلوولی 2017، کە نزیکەی 93%ی دەنگەکانی بە بەڵێ هێنا. پتر لە %70 ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، ، دەنگیان دا.
سەبارەت بە رەوشی خەڵک لە ئێران و بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان کە ناڕەزایەتییەکانی ئێستای تێدا چڕ بووەتەوە، تەوەری سەربەخۆیی سیاسی بۆ کورد نەیدەتوانی بابەتیتر بێت. لەو ڕوووەوە بۆ زۆرێکیان، دوای ڕیفراندۆم هێشتا پێش ڕیفراندۆمە.
نابێت ڕیفراندۆمی کوردستان، لەگەڵ ئەو ڕیفراندۆمە فریودەرە ساختانەی ئێستا لەلایەن ڕووسیاوە لە ئۆکرانیادا ڕاگەیەندراوە، تێکەڵ بکرێت. نەخێر، دەنگدانی کورد هەڵبژاردنێکی ناپابەندکەر بوو کە دانیشتووان تامەزرۆی بوون. ئەنجامەکە دەبێت ببێتە بنەمایەک بۆ دانوستانەکانی دواتر، ڕێوشوێنی دیکەش ڕانەگەیەندرا, سەرەڕای ئەوەش کورد دەبووا باجێکی گرانی بۆ بدا. هەر زوو هەڕەشەی شەڕانگێزانە و مانۆڕی سەربازی لە لایەن بەغدا، ئێران و تورکیاوە توندوتیژی راستەقینەی دژ بە دانیشتوانی کورد بەدوای خۆیدا هێنا.
بەشی کورد لە دارایی ئێراق، بۆ سێیەک کورت کەم کرایەوە، فڕۆکەخانەکان داخران و هەرێم گۆشەگیرکرا. کارەساتی تایبەتیش لەدەستدانی شاری کەرکووک بوو، کە دوای سێ هەفتە لە ڕیفراندۆم، سوپای عێراق بە پاڵپشتی هێزەكانی لایەنگری ئێران، لەگەڵ كێڵگە نەوتییەكانی و بەشێكی زۆری ناوچەكانی داگیر كرد. هەزاران کورد دەرکران و ماڵەکانیان وێران کران. مێژوو خۆی دووبارە کردەوە.
ڕیفراندۆم و خواستی زاڵبوون بەسەر شۆک و شکستدا
لە ڕەوتی سیاسەتی بەناو بەعەرەبکردنی سەدام حسێن، ئەو کات لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لێرە ڕێوشوێنی جۆراوجۆر بۆ “پاکتاوکردنی نەتەوەیی” چڕکرایەوە، بەو پێیەی لە بنەڕەتدا زۆربەی نیشتەجێبووانی ئەو خاکە کوردان بوون.
تەنها لە ماوەی ساڵێکدا، لە ساڵی ١٩٧٨ تا ١٩٧٩، نزیکەی ٦٠٠ گوندی کوردنشین بێ دانیشتووان کران. ڕووداوەکان بە ئۆپەراسیۆنە بەناو ئەنفالەکانی سەدام کۆتایی هات، کە بەپێی ئامارەکانی یونسکۆ، مەزەندەی کوژرانی زیاتر لە ١٨٠ هەزار کورد کراوە. ئەمانە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بوون کە تا ئێستا بە تەواوی کاریان لەسە نەکراوە و چارەسەر نەکراون. بەشێکی زۆری کورد هێشتا نەوەیەکی جەنگن کە زوڵم و زۆریان لا ئامادەیە. بانگەوازی سەربەخۆیی لە دەنگدانی ساڵی٢٠١٧دا بۆ زۆرکەس شانبەشانی خواستێک دەڕۆیشت، کە دواجار شکست و شۆکی بەکۆمەڵی ئەو مێژووە جینۆسایدە، بخاتە دوای خۆیەوە
ریفراندۆم لهگهڵ شتی تردا رهخنهی لێگیرا بههۆی دەرئهنجامه توندوتیژەکانییەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوەختە گوتی: ئەگەری تێکدانی سەقامگیری هەیە. بەڵام ئەوەی کە ڕیفراندۆم نەبووە هۆی سەربەخۆییە هیواخوازراوەکە، پاساو نادات بە شکستخواردن . دەی لە سروشتی ئەم جۆرە پرۆسانەدایە، کە ناتوانرێت بە تەواوی پلانیان بۆ دابنرێت.
لە ڕاستیدا تەنیا شتێک کە لەم چوارچێوەیەدا جێگیرە، توندوتیژییە بەردەوامەکانی ئێراقە.
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ناڕەزایەتییە توندەکانی بەغدا ئەمەیان پشتڕاستکرایەوە، کە تیایدا لایەنگرانی سەدری سەرکردەی شیعەکان بەشێکی شارەکەیان وێران کرد و دەیان کەسیش لەو میانەدا گیانیان لەدەستدا.
