گەشتوگوزاری سلێمانی پلانی ڕۆژانی جەژنی قوربانی بڵاوكردەوە و ئاماژە بەوە دەكات گەشتیارێكی زۆر ڕوویان لە پارێزگاكە كردووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆز، ژمارەیەكی زۆر لە میوان و گەشتیاران سەردانی پارێزگای سلێمانییان كردووە و چاوەڕێ دەكرێت لە ڕۆژانی داهاتوو ژمارەكە بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبێتەوە، لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی پلانی پێویستی هەیە و گرنگترینیان خۆی لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینەوە :
١- سەرجەم لیژنەكانی گەشتیاری شاری سلێمانی و قەزاكانی دەوروبەری پشكنینەكانیان بۆ هاوینەهەوار و سەیرانگا و هەموو شوێنەكانی خاوەن مۆڵەتە گەشتیاریەكان چڕدەكەنەوە.
٢- سەنتەری زانیاری له ڕۆژانی جەژن و دواتر لە رێگەی هێلێكی گەرمەوە زانیاری پێوێست پێشكەش بە گەشتیاران دەكەن لە ڕێگەی ئەم ژمارە تەلەفونەوە 07725120235 .
٣- هەماهەنگی تەواو له نێوان گەشتوگوزار و بازگە و دەروازە و فڕۆكەخانە دروستكراوە بۆ ئاسانكاری زیاتر .
٤ – تەواوی بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی گەشتوگوزاری پارێزگاكان بۆ هەر ئاسانكاری و هەماهەنگی و چارەسەری كێشەكان لە پەیوەندی بەردەوام دەبن .
٥- بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی و بەڕێوەچونی كارەكان دەكات ، پەیوەندی و ئاسانكاری بەردەوامی دەبێت لەگەڵ هەموو لایەنە كارگێڕییە پێویستەكان بۆ هاتن و ڕۆشتنی میوان و گروپە گەشتیاریەكان چ لە سەنتەری شار و دەرەوەی شارەكان بێت .