KDC

شێوەکاری کورد سەلاح حەمە ئەمین ئەزموونی ئابسراك لە نێو کاری فۆتۆگرافی دا


ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەند
هونەرمەندی شێوەکاری کوردصلاح الدین محەمەد ئەمين ناسراو بە سەلاح حەمە ئەمین لەدایك بووی شاری کەرکووك لەساڵی ١٩٥٨ لەگەڕەکی بەگلەر ، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لەکەرکووك تەواو کردووە ، وە بەشدار بووە لە پێشانگەی هاوبەشی سەردەمی خوێندکاری ، وە بەشدار بووە لە پێشانگای هونەرمەندانی کەرکووک ساڵی ١٩٧٧ .
من پێم باشە تێڕوانین و دیدەیەك لەکارە هونەریەکانی هونەرمەندی شێوەکار سەلاح حەمە ئەمین بدەم لە ڕووی تەکنیك و کارو پیشەیی و قوتابخانە هونەریەکان و بەکارهێنانی کەرەستەکان و گەیشتن بەو ستایل و شێوە هونەرییەی کە قۆناغێکی هاوچەرخ و مودێرنی ئەمڕۆی هونەری یە ، بە شێوەیەك کە زۆر جار مرۆڤ لا بەلایی ڕوو لەو شێوازە دەکات ، یان لەپاش هەموو ئەزموونێك ڕاستی یەك دێتە پێشەوە کە ئەویش دەست بردنە بۆ ماتریاڵە شاراوەکان لەکارە هونەرییەکاندا ، بەڵام ئەوەی کە دیارو ئاشکرایە سوود وەرگرتن لە ئەزموون و کارو پیشەیی ئەو ڕابردووەیە کە هونەرمەند پێیدا تێ پەڕێوە ، بەتایبەتی لە کارە هونەریەکانی هونەرمەند سەلاح حەمە ئەمین ، من وا دیدە دەکەم کە زۆر جار هونەرمەند بەو هەموو هەست و هزری یەوە دەیەوێت هێڵەکان و ڕەنگەکان و فۆرمەکان بباتەوە بۆ شێوەی بێ ئاگایی ، ئەوەش واتە بۆ هێڵە سەرەتایی یەکان لە هەستی مرۆڤدا .. ئایا هەروا بە ئاسانی مرۆڤ دەتوانێت هێڵە ئاسایی یەکان و لابەلاییەکان دووبارە بکاتەوە ؟ ئایا هەروا بە ئاسانی هونەرمەند دەتوانێت کارێکی هونەری دووبارە بکاتەوە لە ئەزموونی هونەریدا کە وەکو یەك بن ! بێگومان نەخێر هێڵەکان و پانتایی پڕ کردنەوە و هێڵە باریکەکان وەکو تاڵی قژ وان ، هیچیان لە هیچیان ناچیت . بۆ دووبارە بونەوە یان بۆ کۆپی کردن و لەیەك چوونی توخمەکان .
ئەوەی کە هونەرمەند بۆی چووە هەندێك جار شڵەقاندنی مێشك و دەروونە ، هەندێک جاریش کزبوونی چاوەکانە ، یان قووڵ بونەوەیە لە قووڵایی هونەرو ئابستراکیەتی ژیان . تابلۆگەلێک بەپێچەوانەی سەرجەم شێوەکاران لەرۆشنایی هێڵەکانیان ئەکیشرین و لە تاریکیدا بەرهەم ئەهینرین ، بێگومان ئەمەش خۆی لەجۆیدا ئەفراندنە .
ئابستراکیەتی ژیان و قووڵ بونەوە تێیدا ئەو ڕۆژگارانە بوون لە ئێمە بە چاۆی خۆمان بینیمان ، بەڵام لەوانەیە لەم سەردەمەدا کە باسی بکەیت بە موعجیزەو سەیرو سەمەرەی دونیای پێ بە نێو بکەن ، فەلسەفەو جیهانگیری وپەلەکێش کردنیان بەرەو کارە شاراوەکان ، ڕۆژگارە تاڵ وترسناکەکان ، ئەو ڕۆژانەی سنوور سنوور بوون بۆ پەڕینەوە ترسناک و سامناکەکان ، یان بۆ زیندانە تاریکەکان ، بێگومان لە لاکەی تریشەوە تروسکە هیواو گەڕان بەدوای هەتاوو ئازادیدا ، کەم کەس هەیە لەو ووشانە تێ بگەن یان شی کردنەوە بۆ هێڵەکان و ووشەکان بکەن .. ئەو کارە هونەریانەی سەلاح حەمە ئەمین ئەو ووشانەی تێدایە کە من ناوم بردوون ، ژوورە تاریکەکان ، چیاکان و خەون بینین بەودیوی چیاکانەوە ، یان لەژێر سەرابا یان چاوێکی کزو تاریك دەبێت شەڕ چی بە هێڵە لاوازو و بێ هەناسەکان لەق بکات ! من بەڕاستی شۆرشی هونەری ئەو سەردەمەی ساڵانی ١٩٨٥ بەدواوە بە شۆرشێکی هونەری هاوچەرخ و مۆدێرنی دەزانم ، کە ئێستا لەم سەردەمەدا لەپاش ٣٦ ساڵ سەرەنجی لێ دەدەین .