ئاشتی گەرمیانی.. هۆڵەندا
زۆر لەمێژە ڕەوەندی کورد لەدەرەوە چاوەڕوانی وێستگەیەکی گشتگیرو بەرفراوانی دەکرت کە هەموومانی تێدا کۆ ببینەوە وە بتوانین بابەتی نەتەوایەتیمان و کەلتووری و ڕۆشنیری و هونەری و ڕەهەندەکانی تر لەو وێستگەیەوە بگەیەنینە یەکترو پردێکی بەیەکگەیاندن و ناساندنی یەکتری و ناسنامەی گەلی کورد بگەیەنینە دەوروبەرمان و دەرەوەی سنوورەکان ، ئەو هەنگاوە درەنگ نی یە ! چونکە هەموو هەنگاوەکان لە خاڵێکەوە دەست پێ دەکەن وە نێو ماڵی کوردی و یەکخستنی هەردەم پێویستە وە کەلتوورو ڕۆشنبیری کوردی وکو خواردێکی ڕۆژانەیە بۆ میللەتی خۆمان وناساندنیان بە دونیای دەوروبەر و جیهان ، لە ڕابردوودا ئەوروپا زۆر بنکەو سەنتەرو ڕێکخراو کۆمەڵەی جیاجیا هەبوون وە هەن ، هەموو ئەوانەش هەر بۆ خزمەتی کەڵچەرو کەلتوورو نەتەوەیی کورد بووە بەڵام لە دەووروبەرێکی جیادا ، وە هەریەك لە شارو شارۆچکەکاندا یان لە نێو پایتەختەکانی ئەوروپادا هەنگاوی جیاجیایان ناوە چ لە کۆڕو کۆبونەوەو دیدارو خۆپیشاندان و ناڕەزایی یان نمایش و ناساندن و یادەکان و بۆنەکانی میللەتی کورد ، بەڵام لە ئێستادا بوونی ڕەوەندی کورد لە نێو سێبەری چەترێکی کۆکراوەیی کارێکی وە پێویستەیەکی سەردەمی یە ، کە لە نێتێکی بەیەکەوە گرێ دراو ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی ووڵات کۆ بکاتەوە وە دیدەو ڕاو ئایدلۆجیەکان وە هزرە نەتەوایەتیەکان بخاتە چوارچیوەی کاری نەتەوەیی یە وە ، لەهەمان کاتدا گرنگی دان بە کەلتوورو ڕۆشنبیری کەڵچەرو زمانی کوردی وە دیدەگرتن بۆ داهاتووی نەوەکانمان لە دەرەوەی ووڵات و گۆشە کردنیان بە کەلتووری کوردەواری ، بۆیە من دیدەم وایە کە ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی ووڵات دەتوانێت زۆر کارو چالاکی و نزیك بوونەوەمان لەیەکتر ببێت وە ببێتە نێو ماڵێکی یەکگرتووی کوردەواری بۆ بەدی هێنان و دەوڵەمەند کردنی بوارە جیاجیاکان .
گەیاندنی هەواڵ و ئاگا بوون لە کوردستان بەگشتی گرنگی یەکی تری ئەو هەنگاوەیە ، لەکاتێکدا بەهۆی دووری ڕێگاو گەیشتن بە جێگاکان ، وە لە دوای پەتای کۆرۆنا ، نێت یان پەیوەندی ئۆنلاین و زووم و بەرنامەکانی ترو ئەنتەرنێت ڕێگاکانی کوورت کردۆتەوە ، بەڵام هەردەم کۆڕو کۆبونەوەی ڕەوەندی کورد گرنگی خۆی هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی کەلتووری و بیرو هزرو ڕەواندنەوەی دیدارەکانمان .
زۆر پێویستە کەلەداهاتوودا بێجگە لە تۆڕو ڕاگەیاندنی سۆشیال و هێڵە پەیوەندییەکان ، لە جێگاو هۆڵ و گەلەری و دەشت و دەرو بۆنەکاندا ئەو ئامادەییەی هەبێت ، من هیوادارم کە هەموو هەنگاوێکی نوێ دەستپێکێکی بەسەرچوو نی یە ، بەڵکو داهاتوویەکی باش و جوان دەبێت بۆ هەموو ڕەوەندی کورد لەدەرەوەی ووڵات .