- Advertisement -

گەرمیان نیشتمانێکی لەبیرکراو

ئەسرین عاسی شوانی

ئەنفال، چیرۆکی تراژیدیای هەوڵی قڕکردنی کوردە لە کوردستانی باشوور. ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1988 بە ناوی ئەنفالەوە، قێزەونترین تاوانی جینۆسایدی ئەنجام دا. ئەنفال واتا (تاڵانی)، ناوی سوورەتی هەشتەمی قورئانی پیرۆزی موسڵمانانە، هەروەها ناوێکیشە ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ، لە زنجیرەیەک کردەوەی سەربازیی ناوە، کە لە 23ی شوبات تا 6ی ئەیلوولی 1988ی خایاندووە.

ڕژێمی بەعس لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی عێراق- ئێران، کە هەشت ساڵی خایاند، دەرفەتێک بوو پەلاماری گەلی کورد بدات و تاوانی بەدناوی ئەنفال ئەنجام بدات و گەلی کورد قەتڵوعام بکات، لەلایەن عەلی حەسەن مەجیدەوە، کە دەسەڵاتی ڕەهای لەلایەن سەدام حوسێنی ئامۆزای و سەرۆکی عێراق پێ درابوو، کە لەپای ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە، تا ئێستاش لەنێو کورددا بە (عەلی کیمیایی) دەناسرێت. ئەوانەی ڕۆڵی کارایان هەبوو لە پرۆسەی ئەنفال، کە سەرکردایەتییەکەی عەلی حەسەن مەجید دەیکرد، فەیلەقی یەک و پێنجی سوپای نیزامیی عێراق، هێزەکانی ئەمنی عاممە، دەزگای هەواڵگریی سەربازی، لەگەڵ فەوجە خەفیفەکانی کورد، کە بە (جاش) دەناسران. هەموو جۆرێک کەرەستەی سەربازی لە پرۆسەی ئەنفالدا بەکار هێنرا، بە هەموو پێداویستیی سەربازی و لۆجستی و داراییەوە. تاوانی ئەنفال دژی گەلی کورد تاوانێکی وەحشیگەرانەی زۆر دڕندانە بوو، ژمارەیەکی زۆری قوربانیانی تاوانی ئەنفال ئافرەت و منداڵ بوون، کە زۆرجار قڕکردنەکە لە گوندێک، یان ناوچەیەک زیندەوەریان تیا نەدەهێشت، لەگەڵ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، لە گازی خەردەل و دەمارەگاز، یان سارین، هەروەها وێرانکردنی هەزاران گوند، کە لە بەڵگەنامەکانی خودی بەعسدا هاتووە، کە سووتێنراوە، تەخت کراوە، تێکدراوە، هەروەها چەندین قەزا و ناحیە و شارۆچکەی دیكە چارەنووسیان وەك لادێکانی بەسەر هاتووە. وێرانکردنی نیشانە مەدەنییەکان لەلایەن ئەندازیارانی سەربازییەوە، وەک قوتابخانە و مزگەوت و بیر و کانی و سەرچاوە ئاوییەکان، تاڵانکردنی سامان و ماڵی هاووڵاتییان لە ئاژەڵ و مەڕوماڵات و گرتنی هەڕەمەکیی لادێنشینان لە ناوچە و زێدی خۆیان کە بە بڕیاری حکوومەتی عێراق کرابوون بە ناوچەی قەدەغەکراو، گرتن و دەستبەسەرکردنی دەیان هەزار منداڵ و ئافرەت و بەتەمەن، بەزۆرەملێ نیشتەجێکردنی پاشماوەکانی ئەنفال لە ئۆردوگا زۆرەملێکان و چاودێریکردنیان لەلایەن دەزگا سیخوڕییەکانەوە، لەگەڵ تێکدانی ژێرخانی ئابووریی دێهاتەکانی کوردستان، هەموو ئەمانە و زۆر لەوە زیاتر لە ماوەی قۆناغەکانی ئەنفال دەرهەق بە گەلی کورد کرا، کە بە قۆناغی یەکەم لە 23ی شوبات تا 19ی مارسی 1988 لە ناوچەی سەرگەڵوو و بەرگەڵوو و دۆڵی جافایەتی دەست پێدەکات، ئیتر ناوچە بە ناوچەو قوناغ بە قۆناغ هەڵمەتەکەیان ئەنجام دەدا و لە قڕکردن و کاولکردنی کوردستان هیچ سڵیان نەدەکردەوە.