زۆر شت هەیە لەم سەردەمەدا گۆڕاوون ، مرۆڤەکان ، کەلتوورەکان ، کەرەستەکان ، بیرکردنەوەکان ، هەموو شتەکان گۆڕاون ، بەڵام تێگەیشتن لە ڕابردوو ئاستەم و زەحمەتە کە تێ بگەیت بۆچی بەدوای ئەو ڕۆژگارانەوە بووین .
کەرەستەکان .. ژوورێکی گەرم و دابڕاو وەکو ژوورە نهێنی یەکانی ژیان وان . کەرەستەی چاپکردنی وێنەی ڕەش و سپی (ئامیری لارجەر) بۆ چاپکردنی وێنەکان و وەرەقەی چاپکردنی وێنە و دەرمان گرتەوەو ، گیراوەی مرەکبی چینی و قەڵەمی سۆفت و رۆترینگ و رووناکیەکی بلاجیوکتەری ١٠٠٠ وات ، بۆ بەکارهێنانیان لە کێشانی تابلۆکان کەتەنها هونەرمەند سەلاح حەمە ئەمین دەزانێت لە کوێ وە ئەم لەنگەرەی گرتووە ، کۆمەڵە ئامێرێکی چاپ و فۆتۆگرافی کە هەندێکیان ڕووسی بوون وە هەندێکی تر یابانی، دەست نەکەوتنی کەرەسەتەکان لەو سەردەمەدا ئەوەش کێشەیەکی تر بوو بۆ هونەرمەند ، بەتایبەتی پەڕەی بریقەدارو زبر بۆ چاپکردنی تابلۆکان بەڕەنگی ڕەش و سپی بەتایبەتی قەبارەی گەورە . وە دووربینی چاوی هونەرمەند سەلاح حەمە ئەمین ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کەسی یەکەم بووە کە بەو تەکنیکە لە ماوەی ساڵانی هەشتاکان و دواتر ئەو کارانەی ئەنجام داوە و بەو کارانە لەو سەردەمەدا بەشداری لە پێشانگاکاندا کردووە ، زۆر جار من سەردانی هونەرمەندم دەکرد لەماڵی خۆیان کە ستیودیویەکی هەبوو بۆ کارە هونەریەکان ، کە پلەی گەرماکەی لە ٤٨ پلەدا بوو چونکە نەدەبوو باو هەوا هەبێت لە کاتی چاپ کردندا ، تانەبێتە هۆی تێك چوونی گیراوە کیمیاییەکانی چاپ کردن .
لەدوای دەست نیشان کردنی بابەتەکان یان فۆرمەکان ئەو دابەش کردن و شێوەیەی دەبردە هەنگاوی کار کردن لەسەر فلیمی وێنەی فوتوگرافی ، دواتر بۆ چاپ کردن و ووشك کردنەوەی وێنەکان ، دواتر بۆ کاری دەستی کە بە قەڵەمی ڕۆترینگ و سۆفت و ڕەش و سپی ، ئەم هەنگاوانە بێگومان کاتی زۆری دەویست تاوەکو کارە هونەریەکانی پێ ئەنجام بدات ، بێگومان ئەگەر پێوانەکەی گەورەتر بوبایە ئەوا کاری زیاترو کاتی زیاتری دەویست . بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کۆمەڵەکارێك وە پەیوەندییەکانی هونەرمەند لەگەڵ دەستەیەکی چالاکی هونەرمەندانی ئەو کاتە هۆکار بوون بۆ هەنگاوی هونەری و بەرهەمی هونەری زیاتر و سەرنج راکیشتر .
بەشدار بوونی لە نێو پێشانگاکاندا وە مانەوەی لەنێو شاری کەرکووكدا ئەوەش گرنگی خۆی هەبوو ، بۆیە هونەرمەند سەلاح حەمە ئەمین بۆ ئێمە هەردەم سمبوڵێکی جوان و مرۆڤایەتی و هێمای ڕۆژانی ساڵانی هەشتاکان و دواتر بووە .

