- Advertisement -

کورتە باسێکی دامەزراندن و رووخاندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد


لە 76 یەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد، کە لە رێککەوتی 1946/1/22ی لەسەر بنەمای کۆەمڵەی ژێکاف  و بە ڕێبەری پێشەوا قازی محەمەد پێکهات و، پاش 76 ساڵ، هێشتا ڕێگە و ڕێبازی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان بەردەوامە.
 
پێناسە:
دەوڵەتێکی دانپێدانەنراو: کۆماری کوردستان
سروود: ئەی رەقیب
پایتەخت: مەھاباد
زمان: کوردی
ئایین: ئیسلام
حوکمڕانی: کۆماری
سەرکۆمار: قازی محەمەد
سەرۆکوەزیر: حاجی بابە شێخ
سەردەمی مێژوویی: جەنگی سارد
راگەیاندنی سەربەخۆیی: 22 ی کانوونی دووەمی 1946
پاشەکشێی سۆڤێت: حوزەیرانی 1946
دەستبەسەراگرتنی لەلایەن ئێرانەوە: 15ی کانوونی یەکەمی1946
لە سێدارەدانی سەرکردەکان: 30ی ئازاری 1947
رووبەر: لە ساڵی 1946دا 37437 کیلۆمەتر بووە
دراو: ریاڵی ئێرانی
ئاماژە:
کۆماری کوردستان بە یەکەم کۆماری کوردی دەناسرێ و حەوت دەیە پێش ئێستا لە شاری مەھابادی کوردستانی رۆژھەڵات دامەزراوە، کۆمار و کیانێکی کوردی کەم تەمەن بوو، کە لە سەدەی بیستدا و لە دوای کۆماری ئارارات- لە تورکیا، دامەزرا. رێککەوتی 22ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1946 لەسەر بنەمای کۆمەڵەی ژێکاف و بە رێبەریی پێشەوا قازی محەمەد، لەلایەن حزبی دیموکراتی کوردستانەوە کۆماری کوردستان بە فەرمیی راگەیەنرا و، نوێنەرانی پارچەکانی کورستانیش تێیدا بەشدار بوون، رۆڵی کارای بارزانییەکانیش بە رێبەریی مەلا مستەفای بارزانی لەبیر ناکرێت. ھەرچەندە کۆماری کوردستان تەمەنی 11 مانگ بوو، بەڵام لەو ماوە کورتەدا لە بوارە جیاجیاکاندا گەلێک دەستکەوتی بە نرخی ھەبووە و، کاریگەری لەسەر فۆرمگرتنی شۆڕش و ناسنامەی کورد بە گشتی داناوە، وەک یەکەم کۆماری فەرمیی و دیموکراتی کورد لە مێژوودا تۆمار کراوە.
دامەزران و لەنێوچوونی کۆمار، بەشێک بوو لە قەیرانی ئێران، ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەمەریکا و سۆڤیەتدا ھەبوو، کە جەنگی ساردی لێ کەوتەوە.
 
پێشینەی سەرھەڵدانی کۆمار:
لە مانگی ئابی 1941، راپەڕینێکی جەماوەری کۆنترۆڵی ناوچە کوردییەکانی لە دەستی حکوومەتی نێوەندیی ئێران دەرھێنا، لە شاری مەھاباد، کۆمیتەیەک لە کەسانی چینی مامناوەند بە پشتگیریی سەرۆک خێڵەکان دەستەڵاتی ناوچەکەیان گرتە دەست، پارتێکی سیاسی بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، ژێ کاف دامەزرێنرا. قازی محەمەد، سەرۆکی بنەماڵەی قازی، بە سکرتێری پارتەکە ھەڵبژێردرا. کۆمیتەکە بە سەرکردایەتیی قازی محەمەد، ناوچەکەیان بە لێھاتوویی و سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە بۆ ماوەی 5 ساڵ تا رووخانی کۆمار بەڕێوە برد.
 
