KDC

“وڵاتانی رۆژئاوا وەک باخچەیەکی ستراتیژی لە ھەرێم دەڕوانن”


مامۆستایه‌کى زانکۆ ده‌ڵێت، یه‌کێک له‌ بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانى پێشکه‌وتنى پرسى کورد له‌ ناوچه‌که‌ و عێراقدا په‌یوه‌ندیی به‌ ڕاده‌ى پێشکه‌وتنى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئێستا له‌گه‌ڵ دنیاى ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌تى، چونکه‌ له‌ دواى ڕووداوه‌کانى 16ی ئۆکتۆبه‌ری ٢٠١٧ و، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ سه‌لماوه‌ که‌ عه‌مودى فه‌قه‌رى پێشکه‌وتنى دۆزى کورد له ‌ده‌ره‌وه‌ بریتییه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ و ڕه‌خساندنى زه‌مینه‌یه‌کى باشتر بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى خۆى، جا ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌یى، یان نێوده‌وڵەتى بێت.

د. سه‌ردار قادر، مامۆستاى زانکۆ و شاره‌زا له‌ بوارى دیپلۆماسیه‌تى قه‌یران، به ‌ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: “ئه‌گه‌ر بێین قسه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ى کورد بکه‌ین له‌سه‌ر ئاستى دنیا و له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى دیپلۆماسیه‌ت و ستراتیجییه‌ت، ئێستا پێگه‌ى هه‌رێمى کوردستان ته‌نها له‌ شێوازى ناساندن نه‌ماوه‌، به‌ڵکوو بووه‌ته‌ یه‌کێک له‌و کاره‌کته‌ره‌ ناده‌وڵەتییانه‌ى که‌ وڵاتانى زلهێز ئیعتمادى سه‌ره‌کییان له‌سه‌ریه‌تى، جوگرافیای هه‌رێمى کوردستان له‌ چاوى وڵاتان هیچ ئیشکالیه‌تێکى ئایدۆلۆجى و نه‌ته‌وەییی تێدا نییه. ئێستا وڵاتانى ئه‌ورووپایى و ئه‌مه‌ریکایى وه‌ک باخچه‌ى پشته‌وه‌ى ستراجیه‌تى خۆیان له‌ ڕ‌وژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا سه‌یری هه‌رێمى کوردستان ده‌کەن و ئه‌وەى گرنگه‌ لیره‌دا ئه‌وه‌یه‌ کە چۆن ئاستى ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ ببرێته‌ ئاستێکى باشتر له‌وه‌ى که‌ ئێستا هه‌مانه‌”.

ناوبراو ڕایشیگه‌یاند: “ده‌بێت ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر ئاستى سه‌رکردایه‌تیى سیاسى و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، وا باشتره‌ ئه‌جێنداى سه‌رکردایه‌تیى کورد له‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رجه‌سته‌ بکرێت، حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بریتی بێت له‌و گوتاره‌ سیاسییه‌ نیشتیمانییه‌ نه‌ته‌وه‌یییه‌ى که‌ به ‌ناوى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ قسه‌ بکات که‌ ئه‌مه‌ فاکته‌رێکى به‌هێزى په‌یوه‌ندییه‌کانى ئێمه ‌و گه‌یاندنى یه‌ک په‌یامه‌ به‌ ده‌ره‌وه‌ى خۆمان. گرنگه‌ پلانێکى درووست و ستراتیجیى قۆناغبه‌ندی و دیراسه‌کراومان هه‌بێت له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵەتى و ئاگامان له ‌به‌رژه‌وه‌ندیى وڵاتان بێت به ‌شێوه‌یه‌ک خاوه‌نى ستراتجێکى هاوسه‌نگ بین بۆ مامه‌ڵەکردن له‌گه‌ڵیان. ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ى که ‌ده‌یبه‌ستین ده‌بێت له‌سه‌ر ئەساسى به‌رژه‌وه‌ندى بێت، نه‌ک ئه‌جێنداى سیاسی، بۆ نموونه‌ دوێنێ سه‌رۆکى هەرێم له‌ که‌نداو بوو، پێویسته‌ دوو سێ ڕۆژى تر بچێت بۆ ئێران، بۆ تورکیا، بۆ ڕاگرتنى ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ى که‌ هه‌مانه و‌، درووستکرنى ناوه‌ندى بڕیار له‌سه‌ر ئاسته‌ نێوه‌ده‌وڵەتییه‌که‌ یه‌کێکى تره‌ له ‌فاکته‌ره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌کان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌.”

هاوکات لاى خۆیه‌وه‌ و هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌، سه‌رده‌شت محه‌مه‌د، چاودێرى سیاسى، به ‌گرنگییه‌وه‌ باسى له‌ پێگه‌ى سیاسى و ئابووریى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان له‌ هاوکێشه‌ نێوده‌وڵەتییه‌کاندا کرد و گوتى: “په‌یوه‌ندییه‌کانى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵەتى به‌ ئاڕاسته‌یه‌کى دروست هه‌نگاو ده‌نێت، ڕۆژ به ‌ڕۆژ هاتنى شانده‌ دیپلۆماسى و سه‌ربازى و ته‌نانه‌ت ئابوورییه‌کانیش ڕوو له‌ زیادبوونن، ئێستا پێگه‌ى جوگرافیى هه‌رێم له‌ ڕووه‌ سیاسییه‌که‌یه‌وه‌ له‌ ڕوانینى وڵاتانى خاوه‌نبڕیار وه‌ک چه‌قى چاره‌سه‌رکردن و یه‌کلاییکردنه‌وهی‌ کێشه‌کان لێى ده‌ڕوانرێت، ئه‌وان مه‌به‌ستیانه‌ و کار ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى پێگه‌ى هه‌رێم له‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌ به‌هێزتر ببێت، ئێستا گرنگیدانێکى ته‌واو هه‌ستپێکراو به‌ ئاڕاسته‌ى به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌ڵەتییه‌کان له‌ نێوان هه‌رێمى کوردستان و دنیاى ده‌ره‌وه‌ ده‌بینرێت. زێدهڕۆییى نییه‌ بڵێین ئێستا کوردستان بووه‌ته‌ کلیلى چاره‌سه‌رکردنى ته‌واوى ئه‌و کێشانەی که‌ له ‌ناوچه‌که‌ و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ڕوو ده‌دەن، بۆچوونى سه‌رکردایه‌تیى کورد بۆ ئه‌وان گرنگه‌ و مه‌به‌ستیانه‌ کوردستان به‌شدارییه‌کى ڕاسته‌قینه‌ى هه‌بێت له ‌کۆى ڕووداوه‌کانى ناوچه‌که‌. پێداگرییه‌کانى فه‌ررنسا و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ ڕێککه‌وتنى بوودجه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نموونه‌یه‌کى زیندووه‌، سیاسه‌ستى سه‌رکه‌وتووى هه‌رێمى کوردستان خاوه‌نى پێگه‌یه‌کى به‌هێزه‌ و وڵاتانى جیهان له‌ ئاستى باڵادا هاوپه‌یمانى ده‌که‌ن و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا هه‌یه‌.”

___

تۆیۆتا چیدیکە ئەڤەلۆن بەرهەم ناهێنێت

KDC

بزانە داهاتی مانگی رابردووی هەناردەی نەوتی کەرکووک چەند بووە

KDC

برسێتی و تینوێتی چیرۆکی ئازاربەخشی کۆچبەرانی دارستانەکانی نێوان بیلاروس و پۆڵەندا

KDC
KDC

FREE
VIEW