ڕۆژی پێنج شەممە، رێککەوتی٢ی٣ی٢٠٢٣، نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، بەشداری دووەمین دیداری شێخی شاعیران (پیری عاشقان)، شێخ حەسیب قەرەداغی کرد.
مزەفەر ئەحمەد، نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بەشداری دووەمین دیداری (شێخی شاعیران حەسیب قەرەداغی) کرد، کە لەلایەن ڕێكخراوی (كوردستان دیالۆگ) سازکرابوو و، تێیدا چەند بڕگەیەكی تایبەت پێشكەش کران، لەوانە ناساندن و پێشكەشكردنی دیوانی فەرهەنگی (خەمی ناخ) بە سێ توێژینەوەی ئەدەبییەوە، هەروەها ڕێزلێنان لە پۆلێك نووسەر، ئەدیب، هونەرمەند و كەسایەتی دیاری کۆچکردووی شاری هەولێر.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ هونەرمەندان دیاری قەرەداغی، سەعدون كاكەیی، هەرێم محەمەد و، چەندین ژەنیاری بەتوانا و، لەلایەن دکتۆر بەهات حەسیب قەرەداغی قەسیدەی ئەوڵ سەحەرەی (حسیب قەرەداغی) پێشکەش کرا.
حەسیب قەرەداغی (شێخی شاعیران)، لە ئایاری ١٩٢٩ گوندی (سۆڵەی چرچە قەڵا)ی ناوچەی قەرەداغی سەر بە شاری سلێمانی و، لەنێو خێزانێکی خوێندەواری بنەماڵەی شێخانی مەردۆخی دا ھاتووەتە ژیانەوە.
بەهۆی چالاكییە سیاسییەكانییەوە، تا شۆڕشی چواردەی تەممووزی ١٩٥٨، چەند جارێک زیندانی کراوە، دوای کودەتای بەعەسییەکان لە شوباتی ساڵی ١٩٦٣ دا، جارێكی دیكە دەستگیر دەكرێت و بۆ ماوەی ٣ ساڵ زیندانی دەكرێت.
دوای تەمەنێك كۆشش و نووسین، لە ٥ـی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٧ كۆچی دواییكرد و، لە “گردی سەیوان”ی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.