دامەزرانی کۆمار:
لە ئەیلوولی 1945، قازی محەمەد ‌و سەرکردە کوردەکانی دیکە، سەردانی تەورێزیان کرد و چاویان بە کونسوڵی سۆڤیەت کەوت و، لە بارەی پشتگیریکردنی کۆمارێکی نوێ گفتوگۆیان کرد، لەوێشەوە رەوانەی باکۆ ئازەربایجانی سۆڤیەت کران، لەوێ ئاگادار بوونەوە لەوەی پارتی دیموکراتی ئازەربایجان لە ھەوڵی ئەوەدایە دەست بەسەر ئازەربایجانی ئێراندا بگرێت. لە 10ی کانوونی یەکەمدا، پارتی دیموکراتی ئازەربایجان دەستی بەسەر پارێزگای ئازەربایجانی رۆژھەڵات (تەورێز)دا گرت، کە پێشتر بە دەست سوپای ئێرانەوە بوو. قازی محەمەد بڕیاری دا ھاوچەشنی ئەو کارە دووبارە بکاتەوە، بۆیە دوای چەند مانگ لە دامەزرانی حزبی دیموکراتی کوردستان، کە لەسەر بنەمای کۆمەڵەی ژێکاف لە 22ی کانوونی دووەمی 1946، قازی محەمەد بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە و، نوێنەرانی کوردی پارچەکانی دیکە، دامەزراندنی کۆماری کوردستانی راگەیاند.
 
ئامانجەکانی کۆماری کوردستان:
1 – ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکانی ئێران لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا.
2 – زمانی کوردی بکرێتە زمانی راگەیاندن و خوێندن ‌و ئیدارە.
3 – ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزەری بۆ کوردستان، بە مەبەستی چاودێری دەوڵەت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان.
4 – ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن.
5 – یەکێتی و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازەربایجان.
6 – یاسایەک ھەبێت بە یەک چەشن مامەڵەی کرێکار ‌و کەسایەتییە باڵاکا بکات.
 
کابینەی وەزیرانی کۆمار:
سەرۆکوەزیران: حاجی بابە شێخ
وەزیری جەنگ: سەیفی قازی
وەزیری کیشوەر: محەمەد ئەمین موعینی
وەزیری ئابووری: ئەحمەد ئیلاھی وەزیری
پۆست و تەلەگراف: کەریم ئەحمەدیان
وەزیری فەرھەنگ: مەناف کەریمی
وەزیری تەبلیغات: سەدیق حەیدەری
وەزیری کار: خەلیل خوسرەوی
وەزیری بازرگانی: حاجی مەستەفا داوودی
وەزیری کشتوکاڵ: مەحموود وەلی زادە
وەزیری ڕێگەوبان: ئیسماعیل ئیلخانی زادە
وەزیری تەندروستی: سەیید محەمەد ئەیووبیان
وەزیری موشاویر: عەبدولڕەحمان ئیلخانی زادە
وەزیری داد: مەلا حوسێن مەجدی
 
دەستکەوتەکان

  • کۆماری کوردستان وەک بزاوت و راسانێکی نەتەوەیی، لەلایەن لێکۆڵەر و مێژوونووسانی کوردەوە وەک دەستپێکی شۆڕشی نوێی کورد دێتە ئەژمار، کەسێتییەکی نوێ و سەردەمیانە بە تاکی کورد لە باری شوناسخوازی وشیاری نەتەوەیی دەبەخشێ ‌و، لە ئەنجامدا باوەڕ بە خۆبوون ‌و خودئاگایی لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان ‌و، تاکی ھوشیاری کورددا دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی.
  • ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، شانازییەکە بۆ کۆمەڵگای کوردستان ‌و نیشانەیەکی روونیشە بۆ شوناسخوازی ‌و رەسەنایەتیی رۆڵە بە ئەمەکەکانی ئەو گەلە و، ھەر بەم پێیە ئەوان دەتوانن لە ژێر ئەو ھێما ‌و سیمبۆلە نەتەوەییەدا داکۆکی لە شوناس و چییەتیی خۆیان بکەن.
  • پێکھێنانی سوپای میللی ‌و ناوی پێشمەرگە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا، باوەڕ بە خۆپاراستنی لە تاکی کورددا چێ کرد، کە تا ئێستاش لەوپەڕی بێ ‌ئیمکاناتیدا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە بە شێوەی خۆڕسک لەلایەن کۆمەڵگای کوردستانەوە وزە و ھێزی پێدەبەخشرێ.
  • وەڕێخستنی چاپخانە و بڵاوکردنەوەی کتێب ‌و پەرتووک و رۆژنامە و پەوەردە و قوتابخانە بە زمانی کوردی، دەستکەوتێکی دیکەی کۆماری کوردستانە کە بۆ یەکەمجار ئەو پەیامەی بە تاکی کورد و کۆمەڵگەکەی دا، کە زمان یەکێک لە بنچینەکانی پرسی نەتەوەخوازی و فاکتەرە گرینگەکانی نەتەوە و ناسیۆنالیزمی کوردییە.
     
