KDC

میدیاو بەگژاچوونەوەی گەندەڵی

پ.ی. د. بەهات حەسیب قەرەداخی

دکتۆرای فەلسەفەی میدیا

ئەوەی لەماوەی دە پازدە ساڵی رابردوودا لە کارو چالاکیی میدیای کوردیدا، سەرنجی هەمووانی راکێشاوە، ئەو هات وهاوارو دەنگە دەنگەیە کە دەربارەی دیاردەی گەندەڵی وروژاندوێتی و بەردەوامیش چاوو دەنووکی لەسەرێتی ، بەجۆرێک کە بەدەگمەن وتارێک ، هەواڵێک ، ڤیدیۆیەک، راپۆرتە هەواڵێک، بەرنامە و دیدارو دیبەیتێک بەرهەمهاتوون ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە گەندەڵی نەدوابێت. کەچی لە بەرامبەردا، هەم ڕێژەو ئاستی گەندەڵی لە هەڵکشانی بەردەوامدابوون و هەم میدیای “سەربەخۆو ئەهلییش” لەم مەیدانەدا هیچیان بەهیچ نەکردووە ، بەڵام هێشتا لە هەراو زەناش نەکەوتوون !

کەواتە دەبێ هەڵەو چەوتییەکە لەکوێدابێت ؟ ئایا کێشەکە لە ئاڵۆزی و سەختیی خودی دیاردەی گەندەڵیدایە ؟ یان بەشێک لە کێشەکە ئەو بەدحاڵی بوون و سادەگۆیی و بەساویلکەیی مامەڵەکردنەی میدیاو میدیاکارانە لەتەک وەها دیاردەیەکی ئاڵۆزدا ؟ ئایا ئەم بێ دەسکەوتی و نشوستییەی پاش ئەم هەموو ساڵە بەگژاچوونەوەیەی گەندەڵی لە لایەن میدیای کوردیەوە ، هیچ خوێندنەوەیەکی تر هەڵناگرێ ؟ ئایا ڕەوا نیە گومانمان بۆ ئەوە بچێ، کە هەڵکشانی ڕیژەو ئاستی گەندەڵی، کەرەسەیەکی خاو بۆ بەردەوام بوونی کاری هەندێ دەزگەی میدیایی و بازاڕگەرمیی بۆ “میدیای سکێندەڵ” مسۆگەرو دابیندەکات ؟ ئەی بەدیوێکی تردا مافی خۆمان نیە بپرسین : ئایا ناوەندەکانی کاری میدیایی لە کوردستان و ناوچەکەدا بەگشتی، تاچەند خاوێن و بێگەردو بەدەرن لە گەندەڵی و سکێندەڵەکانی؟ ئاخۆ ڤایرۆسی گەندەڵی خۆی نەگەیاندۆتە جومگە سەرەکی و لاوەکییەکانی کاری میدیایی کوردستانییش ؟

گەندەڵی فرە شێوەو فرە بوارە .. قەڵاچۆکردنیشی بەچەندین قۆناغ و چەندین شێوازو میکانزم بەئەنجام دەگات. گەندەڵی کارێکی ئەوەندە دزێوو ناپەسەندە، کە هەردەبێ بە نهێنی و لەژێر پەردەوە بکرێ. هەر لەبەرئەوەشە کە یەکێ لە گرنگترین قۆناغەکانی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی، پەردە لەسەر هەڵماڵینێتی. لێرەوە میدیا رۆڵێکی هەرە گرنگ و بنەڕەتی لە قۆناغی ئاشکراکردندا دەگێڕێ ،کە سەرەتای پرۆسەی بەگژاچوونەوەی گەندەڵییە. هەرلێرەشەوەیە کە ململانێی سەختی نێوان گەندەڵکاران و میدیا سەرهەڵدەدات.

ئەرک و رۆڵی میدیا لەم ململانێیەدا زۆر سەخت و وردە، چونکە میدیاکاران و دەزگاکانی میدیا دەبێ وەک دەسەڵاتێکی میللیی )خاوەن شکۆو خاوەن سەروەری( مامەڵەیەکی دروست و بابەتیانە لەتەک ئەم بابەتە هەستیارەدا بکەن، دوور لە تەرەفداری و بەدەر لە خواست و بەرژەوەندیی تایبەت و ناوزڕاندن و تۆمەت هەڵبەستن و قسە وقسەڵۆکی بێ سەرچاوەو بێ بەڵگە.

