KDC

ئاڵای كوردستان چۆن گەیشتە تاران؟

هاوار بازیان

كۆماری ئیسلامی بەرامبەر كورد لە هەر بەشێكی كوردستان و تەنانەت لەناو حیزب و رێبەرانیشدا سیاسەتێكی تەواو جیاوازی هەیە و ئەوەیان پرسێكی نوێ نییە. بانگهێشتكردنی رێبەر و سەركردەكانی كوردیش بۆ ئەو وڵاتە سەیر و نامۆ نییە، بەڵام ئەوەی تازە و جێگەی هەڵوێستەیە و بۆ كورد و نەیارانی شتێكی دەگمەنە، هەڵكردنی ئاڵای كوردستانە لە تارانی پایتەخت كە لە میانەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی ئیبراهیم رەئیسی وەك هەشتەم سەرۆك كۆماری ئێران هەڵكرا.
هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەم كاتەدا، بێگومان ویستی ئێرانییەكان نییە بەتایبەت كە هەرسێ جومگەی دەسەڵاتی چاودێری و یاسادانان لە پەرلەمان، بەڕێوەبردنی وڵات لە سەرۆكایەتی و سیستەمی دادوەری لە دەست باڵی توندئاژۆی كۆماری ئیسلامیدایە. گرینگیی و هەستیاریی پرسەكە لەوەدایە كە ئەوانەی هێزەكانی خۆیان لە عێراق و سووریا هان دەدەن و هاوكارییان دەكەن دژی ئاڵا و نەتەوەی كورد بوەستنەوە، چۆن ئامادە بوونە بەهەمان ئاڵا لە تارانی پایتەختی خۆیان پێشوازی لە سەرۆكی هەرێم بكەن؟ بەكوورتی و لە یەكەم هەڵسەنگاندندا چوار وەڵام هەڵدەگرێ.
1.كۆماری ئیسلامی پێشتریش و چەندین جار هەوڵی بانگهێشتكردنی بەڕێز مەسعوود بارزانی لە كاتی سەرۆكایەتیی هەرێم دابوو بەڵام هەمووجار بەهۆی پرۆتۆكۆلی سەردانەكە هەڵدەوەشاوە، چونكە بەڕێز بارزانی رژد بوو لەسەر ئەوەی مادام وەك سەرۆكی هەرێم سەردان دەكا، پێویستە بەئاڵای كوردستانەوە پێشوازی لێبكرێ. ئەم مەرجە بۆ بارزانی هێندە گرینگ بوو كە لە نێوان تاران  و ئاڵادا، ئاڵای هەڵبژارد و سەردانی تارانی نەكرد.
2.ئەو كەسەی ئێستەش وەك سەرۆكی هەرێم سەردانی تاران دەكا و بە ئاڵای كوردستانەوە پێشوازی لێكراوە، نێچیرڤان بارزانی لە هەمان بەرەی بارزانی و پارتی دیموكراتە كە ئەم حیزبە پێشتر ئەو پەیامەی بەتاران گەیاندووە ئامادە نین سەرۆكی هەرێمی خۆیان بەبێ ئاڵای كوردستان رەوانەی ئێران بكەن. بەرپرسانی ئێرانی ئاگاداری سووربوونی كورد لەسەر ئەم داوایە بوون و ئەزموونی سەرۆكی پێشووی هەرێمیان هەبوو. نێچیرڤان بارزانی پێشتر وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و لە چوارچێوەی پرۆتۆكۆلی ئیداریدا چەندینجار سەردانی تارانی كردووە.
3.سووربوونی كورد لەسەر هەبوونی ئاڵای كوردستان لەو رێوڕەسمەدا بەتایبەت پاش ئەوەی پارتی دیموكرات لە باشوور كە هاوكات سەرۆكایەتیی هەرێمیش دەكا و پێشڕەوی كاروانی گشتپرسی و سەربەخۆیی بووە، پێدانی پەیامێكە بەتاران: ئەو ئاڵایەی ئێوە لە كەركووك پاش گشتپرسی پیلانگێڕیتان لە دژی كرد، ئێستە لە تاران و بەڕەسمی لەسەر دەستی خۆتان دەشەكێتەوە.
4.لاوازبوونی كۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوەخۆیی و دەرەكیدا، ئەو دەسەڵاتەی ناچار كردووە هێڵە سوورەكانی كاڵ و كەمتر بكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ لەناو ئەو هەموو قەیرانە ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئەمنیی ناوەخۆیی و هەروەها گەمارۆ و داڕمانی بەهای دیپلۆماسی لەئاستی ناوچەیی و جیهانیدا دەربازی بێ. دۆخی ئێستەی ئێران لە هەموو ئاستەكان لەوپەڕی خراپیدایە كە ئەوەیان باسێكی ئاماری و جیاوازە.
بەگشتی، ئەو ئاڵایەی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پایتەختی ئێران هەڵكرا، ئاڵای بەهێزبوونەوەی كورد و ناچاربوونی دوژمنێكی دێرینی كوردە تا رێز لە كورد و بەهاكانی لانیكەم لە باشوور بگرێ، بەتایبەت كە هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە پێگە و دەروازەیە، لە رووی سیاسییەوە پشتگیریی بەغدای هەیە و لە رووی ئەمنییەوە دوا پەناگەی ئەمریكایە لە عێراق و سەرجەمی ئەوانە بۆ ئێران گرینگن.

___

لە یادی ئەنفالی بارزانیەکاندا با هەموومان کوردبین و کوردایەتی بکەین

KDC

ئەمڕۆ 14/6 لە تەواوی وڵاتی سویسرا ژنان خۆیان بۆ خۆپیشاندانێکی گەورە ڕێک دەخەن

nusar1

هۆکارەکانی سەرکەوتن لە ژیاندا

KDC
KDC

FREE
VIEW