هەڵهاتن … لە بیابانەکانی سعودیەو کوێتەوە بەرەو خاکی باوباپیرانمان لە کوردستان
ئاشتی گەرمیانی .. هەولێر
پەرتووکی کوێت .. بەسەر هات و گێڕانەوەی ئەو ڕۆژگارە تاڵ و تفتەیە کە هاوتەمەنەکانی ئەو کاتە تێیدا ژیان و باجێکی زۆری ژیان و مرۆڤایەتیان بەخشی ، ئەو مرۆڤانەی کەلە تراژیدیایەکی مان و نەمانەوە غل بونەوە نێو سەدەیەکی تر و ئەمڕۆ باسی ئەو ڕابردووە دەکەن و ئێمەش هەناسەیەکی سارد هەڵدەکێشین چونکە بەشێك بووین لەو ڕۆژگارە تاریك و ئاگرو ئاسنەی کەلەسەر پشتی هەموواندا توانیانەوە .
نوسەرو توێژەر تاریق کارێزی بێجگە لە ڕۆمان و چیرۆکی پەرتووکی کوێت ، خاوەن چەندین بابەتی کەلتووری و هونەری و ڕۆشنبیری و فەلسەفی و ستاتیکایی یە ، نوسەرێکی ناسراوی شاری کەرکووك و کوردستانی باشوورە ، لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانەوە سەقاڵی لێکۆڵینەوە و توێژینەو و نوسینە لەسەر زۆربەی ڕەهەندەکانی ژیان لە ڕۆژنامەو گۆڤارو پەرتووك و بڵاوکراوە کوردی و عەرەبیەکان ، لەهەمان کاتدا کاك تاریق زمان زانێکی پڕو چڕە لە کوردی و عەرەبیدا . دوا پەرتووکی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ لە چاپ دراوە بەتیراژی ١٠٠٠ دانە ، کە سەرپەرشتی چاپ لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ئاشتی و لە چاپخانەکانی تاران چاپ کراوە .. کە بریتی یە لە ٣٢٩ لاپەڕە لە قەبارەی ٣٠ سانتیم بە ١٨ سانتیم .
نوسەرو تاریق کارێزی وا دەڵێت (( بەیانییەك بەخەبەر هاتین ، دنیا وەرگەڕا بوو ! سوپای عێراق خۆی بە کوێتدا کردووە ، دەوڵەتێکی لەماوەی دوو کاژێردا لەسەر نەخشە سڕیەوە )) ڕۆژی ٢ / ٨ / ١٩٩٠ تەنها دووساڵ بەسەر شەڕی هەشت ساڵەی سامناکی عێراق و ئێراندا تێپەڕ ببوو ، خەڵك چاوەڕوانی ئەوە بوون ، ئاهێکیان وەبەردا بێتەوە ، لە کۆڵ چەرمەسەری شەڕ ببێتەوە ، لەدایك بووانی نزیکەی ٢٥ ساڵی دوا بەدوای یەك ، هەر لە کۆتایی ساڵانی چلەوە تا ساڵانی سەرەتای حەفتا ، نێرینەی عێراق تێکڕا ، چ بۆ خزمەتی ناچاری یان خزمەتی یەدەك ، بۆ سەربازی ڕاپێچ کرابوون ، نە بەدیل گیرا بوون ، هیواو ئومێدێکی زۆریان بەوە بوو لە زووترین دەرفەتدا گەواهی نامەی تەواو کردنی خزمەتی سەربازی وەربگرن ، ئیدی بەرگی بۆری ڕەنگ خاکی سەربازی داکەنن ، لە ژیانی ئاسایی نێو خەڵك بکەنەوە .. کەچی ئەوەی لە خەیاڵ ومەزندەدا نەبوو ، قەوما .. لەنێو پەرتووکەکەدا باس لەو ئازارو مەینەتیانە دەکات کە شەڕی هەشت ساڵەو کاول کردنی کوردستان و وێران کردنی گوندەکانی کوردستان و ئەنفال کردن و جینوسائیدی میللەتی کورد لەژێر دەستی دیکتاتۆرێکی سەدەی بیستەم .. کە کاتژمێر لە ماوەی ٣٠ ساڵدا ئیفلیچ بووە . زەمەن لەم جۆرە ژیانەدا تەنها مەرگ دەیباتەوە .. هەروەك نوسەر فەرموویەتی لە پەرتووکەکەدا .
لەو ڕۆمانە چیرۆکیەدا نوسەر بەسەرهات و شەکەت و هیلاك پەتی ژیانی مەرگ و وەکو سەربازێکی سەپێنراو دەگێڕیتەوە لەسەرەتایی داگیر کردنی کوێت و تاوەکو دوا هەڵهاتن بە کۆمەڵ لە بیابانەکانی سعودیەو کوێتەوە بەرەو خاکی باپیرانمان کوردستان کە لە چیاکانی حەمرینەوە دەست پێ دەکات . باس لەو بیابانە کاکی بەکاکی یە دەکات کە هیچ شتێکی تێدا ناڕوێت و هیچ زیندەوەرو گژو گیایەکی تێدا ناژیت .. باس لەو ڕۆژگارە دەکات کە مرۆڤ چۆن بێ نرخ دەخێنرێتە نێو شەڕو کاول کاریەکەوە کە هیچ هیوایەکی بە ژیان و داهاتووی خۆی نابێت ..
کات لەو شوێنەدا دەچێتە سەر پشتی کیسەڵ ، هێدی هێدی بە چەشنێك هەنگاو دەنێت مرۆڤ دەخاتە سەر ئەو ڕایەی کە ئاخۆ زەمان ماوە یان مەرگی بردویتەوە ، هەموو هەنگاوەکان لە پێناو مانەوەدا .. ووڵاتێك لە ژێر بارووت و مەرگدا ئەو ژیانە بوو کە ئاسەواری بۆ هەتا هەتایە لە هزرو وویژدانی ئەو سەردەمەدا دەمێنێتەوە .