ئەگەر مرۆڤ نەیهەوێت دان بنێ بە شکستی بەغدادا، بە لایەنی کەمەوە دەتوانرێت
سەركەوتنەكانی كورد لە بەڕێوەبردنی هەرێمەكەیاندا، نادیدە نەگیرێت.
کورد بەشداریی لە درووستکردنی جیهانێکی نوێدا کرد
دوای دەیان ساڵ لە توندوتیژیی دیکتاتۆر، ئەوە کوردەکان بوون، کە بە هەوڵی خۆیان لە وڵاتێکی وێرانکراودا، جیهانێکیان لەسەر بنەمای نموونەی دیموکراسییی خۆرئاوا پێکەوەنا.
لە کاتی شەڕی سووریاوە ناوچەکە پەناگەی بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دابین کردووە. لەم نێوەندەدا هەر چوارەمین کەسێکی ئەم هەرێمە، چیرۆکی پەنابەرێکی هەیە. لەگەڵ ئەم دژوارییەشدا، حکومەتی ناوەندی ئێراق هیچ بپشتیوانی لە کورد ناکات، کەمجاریش نییە کە بە بڕینی بودجە، وەڵامی جیاوازییە سیاسییەکان دەداتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەو پارەیەی کە دەبێ بۆ هەرێم بنێردرێت، بە تەواوی نەنێردراوە. كاتێك ئەو ساڵە، بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) سەری هەڵدا، بەغدا – بە گوێرەی بانكی نێودەوڵەتی – حەواڵە داراییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی لەسەدا 90 كەم كردەوە، سوپای ئێراقی لە ناوچە سنوورییەكان کشاندەوە و زۆرینەی چەکە درووستکراوە ئەمەریكاییەکانی بە میلیشیاكان بەخشی. کوردەکان لە شەڕی دژ بە میلیشیا تیرۆریستییەکاندا بە تەنیا هێڵلرانەوە.
چارەنووسێکی بڕیاردراو بە شکست
بنیاتنانی دەستکردی ئێراق لە ژێر ئینتیدابی بەریتانیادا پاش ماوەیەکی کەم لە جەنگی جیهانی یەکەم، ئەو وڵاتە تازە دامەزراوەی لە دەسەڵاتی عوسمانی پچڕاند. بەڵام چارەنووسێکی بڕیاردراوی بە شکستی بەردەوامی دایە. ئەو بنیاتە، یەکێتی لە وڵاتێکدا دادەنێت، کە هیچ دابەشبوونێک لەوە زیاتر نییە.
یەکڕیزی ڕەنگدانەوەی ژینوار (ڕیالێت ـ واقیع)ـی ئێراق نییە – نە سیاسی و بە دڵنیاییشەوە نە کۆمەڵایەتی.
دەنگە دەرەکییەکان بە سەرۆکایەتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، وەک چارەسەرێک بۆ ململانێ بەردەوامەکان، پێشنیاری “پاراستنی سەقامگیری و یەکپارچەیی خاک” دەکەن،. بەڵام ئایا ئەوان – بە پێچەوانەی ویست(ئیرادە)ی خەڵکەوە – جارێکی دیکە پابەند نین بە بنیاتنانەوەیەکی دەرەکی دیاریکراوی ئێراقەوە؟
ئهوهی که کورد بچنەوە بەغدا و ملکهچی سازانی سیاسی بن، له کۆتاییدا دەبێتەوە بە وابهستبوونی سیاسی به حکومهتی ناوهندهوه، که ئەمەش رێک ئهوهیه که کۆمهڵگای نێودهوڵهتی، دهوڵهتهکان ئاوەها دهپارێزێت. بۆ نموونە تا ئێستاش لەسەر شانۆی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتیدا تەنها شانازی بە ئێراقەوە دەکرێت لەو پێشکەوتنانەی لە شەڕی دژی داعش بەدەست هاتووە. پێشمەرگەی کورد کە لە ڕاستیدا ئەو لە بەرەکەدا بوو و هیچ پەیوەندییەکی بە سوپای ئێراقەوە نییە، پشتگوێ دەخرێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ململانێ فرەییانەی ناوچەکە کە تا ئەمڕۆش بەرکەوتەیان لەسەر کورد هەیە و نەبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆییەکی سیاسی، کوردستانێک کە لە ئێراق داببڕێت لە ئاسۆی مامناوەنددا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا مامەڵەکردن لەگەڵ چارەی خۆنووسینی کورد، وەکو شتێکی جەوهەری لە هەوڵەکانی ئاشتید دەمێنێتەوە — بە مەرجێک کە مرۆڤ بیەوێت لە بانگەشە جیاوازەکانی مافی مرۆڤدا لە دادپەروەرییەکی ڕاست هەبێت.
◦Berlin Zeitung 25.09.2022