    ڕۆڵی بارزانییەکان:
    سەرکردەی مێژوویی کورد مەلا مستەفای بارزانی، لەگەڵ ھێزەکەیدا لە کوردستانی باشوورەوە چووبوونە ھانا و یارمەتیی کۆماری کوردستان، رۆڵێکی گرینگ و بەرچاوە و بۆ خۆشی لەلایەن کۆمارەوە وەک ژنەراڵی سوپای میللیی کۆمار دەستنیشان کرا و، ئەوانیش بەشێکی سوپای کۆماریان پێکھێنا. پاش شۆڕشەکانی بارزان، کە لە ساڵانی 1930 بۆ 1945 بوون و، شێخ ئەحمەدی بارزانی دەوری رێبەریی تێدا بینیوە، لە کۆتاییەکانیدا مەلا مستەفا بارزانی، کە وەک کەسایەتییەکی کاریزما و شۆڕشگێڕ پێگەیشتبوو، سەرکردایەتی گرتە دەست و ھاوکات لەگەڵ دەستپێکی کۆماردا، رووی کردە موکریان و لە مەھاباد گیرسانەوە و بەھۆی ئەزموونی شەڕی پارتیزانی، یارمەتی زۆری کۆمار و سوپای میللیی کوردستانیان دا و، لە چەند ناوچەیەکی کۆمار ئەرکی پەروەردە و بار‌ینانی ھێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستانیان گرتە ئەستۆ و، بەشدارییان لە کۆماری کوردستان وەک لاپەڕەیەکی پرشنگدار و ھاوپەیوەندی نەتەوەیی نێو کورد دێتە ئەژمار.

ڕووخانی کۆمار
دوای 11 مانگ تەمەنی پڕ دەستکەوتی کۆماری کوردستان لە 26ی ئازاری 1947، بەھۆی گوشاری ھێزە رۆژئاواییەکان، بۆ نموونە ئەمەریکا، سۆڤیەت پەیمانی بە حکوومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران دەکشێتەوە. لە مانگی حوزەیراندا، ئێران دەستی گرتەوە بەسەر ئازەربایجاندا. ئەمە بووە ھۆی دابڕانی کۆماری کوردستان لە سۆڤیەت و دواجار بووە ھۆی داڕمانی. لەم خاڵەدا، پشتگیرییەکان بۆ قازی محەمەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بە تایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێ دەکرد. بەرھەم ‌و سەرچاوەی داراییان نەما و شێوازی ژیانیان بەھۆی دابڕانەکەوە بەرەو سەختی چوو. یارمەتی دارایی و سەربازی لە سۆڤیەتەوە نەما و خێڵەکان ھیچ ھۆکارێکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەمەد نەدەبینییەوە. زۆرێک لە خێڵەکان قازییان بە جێدەھێشت.
 
ئەرتەشی ئێران کە قورسترین ئامێری شەڕیان چەن تانکی کۆن و قۆڕازە بوو، ڕۆژی 20ی سەرماوەرزی ساڵی 1325ی ھەتاوی گەیشتە دەرەوەی شاری تەورێز و، ڕۆژی 21 بە ھەڵاتنی سەرۆککۆماری ئازەربایجان بۆ سۆڤیەت، کۆماری ئازەربایجان ڕووخا و ئەرتەش شاری تەورێزی داگیر کرد. دوای ئەوە ئەرتەش لەوێوە بەرەو مەھاباد وەڕێ کەوت. لەو ناوچانەی دیکە لە باشووری مەھاباد‌دا کە خۆیان بە بەشی کۆمار دەزانی و، دەستەڵاتی تارانیان بە حکوومەتی نێوەندی نەدەزانی، واتە لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، مەریوان ھەتا نزیکی سەقز، لە چەند مانگ پێش ئەوە، ھێزیان ئامادە کردبوو، بەڵام دوای تەورێز ئەرتەش ھێزی نوێی لە ڕێگای قەزوێن بۆ سەقز نارد کە لە 20ی سەرماوەرز گەیشتنە سەقز و، لە ڕێگەی بۆکان بە یارمەتی ھەندێ لە کوردەکانی سەر بە حکوومەتی شا، ڕێگەی مەھابادیان گرتەبەر.
 