نازناو :- صلاح حەمە ئەمين 
ساڵ وشوێنى لە دايك بوون :- 1958 / كەركوك بەگلەر 

لە قۆناغەكانى خويندنى سەرەتايى و ناوەندى بەشدارى لە چەندين پيشانگەى هاوبەشى قوتابيان و خويندكارانى شارى كەركوك كردووەو چەندين جارخەڵات كراوە
يەكەمين پێشانگەی هاوبەش بەشداری تێدا كردووە لە دەرەوەى خوێندنگا :- پيشانگاى هاوبەشى هونەرمەندانى كەركوك 1977
يەكەم پێشانگەى تايبەت :- ساڵی 1985 كەركوك هۆڵى ( التأميم بۆ هونەرى نوێ )
يەكەمين هونەرمەندى كوردو عيراقى يە كە ( تەقەنياتى هونەرى فوتوگرافى ) لە سالَى 1981 خستووەتە ناو بواری هونەرى شێوەكارييەوە
لە ماوەى پتر لە (40) ساڵ لە ژيانى هونەرى بەشدارى لە چەندين پێشانگەى هاوبەش لە نێو شارى كەركوك و دەرەوەى ئەو شارەدا كردووە .
لەكۆتایی ساڵی ( 1991 ) دا و لە دوای راپەڕِينە مەزنەكەی گەلی كوردستان يەكێك بووە لە دەستەی دامەزرينەری ( لقی كەركوكی كۆمەڵەی هونەرمەندانی كوردستان )
لە ساڵاني ( 2000 و 2001 ) دا كاری هێڵكاری بۆ كتێبي ئەدەبی چەند نووسەرێكی شاری كەركوك كردووە
شیعر بەهەردوو زمانی كوردی و عەرەبي ئەنووسى و چەندين شيعرى لە رۆژنامەو گۆڤارە كوردی و عەرەبييەكاندا بڵاوكردووەتەوە
لەسەرەتای ئازادكردنی شاری كەركوك لەساڵی ( 2003 ) دا رۆڵی سەرەکی لەكردنەوەی ( ناوەندی كەركوكی يەكێتی هونەرمەندانی كوردستان ) دا هەبووەو لەدوای چەند مانگێك بەهەڵبژاردن بۆ ماوەی پتر لە (3) ساڵ سەرۆكايەتی ( ناوەندی كەركوكی يەكێتي هونەرمەندانی كوردستان ) ى لەئەستۆ گرت .
لە كۆتایی ساڵی ( 2007 ) دا لەلايەن وەزارەتی رۆشنبيری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك سەرۆكی ( ليژنەی هونەری شاری كەركوك ) دەستنيشان كرا . ئەم ليژنەيە لەماوەی تەمەنە كورتەكەيدا توانی بەهەماهەنگی ( وەزارەتی رۆشنبيری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ) چەندين چالاكی هونەری لە بوارە جياجياكانی هونەردا ئەنجام بدات
لە ساڵي (2008) دا كتيبێكى بەناونێشاني ( راستكردنەوەی مێژووی هونەری شێوەكاری لەشاری كەركوكدا) بەچاپ گەياند .
