کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەیادی 53 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد پەیامێک بڵاودەکاتەوە
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەبۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئەو یەکێتییە دەکات، هاوکات ئاماژە بەوەش دەدات، کە لەو ماوەی تەمەنیدا خزمەتێکی دیار و بەرچاویان بە ژانرەکانی ئەدەب و زمانی شیرینی کوردی کردووە.
دەقی پەیامەکە:
بەناوی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و، لەیادی پەنجا و دووساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد، ڕێزدەگرین و جوانترین چەپکە گوڵ و نێرگزی بەهاری پیرۆزباییمان ئاڕاستەی یەکەیەکەی ئەندامان و لایەنگران و هەواداران و سەرجەم ئەدیبانی یەکێتییە تێکۆشەرەکەتان دەکەین .
هەروەک لامان ڕوون و ئاشکرایە، نووسەرانی کورد لە کوردستانی گەورە بەگشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی، ڕێکخراوێکی نەتەوەیی و کوردستانیی تێکۆشەر و شۆڕشڤان بووە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی شۆڕش و مافی ڕەوای نەتەوەییدا لەسەنگەری خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەدابووە و، هەڵبەتا لەو پێناوەشدا بەسەدان شەهیدی پێشکەش بە نیشتیمانی کوردستانی دایک کردووە .
یەکێتی نووسەرانی کورد، لەماوەی ئەو (53) ساڵەی تەمەنیدا، خزمەتێکی دیار و بەرچاوی بە ژانرەکانی ئەدەب و قەڵەمی ڕۆشنبیر و زمانی شیرینی کوردی کردووە، بۆیە لەکۆتایی پەیامەکەماندا، جارێکی دی، لەیادی پەنجاودوو ساڵەی دامەزراندنی ئەو یەکێتییە تێکۆشەرەدا، ڕێز لە خەباتی نەپساوەی قەڵەمەکانیان دەگرین و پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە خۆمان و سەرجەم ئەندامە بەڕێزەکانی دەکەین.
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
2023/2/11