KDC

نا بۆ هاتنی ماکرۆن


فارس نەورۆڵی

جەنگی کورد لە پێناوی (ئیعتراف) دانپێداناندا بووە. واتە داننانە بەوەی نەتەوەیەک هەیە وەک هەر نەتەوەیەکی ئەم جیهانە دەیەوێ بژی. ئەم جەنگە لە پێناوی هیچ چین و ئایدۆلۆژیایەکدا نەبووە مەگەر کەسانێک بە نائاگایی کوردیان خستبێتە خزمەت ئایدۆلۆجیاوەوە، ئەویش چۆتە خزمەت نەتەوەکانی دیکە.

ئەو هەموو قوربانیەش کە بەخشیمان ئەو هەموو کارەساتە بە سەرماندا هات لە پێناو ئەوەدا بوو دەرەوە بمانبینێ و بزانن کورد لە ناو چ جەهەنمێکدا لەم ناوچەیەدا دەژی، کورد لەو سەردەمانەدا لە ناوچەیەکی کوێردا بووین نە چاوی سیاسەت نە چاوی بەرژەوەندی نەیدەبینین. ئا لەو سەردەمی کارەساتەدا کورد گوێی هەڵدەخست ڕادیۆیەک باسی بکات بەیانی لە ناو شەقامدا لە کوچە و کۆڵانەکاندا دەبوو بە هەواڵێکی گرنگ لەناو خەڵکدا و دەیانگوت:
ئەمشەوBBC یان مۆنتیکارلۆ باسی کوردی کردووە، یاخود ئەگەر حزبێکی کوردی بیویستایە پەیامێک لەسەر ئازارەکانی کورد بگەیەنێتە وڵاتێک، کارمەندی سەفارەتێک ئامادە نەبوو بیبینێت یاخود ئەگەر بیویستایە بیبینێ ئەوا لە قاوەخانەیەک لەتەکیان دادەنیشتن و دەبوو هەر لایەک پارەی قاوەی خۆی بدایە بۆ ئەوەی بەعس زویر نەبێت.

ئێستا گەلی کوردستان لەو دۆخە ئەنگوستە چاوەوە گەشتۆتە ئاستێک لەسەر ئاستی جیهان مامەڵەی لەتەک بکەن و فەرەنسا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی لە زۆر قۆناغی سەختدا بە هانای کوردەوە هاتووە. ئێستاش لەو قۆناغە هەستیارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە دژبەرانی کورد خەون بە سڕینەوەی کوردەوە دەبینن لەم کاتەدا، سەرۆک ماکرۆن دێتە
کوردستان بە ناوچەکە دەڵێ:
ئێمە دۆستی کوردین، کەواتە ئێمەی کورد پێویستمان بە هێزێکی نێودەوڵەتی هەیە، کە پشتیوانمان بێت لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا، دەبێ خۆشمان ئیرادەمان هەبێ و بیرکردنەوەیەکی ستراتیجیمان هەبێت بۆ ئەوەی وەک کۆتاییەکانی جەنگی یەکەم و دووهەمی جیهان هەر لە دەرەوەی مێژوو نەمێنینەوە. چونکە هەرچەند دەرەوەی ماڵی کورد ئامادە بێت بەڵام ناوماڵی کورد نائامادەبێت، ناتوانین لەتەک کاروانەکەدا ڕێبکەین ئەوەی هەندێ کاردانەوەی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دژ بە هاتنی سەرۆک ماکرۆن نیشاندرا هیچ پاساوێکی لۆژیکی نەبوو. تەنها لە ژێر هەژموونی هەندێ ئایدۆلۆژیادا بوو، کە نەدوێنێ و نە ئەمڕۆخزمەت بە خۆشیان و بە کوردیش ناکات. پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر فەرەنساو ئەو دەوڵەتە گەورانە ئێمە لەم ناوچە مرۆڤ خۆرەدا نەپارێزن وهاوپەیمانمان نەبن، کێن ئەوانەی پاڵپشتمان دەکەن و دەبنە هاوپەیمانمان؟
بۆیە ئەگەر ئەقڵانی و بەرمەبنای بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بیر بکەینەوە هاتنی ماکرۆن لەم قۆناغەدا مانای تایبەتی خۆی هەیە. دژایەتی کردنی هاتنی، تەنها دەلالەت لەوە دەکات خۆیان بیر ناکەنەوە بەڵکو وەکیل بیریان بۆ دەکاتەوە.

___

عێراق بەرەو کوێ ..؟

KDC

ڕۆڵی گەنج لە هەڵبژاردندا

KDC

هەموو کەس تۆی خۆش ناوێت

nusar1
KDC

FREE
VIEW