- Advertisement -

خاکی ئێمە گەوهەرە


عەلی جمال


ئەو خاکەی کە ئێمەی کورد لەسەری دەژین پڕبەهایە و پڕێتی لە مێژووی کۆن و ڕێکخستنێکی جوان لە هەموو بوارەکانی ژیان ، هەروەک باوباپیرانمان دەفەرموون خاکی ئێمە هەر مسقاڵە زەڕەیەکی گەوهەرە هەر لەکۆنەوە ئەم نیشتیمانە قەشەنگە لانکەی مێژوو بووە و هەمووان بەخیلی بەم مێژووە جوانەوە دەبەن .
ئەوەتا ئێستا ئەم نیشتیمانە قەشەنگە لەلایەن جیهانەوە باسی دەکرێت کە دۆزینەوەی کەلەسەرێکی مرۆڤێکی کۆن لە ئەشکەوتێکی ئەم نیشتیمانە جیهان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات و بەگرنگیەوە باسی ئەم دەستکەوتە مێژوویە دەکەن کەلە ئەم نیشتیمانە جوانە دۆزراوەتەوە .
شوێنەوارناسان ڕوخساری ژنێکی نیاندەرتاڵیان دروستکردۆتەوە کە ٧٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەشکەوتێکی دامێنی کوردستاندا ژیاوە ،پاشماوەی ئێسکەپەیکەری ژنێکی نیاندەرتاڵ بە ناوی شانیدار ز، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٨ لە ئەشکەوتێکی کوردستانی عێراق دۆزرایەوە، توێژینەوەکان کە لە ساڵانی ١٩٥٠کانەوە ئەنجامدراون دەریانخستووە کە نیاندەرتاڵەکان مردووەکانیان لەناو ئەشکەوتەکەدا دەنێژن و ڕێوڕەسمی پرسەیان بۆ ئەنجامداوە، ئەو بەڵگانەی لەم شوێنە ئەشکەوتە کۆکراونەتەوە بۆ یەکەمجار ئاماژە بەوە دەکەن کە نیاندەرتاڵەکان زۆر پێشکەوتووتر بوون لە بوونەوەرە سەرەتاییەکان نیاندەرتاڵەکان کە پێدەچێت ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر گیانیان لەدەستدابێت، کەللەسەریان تەواو جیاواز بوو لە کەللەسەری مرۆڤە مۆدێرنەکان، بەڵام ڕووخساری بنیات نراوەی ئەم ژنە کە پێدەچێت لە چلەکانی تەمەنیدا بووبێت کاتێک مرد، ئەوە دەردەخات کە ڕواڵەتیان هاوشێوەی… مرۆڤی مۆدێرنە .

ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریی نوێدا بە ناوی “نهێنییەکانی مرۆڤی نیاندەرتاڵ” ئاشکرا بوو، کە لەلایەن کۆمپانیای پەخشی بەریتانی (BBC) بەرهەم هێنراوە و لەسەر پلاتفۆرمی “نێتفلیکس” بڵاوکراوەتەوە و لە سەرانسەری جیهاندا، دکتۆر ئیما پۆمێرۆی، لە بەشی شوێنەوار لە زانکۆی کامبریج دەڵێت: “کەللەسەری نیاندەرتاڵەکان ڕیشاڵی پێشەوەی گەورەیان هەیە و چەناگەیان نییە، ڕووخسارێکی ناوەڕاستی دیارە کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی لووتەکان. بەڵام دەموچاوە بنیات نراوەتەوە ئەوە پیشان دەدات کە ئەو جیاوازییانە ڕەها نەبوون”.
هەروەها وتی: “ڕەنگە ئاسانتر بێت بزانین چۆن زاوزێی یەکتر لە نێوان جۆرەکانماندا ڕوویداوە، تا ئەو ڕادەیەی کە نزیکەی هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ لە ژیاندان هێشتا دی ئێن ئەی نیاندەرتاڵیان هەیە”.، پاشماوەی ئەو ژنە، لەنێویاندا کەللەسەرێکی تەختە کە ئەستوورییەکەی نزیکەی ٢ سانتیمەترە، بەشێکن لەو بەردبووانەی نیاندەرتاڵ کە بە باشترین شێوە پارێزراون و لەم سەدەیەدا دۆزراونەتەوە پێدەچێت سەری ورد بووبێت، لەوانەیە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی بەردەکانەوە، دوای ماوەیەکی کەم لە مردنی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای شیبوونەوەی مێشکی
دوای ئەوەی بە وریاییەوە پاشماوەکانیان دەرخست، لەنێویاندا ئێسکەپەیکەرەکەیان نزیکەی تا کەمەر، زانایانی کامبریج، چەسپێکی هاوشێوەی چەسپیان بەکارهێنا بۆ بەهێزکردنی ئێسکەکان و نیشتووەکانی دەوروبەری.
پاشان زیاتر لە ٢٠٠ پارچە لە کەللەسەرەکەی کۆکردەوە بۆ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە بۆ شێوەی سەرەتایی خۆی، لەنێویاندا چەناگەی سەرەوە و خوارەوەی ،زاناکان ڕووی کەللەسەری دروستکراوەیان سکان کردووە و بە شێوەی سێ ڕەهەندی چاپیان کردووە و چینەکانی ماسولکە و پێستی دەستکردیان بۆ زیادکردووە بۆ ئەوەی دەموچاوی دەربکەوێت.