ئەنفالی دووەم لە 22ی مارت-1ی نیسانی 1988 ناوچەی قەرەداخی گرتەوە.
ئەنفال سێیەم ئەنفالی ناوچەی گەرمیانە، کە لێرەدا باسەکەمان هەڵوەستەی دەوێت، گەرمیان واتا وڵاتی گەرم، ناوچەیەکی هەردە و دەشتێکی پان و بەرین و لە بەشی باشووری سۆرانی زمانی باشووری کوردستانە و هاوسنووری ناوچەکانی عەرەبنشینی عێراقە، لە بەرەبەیانی 7ی نیسان، سوپا و فەوجەکانی جاش لە دووزخورماتووەوە کەوتنە پەلاماردانی باشووری ڕۆژئاوای گەرمیان، لە دوو ڕۆژی دواتریشدا هێزەکان لە کەرکووک و لەیلان و چەمچەماڵ و سەنگاوەوە بەرەو شارۆچکەی قادرکەرەم پێشڕەوییان کرد، ڕەتڵی دوزخورماتوو خێرا بووە سێ هێزی هاوبەش، بۆ باشووری ڕۆژهەڵات لە شارۆچکەی نەوجوول بەرەو چەمی ئاوەسپی، دووەم بە هێزێکی گەورەتر بەرەو ڕۆژهەڵات جووڵەی کرد، هێزی هاوبەشی سێیەم هێرشێکی توندی کردە سەر تازەشار لە کەوانەی چەمی ئاوەسپی.

لەبەر فراوانیی ناوچەی گەرمیان، ڕژێم پەلامارەکانی دابەش کردبوو. دووەم پەلامار لە شاڵاوی ئەنفالی گەرمیان، قادرکەرەم و باکووری گەرمیان بوو، بە سەرکردایەتیی عەمیدی هێزی تایبەت بارق حاج حنتە، ئەو ڕەتڵانەی لە ڕۆژئاوا پێشڕەوییان کرد، هیچ تەگەرەیەکیان نەهاتە ڕێگا، چونکە ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان کەرکووک و چەمچەماڵ و ناوچەکانیان لە بەهاری 1987 وێران کرابوون و خەڵکەکەی ڕاگوێزرابوو، بۆیە هەر زوو دوای نیوەڕۆیەکی درەنگ لە 10ی نیسان گەیشتنە قادرکەرەم. لە پلانی پەلاماری سێ دا ناوچەکانی سەنگاو و باشووری گەرمیانی کردە ئامانج، هەرچی گوند و ئاوەدانی لەو ناوچەیە هەبوون وێران کران و خەڵکەکەی دەستبەسەر کران، ئینجا کەوتنە کۆکردنەوەی خەڵکە گیراوەکە و دوای وێرانکردن و تاڵانکردنی دێهاتەکان لەلایەن سوپا و جاشەکانەوە.

ئەنفالی چوارەم، دۆڵی زێی بچووک لە 3 تا 8ی مایسی 1988ی خایاند، لەم پرۆسەیەدا گەورەترین تاوان ئەنجام درا، بە هێڕشی کیمیایی بۆ سەر هەردوو گوندی گۆپتەپە و عەسکەر و دەیان كەسی سڤیل بوونە قوربانیی چەکی قەدەغەکراو. دوا پەلاماریش ئەنفالی چوار بوو، كە ڕۆژهەڵاتی تەقتەقی گرتەوە. ستراتیژییەتی سوپای عێراق ئابلوقەدان و پەلاماردانی ناوچەکە بوو، کە دە تا دوازدە ڕەتڵی جیا جیا لە چەند قۆڵێکەوە لە یەک کاتدا هێرشیان کرد، بە مەبەستی سڕینەوەی ژیان لە ناوچەکە. دوای کاولکردنی ناوچەی تەق تەق، یەکەکانی سوپای عێراق بە هاوکاریی جاشە سووکەکان، شارۆچەی شوان (ڕێدار)یان، کە 70 گوندی لەخۆ گرتبوو و لە بەهاری 1987دا پاکسازی کرابوو، لەگەڵ زەوی تەخت کرابوون و دانیشتوانەکەی لە ئۆردوگای زۆرەملێی دروستکراوی بنەسڵاوە و دارەتووی باشووری شاری هەولێر نیشتەجێی زۆرەملێ کران.

قۆناغی ئەنفالی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم نێو چیاکانی شەقڵاوە و ڕواندزی گرتەوە، كە لە 15ی مایس تا 26ی ئابی 1988بەردەوام بوو. کۆتا شاڵاوی ئەنفال لە 25ی ئاب تا 6ی ئەیلولی 1988 ئەنفالی بادینان بوو، لەسەرەتای شاڵاوە دڕندانەکەی بادینان، هێزێکی یەگجار قەبە، بەدرێژایی ڕێگا سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک بەدی دەکران، کە بەردەوام ناوچەکەیان بە تۆپی قورس تۆپباران دەکرد، لەگەڵ بۆردومانی فڕۆکە و هەندێ جاریش بۆمبی هێشوویی.

KDC

FREE
VIEW