سوپای ئێران بەوپەڕی دڕندەییەوە ھێرشی کردە سەر شار. لە 5ی کانوونی یەکەم، ئەنجوومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند، کە رێ لە ھەر پەلامارێکی سوپای ئێران دەگرن کە بکرێتە سەر ناوچەکە. لە 15ی کانوونی یەکەم، سوپای ئێران ھاتە ناوچەکە و دەستی بەسەر مەھاباددا گرت. لەگەڵ ھاتنیان، چاپخانەی کورد‌ییان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، ھەر کتێبێکی کوردییان بدۆزیایەتەوە دەیانسووتاند. قازی وەک سەرکۆمار دەستوور دەدات ھەتا دەکرێ لە شەڕ خۆ بپارێزن، چون ماڵوێرانیی پێوەیە. ئەگەرچی لە پێناو وڵات ھەموان تێدەکۆشن، بەڵام بە ھۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاکێشی ھێزەکانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەند ڕۆژدا کوردستانی رۆژھەڵات داگیرکرا.
 
قازی دەزانێ کە بە زوویی کۆمار دەڕووخێت، لە نێوان شەڕ، یا خۆبەدەستەوەدان، وەک بەرپرسیارێکی گیانی خەڵک، بۆ بەرگری لە کوشتن و وێرانکردن، وەک قارەمانێکی نەتەوەیی خۆ بە دەستەوە دەدات. ھەڵبەت سەبارەت بەوە،‌ ڕەخنە دەگرن، کە ئایا ئەگەر قازی لەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆیشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەکەی؟‌ بەڵام لە کاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای کوردستان دەسپێرێ بە مەلا مستەفا بارزانی و، وەک جوابی ئەو پرسیارە دەڵێ: من خۆم فیدای خەڵکی دەکەم و ھیچکات وەک پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناکەم، تا وڵاتەکەم لە خوێندا شەلاڵ بێت و ھەزاران کەس بە کوشت بچن.
دواجار پاش دادگایەکی نادادپەروەرانەی سەربازی و بێ پارێزەر، لەلایەن ئەفسەرانی سوپای ئێرانەوە، لە بەرەبەیانی 30ی ئاداری 1947، قازی محەمەد و سەدر و سەیفی قازی بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران، ھەر لە مەیدانی چوارچرای مەھاباد، ئەو شوێنەی کە کۆماری تێدا راگەیەندرا، لە سێدارە دران.
کاریگەری و شوێندانەریی کۆماری کوردستان لەسەر کورد و ناوچەکە و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان، سەرنجی نووسەر، توێژەر و لێکۆڵەرانی کورد و بیانیی رۆژھەڵاتناسانی بۆ لای خۆی راکێشاوە و، لەم بارەوە دەیان کتێب و نامیلکە بە کوردی، فارسی و زمانە بیانییەکان نووسراون، ھەرچەند کۆماری کوردستان لە روانگەی دوژمنانی کوردەوە کۆتایی پێھات، بەڵام بیر و ئامانج و رێبازی کۆمار لە بن نەھاتن و، ئێستاش پاش حەوت دەیە خەبات و قوربانیدان و ھەوراز و نشێو، خەبات هەر بەردەوامە، کەسێتیی پێشەوا قازی محەمەدیش لە رێبەرێکی حزبی و ناوچەییش تێپەڕیوە و بووەتە کەسێتی و رێبەرێکی نەتەوەیی و، ھەموو ساڵێک بە رێزەوە یادی لە دایکبوون و لە سێدارەدانی لە رۆژھەڵات و باشووری نیشتمان دەکرێتەوە.

KDC

FREE
VIEW