ئێمەی کورد ئەوەمان سەلماند کە میلەتێکی زۆر داما و دواکەوتووین هەموو کات بۆ هەڵبژاردن و دیاری کردنی شتێک دوای قەرەباڵەخی دەکەوین و بیر لە هیچ شتێکی بەهادار ناکەینەوە ئەوەی کەوتە بەردەستمان یاخود بیستمان بەگاڵتەو گەپ وە سەیری دەکەین بێ ئەوەی بیر لە ئەو ڕووداوە گرنگە بکەینەوە .
پاش ئەوەی لە ئەشکەوتی شاندەر کەلەسەرێکی مرۆڤێکی زۆر کۆن دۆزرایەوە و زاناکانی جیهان توانیان بە زیرەکی دەستکرد شێوەی ئەو مرۆڤە دروست بکەن کەلەو سەردەمدا ژیاوە ، ئەمە بووە هۆی ئەوەی هەموو جیهان بە ڕووداوێکی سەرسامکەر و دەست کەوتێکی مێژووی بزان ، هەموو شانازی پێوە دەکەن و وێنەی ئەو شتە بەهادارەی کە دۆزراوەتەوە بە گرنگیەوە بڵاو دەکەنەوە .
بەڵام بەداخەوە تاکە میلەت کە بەگاڵتە و بێ بەها سەیری کرد ئێمەی کورد بووین کە ئەم ڕووداوە گرنگە و مێژوویە لەناو خاکی خۆمان و نیشتیمانی کوردان گەوهەرێکی وەها دۆزراوەتەوە ، کە هەر بەبای خەیاڵیشمان نایەت کە چی ڕوویداوە ،هەرئەوەش نا بەگاڵتە کردن و سوکایەتی پێکردن وەڵامی ئەوە کارە ناوازەیەمان دایەوە ، بەداخەوە ئێستا نیشتیمان و خاک هیچ بەهایەکمان بۆی نەماوە .
وەرن لە ئەوروپیەکانەوە فێری وەفا بن ،فێری خۆش ویستنی خاک و نیشتیمان بن ، فێری بەهاداری و گرنگی مێژوو بن ، فێری یەکتر ی خۆشەویستی بن ، فێری قەدر گرتنی شتەکان بن .
بەڵام ئێمە تەنها شتە خراپەکان زوو وەر دەگرین و هەر بە خێرای فێری دەبین .
وەرن با لە باو باپیرانمانەوە فێری وانەی وەفا بین کە چۆن بە ووشە گەوهەرئاساکانیان لە پێهەڵدانی ئەم نیشتیمانە جوانە وێنایەکی زۆر جوان پیشانی ئێمە دەدەن ، فێری قوربانی دان و خۆش ویستنی خاک و گەل مان دەکەن ، کە چۆن ئەم نیشتیمانە گەوهەرئاسایەمان خۆش بووێت پێش هەموو شتێک لە ژیان .

خاکی کوردستان هێشتا سەرچاوەی نهێنی شوێنەوارییە و لەگەڵ هەر ئینجێک لە قووڵایی ئەم خاکەدا شوێنەوارێک دەدۆزیتەوە و لە ئەنجامدا دیسان مێژوو دەنووسرێتەوە.

KDC

FREE
VIEW