وەزارەتی تەندرووستی عێراق لەگەڵ راگەیاندنی کەمبوونەوەى چەماوەی شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا، هۆشداری لە دەرکەوتنی چەند ئاماژەیەک بۆ شەپۆلی چوارەم لە ماوەیەکی نزیکدا دەکا، هاوکات جەخت لە گەیشتنی بڕێکی زۆر لە ڤاکسین دەکاتەوە لە ماوەی سێ مانگی دابێت.
وەزارەتی تەندرووستی عێراق، رایگەیاند، لە کاتێکدا رێژەی تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا لە وڵاتدا کەم بووەتەوە، دەبینن شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا بەرەو کشانەوە دەچێت، بەڵام بەپێی ئاماژە و نیشاندەرە زانستییەکان، دەرکەوتنی شەپۆلی چوارەمی پەتاکە بە دوور نازانرێت لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا، بە تایبەت بەهۆی بەرزی ئاستی تووشبوون لە جیهاندا و دەرکەوتنی جۆری نوێی ڤایرۆسەکە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، کە تاکە رێگا بۆ بەرگرتن لە شەپۆلی چوارەم و کەمکردنەوەى کاریگەرییەکەى، بریتییە لە کوتانی زۆرترین کەس، هەروەک چۆن بە بەڵگەی زانستی و ئەزموونی ئەوە روونبووەتەوە، کە رێژەی داغڵکردن لە نەخۆشخانەکان و حاڵەتەکانی مردن لە بەریتانیا و، چەند وڵاتێکی دیکە، بەهۆی بەرزی ژمارەی کوتراوەکانەوە کەم بووەتەوە و چەماوەی پەتاکە بەرەو کۆتایی دەچێت.
راگەیەنراوی وەزارەتی تەندرووستیی عێراق، باسی لەوەشکردووە، کە لە ماوەی سێ مانگی دابێت، بڕێکی زۆر ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دەگاتە دەزگا تەندرووستییەکان، تا بتوانن زۆرترین هاووڵاتی بکوتن، دەیانەوێت لەو ماوەیەدا رێژەی ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە زیاد بکەن