بەر لە هەموو شت پێویستە خودی میدیاکاران و دەزگاکانیشیان لەرێی چەندین سیمینارو ۆرکشۆپی زانستی و ئەکادیمییەوە لە پەتای وتنەوەو جووینەوەی بێ باکگراوندو ناهۆشیارانەو سادەگۆییانەی هەندێ چەمک و زاراوەی زۆر باوی ئەم رۆژگارە رزگاربکرێن و سەرلەنوێ چەمکەکانی وەک : گەندەڵی ، ئازادیی رادەربڕین ، دەسەڵاتی چوارەم ، رای گشتی و چاکسازی و تەنانەت دیموکراسی و خودی ئازادییشیان بۆ روونبکرێتەوەو لە ژێر هەژموونی هزری پۆپۆلیستی و ئانارشیزم و (رۆژنامەوانیی زەردو سکاندەڵۆس – ئابڕوبەر ) دا دەربهێنرێن.

بەگریمانەی ئەوەی گشت دەزگاکانی میدیاو میدیاکارانیش تا ئێرە خۆیان لەو پەتایە پاراستووە، بەڵام نەیانزانیوە دروست مامەڵەی لەتەکدا بکەن ، لێرەدا چەند هانگاوو رێوشوێن و پێشنیازێک ، بۆ دەزگەکانی میدیاو میدیاکاران دەخەینە ڕوو، کە پێویستە لە قۆناغی پەردە لەسەرهەڵماڵین و بەگژداچوونەوەی گەندەڵیدا ڕەچاوبکرێن :

1 . گۆشکردنی جەماوەر بە ڕەوشت و بەهای بەرزی مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی بۆ خاک و خەڵک، لەڕێی بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەکی پڕاوپڕ لە ئاکارو مۆراڵی دروست و بەجێ.

2 . سازدان و رێکخستنی هەڵمەتی راگەیاندنی بەردەوام بۆ دروستکردنی رای گشتی بۆ رسواکردنی دیاردەی گەندەڵی لە وڵاتدا .

3 . بایەخدان بەو توێژینەوە زانستی و ئەکادیمیانەی لەبواری هۆکارو جۆرو میکانزمەکانی بەگژاچوونەوەی گەندەڵیدا ئەنجامدەدرێن و ئاشناکردنی خەڵک بە ئەنجام و پێشنیازو ڕاسپاردەکانیان بە زمانێکی سادە.

4 . تیشکخستنە سەر گیروگرفتەکانی رۆتین و بیرۆکراسیەت و رێنوماییە کۆسپدارەکانی داوودەزگاکانی حکومەت کە بوار بۆ گەندەڵی خۆشدەکەن و ڕەخنەکردن و خستنەڕووی مۆدێلی شەفاف و کراوەترو سەردەمیانە.

5 . سازدانی کۆڕو سیمینارو بەرنامەو دیمانەی رۆژنامەوانیی چڕوپڕی تایبەت بە زەرەروزیانەکانی دیاردەی رۆتینسالاری بیرۆکراسییەتی بکوژی گیانی دەسپێشخەری.

6 . بەدواداچوون و خستەنەڕووی ئەو رێکارە ئیداری و یاساییانەی کە حکومەت دەیانگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن و نەهێشتنی گەندەڵی .

7 . ئاشناکردنی جەماوەر بە ئەزموونی گەلان و وڵاتانی تری ناوچەکەو دنیا، لە پرۆسێسی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا .

8 . پێداگری لەسەر پرسی شەفافیەت و چاکسازیی کارگێڕی و دارایی لە داوودەزگا حکومیەکان و مافی بەدەسهێنانی زانیاریی ڕاست و دروست لە سەرچاوە رەسەن و باوەڕپێکراوەکانیەوە.

9 . هاوکاریکردنی داواکاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری و دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و بەلاڕێدا نەبردنی کەیسەکانی گەندەڵی و بەبەڵگەوە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە چالاکی و رەفتارێکی گەندەڵکاری لەناو دەزگا گشتیەکانی دەوڵەتداو بەدواداچوونی کەیسەکانیان تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی .

10 . خۆ بەدوورگرتن لە گشتاندنی تاوانی گەندەڵی، چونکە لەو گشتاندن و دەسنیشان نەکردنەدا، هەم تاوانباری راستەقینە وندەبێ و نادۆزرێتەوە ، هەم کەسانێکی تری بێ تاوانیش بەناهەق تێوەدەگلێن و ناوو ناوبانگیان دەزڕێ و زیانی ماددی و ڕەمزیشیان پێدەگات . لەبریی ئەو گشتاندنە، پێویستە هەوڵی لێبڕاوانە بدرێ بۆ دەسنیشانکردنی وردی رەگەزەکانی گەندەڵی ( کێیە ؟ کەی ؟ لە کوێ ؟ چەند ؟ چۆن ؟ )

بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانەش پێویستە میدیاکار :

a) راستگۆو ورد ( پرۆفیشناڵ – پیشەگەر) بێ، لە کۆکردنەوەو لەبێژنگدان و هەڵسەنگاندن و پوختکردنەوەو بڵاوکردنەوەی زانیارییە بەدەسگەیشتووەکانی .
b) ئازاو چاونەترس بێ و خۆبەدەسەوە نەدات بۆ چەشەو بەرتیل یان هەڕەشەو چاوسوورکردنەوە. لەهەمان کاتیشدا هەلەشەنەێت و خۆی نەکاتە نێچیرێکی ئاسان و بەردەست بۆ گەندەڵکاران و مافیاکانیان.
هەروەک چۆن پێویستە دەزگاکانی میدیاش ناو بەناو ۆرکشۆپ و خولی راهێنان بۆ میدیاکاران بکەنەوە بەمەبەستی بەهێزکردنی تواناکانیان لە بواری چۆنیەتیی مامەڵەکردن لە تەک دیاردەی گەندەڵی و گەندەڵکاران و شێوازەکانی گەڕان بەدوای نهێنییەکان و مامەڵە ژێربەژێرەکاندا .

لەبەرامبەریشدا، دەبێ هەر لە سەرەتاوە پێشبینیی بکرێ کە گەلێ کۆسپ و ئاستەنگ هەن و دێنە رێی میدیاکار لەم بوارەدا، لەوانەش :

  1. بێ باکی و خەمساردیی توێژێکی فراوانی جەماوەرو ڕاهاتنیان لەگەڵ گەندەڵیداو قبووڵکردنی وەک دیاردەیەکی ئاسایی و سروشتیی رۆژانە .
  2. مامەڵەی سەرپێی و نا جددی و ڕووکەشیانەی دەزگاکانی میدیا لەتەک ئەم دیاردەیەداو بەدوادانەچوونی وردی کەیسەکان .
  3. پشتنەبەستن بە سەرچاوەی راستەقینەی زانیاری و خۆ دانەدەس واتە وات و قسەو قسەڵۆکی ئەم و ئەوو سەرچاوەی نادیارو وەهمی و بێ بەڵگە، یان زیادەرۆیی لە داڕشتنەوەو گواستنەوەی (سەرەمقەستی زانیاری) و بەزاندنی سنووری ئیتیک و بەرپرسارێتی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی لە کاتی وەسفکردن و باسکردنی هەندێ حاڵەتی دیاردەی گەندەڵیدا.
  4. گرنگیدانی لەڕادەبەدەر بە وتاری رەخنەیی تاقەت پڕۆکێن و پشتگوێخستنی ژانرە سەرنجڕاکێشەکانی ریپۆرتاژو ستۆری و بەدواداچوونی رۆژنامەوانیی گەرماوگەرم.
  5. نەبوونی هەماهەنگی و لەیەکتر گەیشتن لەنێوان دامەزراوە حکومیەکان و دەسەڵاتەکانی دادوەری لە لایەک و دەزگاکانی میدیا لە لایەکی ترەوە .
  6. جێبەجێنەکردنی ئەو یاساو ڕێسایانەی مافی گەیشتن و بەدەسهێنان و بڵاوکردنەوەی زانیاری بۆ میدیاکاران فەراهەمدەکەن.
  7. نەبوونی پەیوەندییەکی دروست و هەماهەنگ لەنێوان دەزگاکانی میدیادا، بە جۆرێک کە هەندێ لەو دەزگایانە مەبەستیان خرۆشاندنی شەقام و بازاڕگەرمی و زیادکردنی ژمارەی بینەرو خوێنەرو گوێگرو لایک وڤیوەرەو ئامانجیان بەدەسهێنانی هەندێ دەسکەوتی ماددی یان مەعنەوییە ،کە تەواو دوورن لە بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکە، کە نەهێشتنی گەندەڵی و چاکسازیی ئیداری و داراییە.
  8. بەدناوی و خراپیی ناوبانگی هەندێ بەناو میدیاکارو تێوەگلانی هەندێ دەزگای بەناو میدیایی لە ململانێی سیاسی وبازرگانیی مافیاگەریدا، هۆکارن بۆ لەدەسدانی متمانە بە میدیا ، بە جۆرێک کە ئیتر جەماوەر بەچاوی ڕێزەوە نەڕوانێتە سەرانسەری پرۆسێسی بەگژاچوونەوەی گەندەڵی لە وڵاتدا .
  9. فۆکەس خستەنەسەر هەندێ گەندەڵکاریی و مامەڵەکردن لەتەک دیاردەکەدا وەک بابەتێکی میدیای و رۆژنامەوانی و هیچی تر .. لەبریی قووڵبوونەوە لە لێکدانەوەو شیکردنەوەی دیاردەکە، وەک دیاردەیەکی مەترسیدارو کوشندەی کۆمەڵایەتی و کەلتووری.

___

کۆچی گەنج

KDC

لیستەکەی ئیسرائیل و بەرپرسانی ئێرانی!..

nusar1

ھێز لە یەکگرتندایە

KDC
KDC

FREE
VIEW