حكوومەتی فیدراڵی عێراق، لە جێبەجێكردنی یەكەم هەنگاوی یاسای ئافرەتانی رزگاربووی ئێزدی، خانمێك وەك بەڕێوەبەری چاودێری كاروباری رزگاربوان لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی دادەنێت، کە بەپێی یاساكە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گرینگی بە راییكردنی كاروباری ئافرەتانی ئێزدی و كەمینەكانی دیکەی رزگاربووی دەستی داعش دەدات.
سەراب ئەلیاس، دوای دانانی وەك بەڕێوەبەری چاودێری كاروباری رزگاربوان رایگەیاندووە، کە ئێستا بە فەرمی لەو پۆستەدا و لەسەر میلاكی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی دەستبەکار بووە، یاسای ئافرەتانی رزگاربووی ئێزدی، لە ١ی ئاداری ٢٠٢١ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ پەسەندی کرد، کە تایبەتە بە قەرەبووی دارایی و مەعنەوی ئەو ئافرەتانەی لە لایەن داعشەوە رفێندرابوون و رووبەرڕووی توندوتیژی جیاواز ببوونەوە.
لە یاساكەدا هاتووە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی تایبه‌ت به كاروباری رزگاربوان پێكده‌هێندرێت، كه به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی له پێكهاته‌ی ئێزدی ده‌بێت و، ئه‌ركه‌كانیشی قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتوان و دابینكردنی ژیانی شایستهیە بۆیان.
بەڕێوەبەری چاودێری كاروباری ئافرەتانی رزگاربوو، ئەوەشی گوتووە، کە هێشتا بارەگایان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دیاری نەکراوە و، چاوەڕێ دەكەن نووسینگەی سەرەكییان لە موسڵ، یا شنگال بێت.
سەراب بە هیوایە لە رێگەی كارەكانیانەوە بتوانن شایستەی دارایی بۆ ئافرەتانی رزگاربوو بە دەستبهێنن و تەواوی یاساكە جێبەجێبكەن.
له یاساكه‌دا پێدانی مووچەی مانگانە، پارچه‌یه‌ك زه‌وی نیشته‌جێبوون، یا شوقه به ئافرەتانی رزگاربوو جێگیركراوه، له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك نێوه‌ندی ده‌روونی بۆ چاره‌سه‌ری رزگاربوان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خانمانه‌ی به‌هۆی رفاندنیانه‌وه له خوێندن دابڕاون.
هه‌روه‌ها هاتووه له دامه‌زراندنیشدا ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ رزگاربوان ده‌بێت، بێ مه‌رجی ته‌مه‌ن و تێكڕای نمره‌ش مافی گه‌ڕانه‌وه بۆ خوێندنیان هه‌یه.
بە پێێ ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چه‌كدارانی داعش، له ئابی ٢٠١٤دا ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگالدا و، شه‌ش هه‌زار و ٤١٧ هاووڵاتی ئێزدییان رفاند، تا ئێستا زیاتر له سێ هه‌زار و ٥٠٠ ئافره‌ت و منداڵ و پیاو رزگاركراون، هاوکات چاره‌نووسی زیاتر له دوو هه‌زار و ٧٠٠ كه‌سیشیان نادیاره.