KDC

بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لە هەولێر کۆنفرانسی ناوەندی ڕەوەندی کورد بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کورد بە بەشداری نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان و رەوەندی کورد لە وڵاتانی جیهان بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ شەممە 4ی12ی2021، کۆنفرانسێکی تایبەت بە پێگە و ستراتیژیەتی ناوەندی رەوەندی کورد لە دەرەوە، لە هەولێری پایتەخت و بە ئامادبوونی سەرۆک بارزانی و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات ژمارەیەک لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان دەستیپێکرد، کە مەبەست لێی یەکخستن و یەک گوتاری کوردانی تاراوگەیە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە میانەی گوتارێکیدا، وێڕای بەخێرهاتنی میوانان و ئەندامانی ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە، خۆشحاڵی خۆی بەوەش دەربڕی کە کۆنگرەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کورد لە هەولێر ئەنجام دەدرێت.

دواتر تاهیر هەورامی، بەرپرسی دیسکی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە، گوتاری پێشکەش کرد، کە تێیدا کورتە باسێکی مێژوویی کۆچکردنی کوردی بۆ وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا باس کرد، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە کوردانی تاراوگە، هەمیشە رۆڵ و کاریگەرییان هەبووە لە بەرگریکردن لە دۆزی رەوای گەلی کورد، ئەوەش لە کاتێکدا کە تەنیا چیاکانی کوردستان پشت و پەنای کورد بوون، پێشمەرگە ئاسا هەردەم بە جۆرەها شێوەی وەک خۆپیشاندان و چالاکی دیکەی مەدەنی و بە پێی یاسای وڵاتانی خانەخوێ دژی زوڵم و زۆرداری کە دژ بە هەر چوارپارچەی کوردستان کرابێت، وەستاونەتەوە.

وە ئاماژەی بەوەشدا کە لە رێککەوتی 15ی9ی2019 و بە فەرمانی سەرۆکی هێژا سەرۆک بارزانی دیسکی ڕەوەندی کورد دامەزرا و ئەویش شەرەفی ئەو ئەرکە مێژووییەی پێسپێردراوە و بە هاوکاری هەموو لایەک دەستیان بە کارەکانیان کردووە، هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە، کە یەکەم ئامۆژگاری و رێنمایی جەنابی سەرۆک بارزانی ئەوەبووە بۆیان، کە ئەو هەنگاوە، پڕۆژەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەییە و دەبێت دوور بێت لە مۆرکی حیزبی و ئایدۆلۆژیای سیاسی، هەر ئەوەش بووەتە مۆرک و رەمزی سەرکەوتنی کارەکانی ناوەندەکە.

گوتیشی، ئەمە یەکەمجارە کۆنفرانسێکی لەو جۆرە بۆ کوردانی تاراوگە بەڕێوەبچێت، کە نوێنەرانی هەر چوار پارچەی تێدا بێت، کە ئامانج لە کۆنفرانسەکە، یەکخستن و یەکگرتووی گوتاری کوردانی تاراوگەنشین و فراوانکردنی هەوڵەکانیانە لە بنیاتنان و بەهێزکردنی پێگەی کورد لە سەرانسەری جیهان.

پاشان سەرۆک مەسعوود بارزانی گوتاری خۆی پێشکەش کرد و رایگەیاند، خەباتی گەلی کورد هەمیشە خەباتێکی رەوا بووە، خەباتێکی ئاشتیانە بووە و لەگەڵ شەڕدا نین. لەبارەی هێرشەکانی داعش و شەهیدبوونی هاووڵاتی سڤیل و پێشمەرگەش گوتی: “هەموو خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە تۆڵەی شەهیدان دەکرێتەوە و خوێنیان بەفیڕۆناچێت”.

سەرۆک مەسعوود بارزانی رایگەیاند، هەرگیز گەلی کوردستان بژارەی شەڕی هەڵنەبژاردووە، بەڵام ئەگەر ناچار کرابێت بەرگری لە خۆی کردووە، بەرگریکردنیش مافێکی رەوایە، بەرگریکردنی گەلی کورد، بەرگریکردن بووە لە مان و نەمان، هیچ رۆژێک لە رۆژان کورد نەچووەتە سەر خاکی کەسێکی دیکە و تەعەدای لە کەس نەکردووە، بەڵام هەمیشە ئامادەبووە و ئامادەش دەبێت بۆ ئەوەی بەرگری لە مان و نەمانی خۆی بکات.

سەرۆک بارزانی ئەوەشی گوت، کە ئەوان ئومێدەوارن و داواکارن کە دۆزی گەلی کورد لە هەموو پارچەکان، بەشێوەیەکی ئاشتی و دیموکراسی چارەسەر بکرێت، جەختیشی لەوە کردەوە، کە شەڕ چارەسەر نییە، نە بۆ کێشەی گەلی کورد و، نە بۆ هیچ کێشەیەکی دیکە. ئەو خاڵێکی گرینگیشی باس کرد، کە ئێمە وەکو کورد، وەکو کوردستانی، دەبێت زۆر وریا بین و ناکۆکی لەگەڵ رژێمەکان، نابێت ببێتە دووژمنایەتی لەگەڵ گەلان.

لەبارەی کوردستان و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانیش، سەرۆک بارزانی باسی لەوەکرد، کوردستان نموونەیەکی جوانە بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، هەمیشە گەلی کوردستان شانازی بەوەوە کردووە، ئەو فەرهەنگەش زۆر کۆنە و جەختیشی لە پاراستنی کردەوە، بۆ ئەوەی دونیاش بزانێت کە کوردستان وڵاتی پێکەوەژیانە. “هەمیشە ئامانجی گەلی ئێمە بەرگری و پاراستنی مافی پێکهاتەکان بووە و بەردەوامیش خەبات بۆ ئەوە دەکەین”.

شایانی باسە، ئەو کۆنفرانسە بە چاودێری بارەگای بارزانی بەڕێوەدەچێت و نوێنەری هەر چوار پارچەی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بەشداری ئەو کۆنفرانسە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا نوێنەرانی کورد لەو وڵاتانی ئەمەریکا، کەنەدا، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و رووسیا و کازاخستان بەشداری ئەو کۆنفرانسە دەکەن.

___

شارێکی ئیتالیا پرۆژەیەک بەناوی Homeway پێشکەشی پەنابەران دەکات

nusar1

ئەڵمانیا:پزیشکێکی سوری بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی دادگایی دەکرێت

nusar1

سزای هێرشکردنە سەر بانگەشەکانی هەڵبژاردن دیاریکران

KDC
KDC

FREE
VIEW