ئاشتی گەرمیانی
پتر لە چارەگە سەدەیەکە .. لە زمانەوە بۆ زمان ووشەی لای مچکۆمان لە بیرو ناونیشاندا تۆمار کردوە ، ئێستا دونیای داهێنان و زانست ( جی پی ئێس ) بوە بە دەستەواژەو بەکارهێنان و دۆزەری ناونیشانەکان ، بەڵام پێش ئەو چارەگە سەدەیە و تاوەکو ئێستاش هەر دەڵێن دیدارەکەمان لای مچکۆ .. بۆ هەندێك کەس مچکۆی قاوەخانەو چایخانەو کەلتوورو ڕۆشنبیری خۆشی و بەیەک شاد بونەوە دەبەخشێت ، ژووان و یەکەم دیدارو کۆتا دیدار ، گفتوگۆ و بڕیارو ساتێك بۆ دەردەدڵ .. هەندێك جاریش ئەزموونی زۆرێك لە ناخۆشیەکان و پڕ چەرمەسەری ..
ساڵانێك هەژاری وبێ کاری وێستگەی نوسەرو ڕۆشەنیران و
هونەرمەندەکان ، ساڵانێکش جێگای ناونیشان و نامە دانان و ئامانەت بەخشین بۆکەسانێك کە جێگەو ڕێگایان نەبوو وە نی یە ، کاتێکیش جمەی خەڵك و بیانی یەکان و ووڵاتانی دراوسێ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . هەموو سەفیرو پیاوە گەورەکان لەوێ بە خواردەنەوەی چایەك پەیامێکی سیاسی خۆیان لە ڕێگای کەناڵە جیاجیاکانەوە دەگەیەننە ئەوپەڕی جیهان کە باس لە جوانی و ئارامی و پێکەوەژیان و کەلتووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن .
قاوەخانەو چایخانەکەی مچکۆو قەڵای هەولێرو منارە .. وێستەگەکی پڕ لەکەلتووری جیا جیایە کە مرۆڤ بە وێستگەیەکی حەوانەوە دای دەنێت ، زۆرێك لە پیاوە ناسراو و سەرۆکی حکومەت و پارێزگای هەولێر دەستی لەناو ئاوەدان کردنەوەو گرنگی دان بەو جێگەیە هەبووە ، وە زۆرێك لە وەفد و میوانانی بیانی قونسڵگەری و باڵیوزەکان بە چوار دەورەی هەولێردا گەڕاون ، بەڵام هەر هاتونەتەوە بۆ ئەو جێگایە ، شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس دەڵێت : لەهەر لایەکەوە بڕوانیتە قەڵا هەر قەڵایە .




ئێمەش لە هەر جێگایەکی ئەو جیهانەوە گەشت بکەین و بێینەوە بۆ ناو جەرگەی کوردستان کە هەولێری پایتەختە .. هەر ئەو قەڵایەیە کە هەموومان لەوێ کۆ دەبینەوە. زۆر شت گۆڕاوە لە سەرو سیمای قەڵا و مچکۆ .. زۆر ڕەنگاڵە بووە لە ڕوی نمایشی ئەو کەلوپەلانەی کە هێمای کەلتوورو خۆڕسکی مرۆڤ و تایبەتمەندێتی ئەو ناوچەیە بەتایبەتی وێنەو نەخش و کاری دەستی کوردەواری ، لەلایەکی تریشەوە ڕەنگە گەرمەکان لە نێو پۆشاك و جلی فۆلکلۆرو کوردەواری کوردستان و ئامێرو کەرەستەی جیاجیا کە هەموو لە نێو بازنەیەکدا کۆ دەکاتەوە




، ئەویش مرۆڤ وکەلتوور .. ئێستای قاوەخانەی قەڵای دێرین نمونەیەکی زیندوە بۆ هەموو مرۆڤایەتی جیهان کە هەموو زمان و کەلتوورەکان وە میوانەکان و گەشتیارەکان کۆ دەکاتەوە .. بە ئازارو بەبێ ئازار .. بە خۆشی و بە ناخۆشی .. چایەك و قاوەیەك .. بۆ ساتێك .. هیچ کات مرۆڤ لەهزریدا ناچێتەوە ..