KDC

ئافرەتی شۆرشگێڕی كورد(قەدەم خێر)ی فـەیلی

كەریم شارەزا

لەسەردەمێكی زووەوە ناوچەی لۆڕستانی بچووك كاروباری خۆی بەڕێوەبردووەو لەسەردەمی حوكمڕانیی عەبباسییەكان لە ساڵی (1195)ی زایینیەوە تاكو سەردەمی حوكمڕانیی سەفەوییەكان لە ئێران لە ساڵی (1519) میرنشینیەكی نیمچە سەربەخۆی بووە. دوای ئەو مێژووەش هەر چەندە بەناو بەشێك بوو لە دەوڵەتی ئێران بەڵام مێرەكانی پشتاوپشت بەڕێوەبردنی ناوخۆی ناوچەكەیان لە دەست نەداوە، تاكو رەزا شای پەهلەوی هاتە سەر حوكمی ئێران و لەساڵی (1925)ەوە كەوتە خۆ بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی میرەكانی لۆڕی بچووك و توانی بەفڕوفێڵ و پیلانی چەپەڵ دوا والی ئەو میرنشینیە قایل بكات تا بكەوێتە دانووستان لەگەڵ نوێنەرانی شاو، رەزا شا نامەیەكی بۆ شامرادخان نارد و پەیمانی پێدا كە سنوری ویلایەتەكەی دەپارێزی بە مەرجێك والی پشتگیریی سیاسەتی دەرەوە و ناوەوەی شاو دەوڵەتی ئێران بكات. ئەویش رازی بوو، بەڵام زۆری پێ‌ نەچوو شا هێزێكی گەورەی سەربازیی ناردە سەر والی و دوای شەڕێكی قورس لە نێوانیاندا (شامراد) شەهید كراو لە دوای ئەو (خاتوو قەدەم خێر)ی خوشكی لە جێی دانیشت و ئەو كچە قارەمانەی كورد توانی هێزێكی گەورەی چەكدار لە سوارەو پیادە لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە لە ڕووی هێزەكانی رەزا شای پەهلەوی بوەستێ‌ و نیەت و ئامانجی سەرەكی رزگار كردنی نەتەوەی كورد بوو نەك هەر لە كوردستانی ئێران بەڵكو لە پارچەكانی دیكەیشیدا. بۆ ئەو مرازەیشی نامەیەكی بۆ شێخ مەحموودی حەفید نارد و داوای لێكردو گووتی:(با هەوڵ و كۆششی هەردووكمان یەك بخەین بۆ ڕزگاركردنی كوردستان‌و ئێران لە دژی زوڵم و زۆرداریی دەجەنگم و نامەوێ‌ مل كەچ بكەم بۆ نییری كۆیلەیی و ووڵاتەكەم و میللەتەكەم ببنە تیكەیەك بۆ دوژمنانی كورد، من لە پێناوی ڕزگار بوون لە زوڵم و چەوساندنەوە دەجەنگم و برای خۆشەویستم بەغەدر كوژرا، با هێزەكانمان یەك بخەین و بەیەكەوە لە پێناوی ڕزگاربوونی ئێمەو ئێوە بجەنگین و من هەموو توانایەكی خۆم لە پیاوو چەك و تفاق و موڵك وماڵ دەخەمە بەردەستی تۆو ئەو چەك و تفاقانەشمان بەشی دوو ساڵ شەڕو جەنگ دەكات) بەڵام شێخ مەحموود داواكەی بەهەند هەڵنەگرت لە ترسی ئەوەی نەبادا خەڵكەكەی دەوروپشتی لێی بتەكێنەوەو بڵێن وازی لە كوردی (عێراق) هێناوە، بۆ ئەوەی سەروەت و سامانی ئافرەتێكی دەوڵەمەندی چنگ كەوێ‌ لە سەرێكی دیكەشەوە رەزاشا نامەیەكی بۆ ئەو ئافرەتە شۆڕشگێرە قارەمانەی كورد ناردو داوای لێكرد شووی پێ‌ بكات!!