جێگری هەماهەنگی کاروباری ئابووری و گەشەی سەرچاوەکانی ئیدارەی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە، شارۆچکەیەکی پیشەسازی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.
ئاژانسی هەواڵی مێهری ئێرانی لەسەر زاری خالید جەعفەری جێگری هەماهەنگی کاروباری ئابووری و گەشەی سەرچاوەکانی ئیدارەی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ بازرگانان و چالاکانی ئابووری سنووری باشماخ باس لە کرانەوەی شارۆچکەیەکی پیشەسازی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ بەرز کردنەوەی هاوکارییە ئابووری و پیشەییەکان کراوە.
ناوبراو وتووشیەتی، ناوچەی ئازادی بانە و مەریوان بەهۆی شوێنگەی لەباری ئابووری و جوگرافیاییەوە یەکێک لە بەتواناترین ناوچە ئابوورییەکانی ئێران دێتە ئەژمار .
ئەوەشی وتووە، پەسەندکرانی ناوچەی ئازادی بانە و مەریوان لە ئەنجومەنی باڵای ئازادی وڵات هەواڵێکی خۆش بۆ خێرا کردنەوەی گەشەی سەقامگیری پارێزگاکە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە بەشێک لە مەرزەکانی دیکە ناوچەى هاوبەشی بازرگانی ئێران و هەرێم بوونی هەیە و لەڕووی ئابورییەوە سودی بۆ هەردوولا هەیە.