وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دەڵێ، وەزارەت ئامادەکارى بۆ هەناردەکردنى تەماتە و باینجان و هەنار بۆ وڵاتى سعودییە و وڵاتانى ئەورووپا دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە بڵاوکراوەیەکدا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەوەی، کە دوو ساڵە بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە بازاڕەکانی ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی.
ئاماژەشی بەوەداوە، کە بەرهەمەکان پاکێجینی براندی ناساندنی کوردستانی بۆ داندراون و، بەسەرکەوتوویی پێشوازیی کراوە، هەروەها لە رۆژانی ئایندەش ئامادەکاری بۆ هەناردەکردنی قۆناغێکی دیکەی بەرهەمی هەنار و باینجان و تەماتە بۆ وڵاتی سعوودیە و وڵاتانی ئەورووپا دەکرێت.