KDC

بۆ شازدەی سێ و ،بۆ خەردەل و بۆ سیرو سێو !چی بنووسم؟


د. بەهات حەسیب قەرەداخی

لەیادی پڕ لە ئازاری، ئازاری هەشتاو هەشتدا ، ئاخۆ کامیان زووتر دەبینرێن، ڕەنگی ڕەش یان ڕەنگی سوور؟ کامیان زووتر دەبیسرێن، زەنگی شیعر یان هاواری لەنێو گەروودا تاساوی ، منداڵێکی پێخاوسی بەجێماوی ئەو دیو سنوور؟ لە ناو شەپۆل و گێژەنی دەریای بێ بنی شەهیددا ، ناسنامەی کامە گیرفانی خوێناویان بخوێنمەوە ؟ پرچی ژاکاو لەسەر کام ڕوخساری تۆقیو هەڵدەمەوە ؟ لێوی مەییوی کام ساوا لە سینگی کامە دایکی بە قەقنەزبوو بکەمەوە ؟ داستانی داڕمانی کامە دیوار … کامە مینبەر.. کامە ژووری دەرس ودەوری قوتابییان بگێڕمەوە ؟ لە خەزانی دارستانی قریشکەدا…کامە لق و پۆپ و گەڵای کامە تەمەنی هەڵوەریو کۆبکەمەوە ؟ لەگێژاوی قینی ڕەشی بەعسیاندا کام هێلانەی زەڕنەقووتەی بەرەوەبوو، کامە دڵی بچکۆلانەی سەرئاوکەوتوو، بگرمەوە ؟ کامە سەرپۆش…کام شەدەی لار… کامە مشکی و جامەدانیی ئاڵۆسکاوی سەروگەردن شیبکەمەوە ؟ ئەڵقەی پەنجەی کامە نەوبووک…کام سەعاتی لەسەر یازدەو چل و پێنجی شازدەی ئازار ڕاوەستاوی، مەچەکی کام بەژن زراڤی هەژدەساڵ هەڵگرمەوە ؟ چەند تاقانەی دەم بەکەفی ڕۆح تیا نەماو لە باوەشی چەند عومەری ئومێد بڕاو وەرگرمەوە ؟ کامە پەنجە، کامە لاق و بازووی قرتاو، کامە قۆڵ و باسکی سووتاو،کامە پێڵاوی بەجێماو بۆ خاوەنیان بگێڕمەوە ؟ پێڵووی چاوی کامە چرای بێ ترووسکەی گیان تیا نەماو، بە سۆزەوە دادەمەوە ؟ فرمێسکی گەرمی سەرگۆنای کام ئاوێنەی درز تێبووی ناو تاق و دیواری دێرین بسڕمەوە ؟ دەسرازەی سەرسینگی کامە کۆرپەی لەبێشکە جێماودا بترازێنم ؟ دڵی شکاوی پەنجەرەی کام کەلاوە بنازێنم ؟ قەدی کام پیرەداری سەدساڵە ڕاستکەمەوە ؟ هۆرەی پڕ شینی کام دایک ، کامە باوکی دەربەدەری نێو چادرگا بسێنمەوە ؟
من چی بکەم چی .. چی بنووسم …؟
کام ئۆقیانووس بەشی گریانی من دەکات، وەکوو ڕێژنەی ئەم بەهارە بەسەر ویژدانی خەواڵووی عەولەمەدا هەڵیڕێژم ! لە تەرمی کێوە دەسپێبکەم .. هەتا کەی من بەبەرچاوی زەق وکوێری زلهێزەکانی دنیاوە هەر تەرمی خەونم بنێژم !؟ بەچ زمانێ لێم تێدەگەن، بیهۆنمەوە وشەو دێڕم ؟ من بۆ چەند هەزار ڕۆحی تر.. من هەتاکەی .. هەر شین و ماتەم بگێڕم !؟
من چی بکەم چی .. چی بنووسم …؟
تەنها پێنجن … پێنج هەزار دڵی ترساوی لەژین بێ بەش ! بەتەنها دە ، دە هەزار چاوی تەڕو گەش. چێشتەنگاوی شازدەی سێ یە ، تەنها سەدن، سەد هەزار پەنجەی تەزیوی دەست و پێیە! ملیۆنێ خەون و خەیاڵی پڕ ئاوات و پڕ لە ڕازە . بە هەزاران هەزار درەخت، گوڵ و گەڵاو چرۆی تازە. بەهەزاران دیوارو دەرگەو پەنجەرەو هۆدەو هەیوان ، دەیان تەختە ڕەشی دەرس و دەیان فرسەخ شەقام و ڕێ، کووچەو کۆڵان. بە هەزاران هەزار بێ گیان ، بەهەزاران هەزار گیاندار، بزاڤ، نەبزووت ، مەزن گچکە، مێژووی نزیکمان هی دوورمان، ئەملاو ئەولاو خواروو ژوورمان ، بێدەنگ دەنگدار ، خەوتوو بێدار، هەر هەموو شت، لەهەڵەبجەی بێ چارەدا، لەم کوشتەی دەستی ژارەدا، باوەشیان کرد بەیەکتردا، لەهاوارێکی تاساوی نەبیسراوا، ئاوێتە بوون ، توانەوە. لە شازدەی سێی هەشتاو هەشتی ئەو چەرخەوە ، هەتا ئێستاش ، هەڵەبجە پەنجە کەڵەیەو، پەنجەکەڵەی هەموو کوردێ هەڵەبجەیەو وا لە حەوزی مەرەکەبی تاوانایە، هیچ تەوێڵێ ، هیچ نێوچاوانێ نابووێرێ ، مۆری نەکات لەم دونیایە !
لەکامە گەردەلوولی مەرگەوە سەرێ بکێشمە دەرەوەو بەرەو کام لا پەل بهاوم ؟ بەرەو (ڕاستێ) کە سەد ساڵە خواربۆتەوە ؟ بەرەو (چەپێ) کە سەگ ئاسا هەر دەحەپێ ؟! کوانێ کەنارێ داڵدەم دا … لەکام تونێلی قڕکردن خۆم قوتارکەم ، تونێلی (مەن) ، تونێلی (بەن)، یان تونێلی ( ڕەواهو عەن ) ؟ لەژێر دوو باڵی قورسی چەند قەلوداڵ وکام هەوری ڕەشی سیرو سێوو، کامە زنجیری دەبابەو کامە شمشێری عروبە ، بە سنگە خشێ ، بە چنگە کڕێ ، خۆم دەربازکەم ؟ کوانێ دەزوولەیەک ئومێد، شەستە بارانی ئازادی و سەربەخۆیی بەخوڕداکات، تۆزی سەحرای نوگرە ئەنفال و ئارەقەی ئەبو غرێب، بۆنی سێوو سیرو خەردەل لەسەر جەستەی ئەم سەدساڵەم بشواتەوە ! دەشت و دۆڵم ، چیاو چۆڵم ، تێر لەئاوی ئەو خودایە بخواتەوە !؟

___

سوید: لەیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی پانێڵێک سازکرا

nusar1

پرۆفایلی دیێگۆ مارادۆنا

nusar1

ئەلفوبێی کوردی

nusar1
KDC

FREE
VIEW