مەبەستیشی لەم داوایەی وازهێنانی بوو لەو شۆرشەی. خاتوو قەدەم خێریش لە وەڵامی نامەكەی شادا بە پێی هەندێ‌ سەرچاوەی مێژوویی بۆی نووسییەوە:(من ژن نیم تاكو شووبكەم بەڵكو تۆ ژنی!!) دوای ئەم وەڵامە رەقەی ئەو ئافرەتە قارەمانە، رەزاشا هێزێكی گەورەو گرانی چەكداری ناردە سەری و جەنگێگی قورس لە نێوانیاندا روویداو ئەو شەڕە ناونرا جەنگی (خرما داد)و ئەو ئافرەتە سەركردەیەی كورد توانی (3) ساڵان بەرگریی لە ویلایەتەكەی بكات و لە رووی هێزەكانی رەزاشا بوەستێ‌، بەڵام لە كۆتاییدا لەبەر ناهاوكوفی لە نێوانی هێزەكانی حكومەت و هێزەكانی قەدەم خێرو نەمانی چەك و تفاق، هێزەكانی شا توانییان بەسەر هێزەكانی ئەو خاتوونە شۆرشگێڕەی كورد زاڵ بن و هۆی ئەو زاڵبوونەشیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆكارانەی خوارەوە:-
1- بەشێك لە كوردە فەیلیەكان بەپیلانی شاو هەڵخەتاندنیان لە شۆرشەكەی قەدەم خێر جودابوونەوە.
2- كەم بوونەوەی چەك و تفاقی شۆڕشگێڕان و نەهاتنی یارمەتی عەشیرەتەكانی كورد بۆیان.
3- شا لێبوردنێكی گشتی بۆ شۆرشگێران دەركرد و نامەیەكی تایبەتیشی بۆ قەدەم خێر ناردو لەگەڵ نامەكەیشیدا قورئانێكی زێر باقی بە ئیمزای خۆی پێشكەش كرد تاكو ببێتە بەڵگەی نیەت پاكی شا!ئەم هۆیانە بوونە هۆكاری سەرەكی بۆ شكست هێنانی شۆرشەكەی لوڕی بچووك و لەكاتەشدا دەستەیەكی زۆر لەسەركردە جەنگاوەرەكانی شۆرشەكە بە ناوی لێبوردنی گشتی خۆیان بەدەستەوەداو لە ئەنجامیشدا زۆربەیان لە سێدارەدران و لە كۆتایشدا خاتوو قەدەم خێر دەست بەسەركراو ئەو شۆرشە مەزنەی كوردی فەیلی لە لۆرستان كۆتایی هات دوای ئەوەی كە شۆرشگێڕان گەورەترین داستانی قارەمانیەتی كوردیان لە مێژووی نوێی كورددا تۆمار كردو شۆرشەكەش ئەوەی سەلماند كە ئافرەتی كورد لە مەیدانی شۆرش و جەنگدا چیان لە پیاو كەمتر نیە و زۆر جاریش وا دەبێ‌ لە پیاویش ئازاترن و دەوری كاریگەرتر لە مێژووی نەتەوەكەیان دەنوێنن و ناویان لەلاپەرەیەكی گەشی مێژووی میللەتەكەیان تۆمار دەكرێ‌ و بەشانازییەوە یادیان دەكرێتەوە. كاتێك كە قەدەم خێر گیرا، رەزاشا نەیكوشت بەڵكو ویستی بەئازارو ئەشكەنجە لەناوی بەرێت و فەرمانیدا لە بەندیخانەكانی تاران بەند بكرێ‌ و دەڵێن تاكو پیرو خەڕۆ بوو لە زینداندا ژیانی دیلی بەسەر بردو تۆزقاڵێك بیری لە داواكردنی عەفوو نەكردەوە لە رەزاشا، تا كۆچی دوایی كردو گیانی ئەو ئافرەتە قارەمانەی كورد چووە بەهەشتی شۆرشگێڕە قارەمانە نەمرەكانی كوردو كوردستان و هەواڵی مەرگی بەهەموو لایەكی كوردستاندا بڵاوبووەوە و خەڵكەكە بەڕێزێكی زۆرەوە یادی خۆی و شۆرشە مەزنەكەیان كردەوە و دەكەنەوە.

سەرچاوە :
1- عبدالجبار محمد جباری – ئافرەتە ناودارەكانی كورد – كەركوك 1969
2- جریدە الاتحاد – العدد 153 فی 14/10/1995، مقال بقلم:
شهاب احمد القرە لویسی – بعنوان (پورە الامیرە الفیلیە قدم خیر)

___

واده‌ی ده‌ستپێكردنی یارییه‌كانی پریمه‌رلیگ بۆ وه‌رزی 2021-2022 راگه‌یاندرا

KDC

مانچستەر یۆنایتد بە فەرمیی دەرکردنی ڕاهێنەر سۆلچاری ڕاگەیاند

KDC

سوودەکانی شیری دایک بۆ منداڵەکەی

KDC
KDC

FREE
VIEW