لە ساڵي ( 2011 ) دا رۆڵی يەكێك لە كارەكتەرە سەرەكييەكانی زنجيرە درامای ( كەركوك 4 ) ى بينی كە لە چەند كەناڵێكی ئاسمانی كوديدا پەخش كرا . ئەم زنجيرە درامايە لە دەرهێنانی هونەرمەند ( ناصر حەسەن ) ە
تاوەكو ئەمڕۆ چەندين بابەتى هونەری لە بوارى هونەرى شێوەكاری و شانۆدا بەهەردوو زمانى كوردى وعەرەبى لە گۆڤارو رۆژنامەكاندا بڵاوكردووەتەوە وماوەی پتر لە (4) چوار ساڵ پەيامنيری گۆڤاری ( شاكار ) بووە لەشاری كەركوك كە گۆڤارێكی هونەرييە لەشاری سلێمانی (يەكێتي هونەرمەندانی كوردستان) و دواتر (سەنديكای هونەرمەنداني كوردستان) دەريئەكرد . هەروەها چەند بابەتێكى هونەری لە رۆژنامە عەرەبيەكانى دەرەوەى عێراق بڵاوكردووەتەوە.
بەرامبەر بەو خزمەتەى لە ماوەی پتر لە ( 40 ) ساڵدا پێشكەشى بزافى هونەری شێوەكاريي شاری كەركوكى كردووە ، هەروەها بەهۆی ئەوەی لەدواى ئازاد كردنى شاری كەركوك لە ساڵى ( 2003) دا رۆڵی سەرەكی لە كردنەوەى ناوەندى كەركوكى يەكێتی هونەرمەندانی كوردستاندا هەبووە لەڕێكەوتی 4 / 7 / 2012 لەلايەن ( سەنديكای هونەرمەندانی كوردستان ) ( درعى سەنديكاى هونەرمەندانى كوردستان ) پێ بەخشينرا .
لەساڵى 2018 بەهاوكارى دەزگاى داودى بۆ گەشەپێدان يەكەمين ديوانە شيعري بەناونيشانى (موطىء حلم) بەزمانی عەرەبی بەچاپ گەياند .
لەكۆتايی ساڵی 2019 دا دووەمين ديوانە شيعرى بەناونيشانی(مرايا مهشمة) بەزمانی عەرەبی بەچاپ گەياند .
دیوانێکی شیعری عرەبی بەناونیشانی (عقارب الساعة 9) لە ژێر چاپدایە کە( يەكێتي گشتی نووسەران و ئەديبانی عيراق) بە چاپی ئەگەیینی .
ئەندامی ( سەنديكای هونەرمەندانی كوردستان) ە . .
ئەندامی ( يەكێتی نووسەرانی كورد) ە . .
. ئەندامی ( يەكێتي گشتی نووسەران و ئەديبانی عيراق) ە .
. ئەندامی ( سەنديكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ) ە .
. ئەندامی ( بنكەی ئەدەبی و روناكبيری گەلاويژ ) ە .
. ئەندامی (يەكگرتووى داهێنەرەعێراقييەكان بۆ هونەرە جوانەكان) ە .

___

ئەحمەد کایا رۆحێکی یاخی

KDC

هونەری چاپکردن و تەکنیکە جیاوازەکانی شێوەکاری کورد مەریوان جەلال

nusar1

پەرتووکی لەسەر لێواری ئازادی

nusar1
KDC

FREE
VIEW