نووسینی: چیمەن ساڵح
چاپ و بڵاوکردنەوە: دەزگای وشە
١
نیشتمان – سازیی
نیشتمان -سازی، پێکھێنانی یان دامەزراندنی ناسنامەی نیشتمانییە بە بەکارھێنانی ھێزی دەوڵەتەوە. جیاوازە لە دروستبوونی نەتەوە کە پۆڵ جەیمس پێناسەی کردووە. پرۆسەیەکی فراوانە تیایدا نەتەوە دروست دەبێ. ئامانجی نیشتمان سازیی لەیەکدی نزیک کردنەوەی ئەوانەیە کە لە ناو وڵاتەکەدا دەژین، بەو شێوەیە تا ئایندەیەکی دوور لە ئارامیی سیاسیدا دەژین و پێکەوە دەمێننەوە.
نیشتمان- سازان ئەوانەن کە دەستپێشخەریی دەکەن لە پێکھێنانی کۆمەڵگای نیشتمانیی، لە ڕێگەی بەرنامەکانی حکومەتەوە. پێگەیاندنی کۆمەڵگای مەدەنی، پێگەیاندنی سەربازیی، بەرنامەی پەروەردەی نیشتمانیی بەرفراوان، میدیا، بنیاتنانی ژێرخانی گەورە و پتەو بە جۆرێک ھارمۆنیای کۆمەڵایەتی رێک بخات و ئابوری ببووژێنێتەوە. بە پێی ئەندریاس ویمەر، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، سێ ھۆکار ڕادەی سەرکەوتنی بەرنامەی نیشتمان – سازی دەردەخەن:
زوو گەشەکردنی کۆمەڵگای مەدەنیی. سەرھەڵدانی دەوڵەتێک کە بتوانێ بە شێوەیەکی یەکسان خزمەتگوزاریی و کەلوپەلی گشتیی بگەیەنێتە ھەموو خەڵک و ھەرێمەکان. سەرھەڵدانی ھۆیەکانی پێوەندیی و گەیاندنی ھاوبەش.
بەپێی ئەو ئەزموونانەی کە لە جیھاندا لە ساڵانی ئەم ھەزارەیەدا تێبینم کردووە، لەسەرەتاوە دروستکردنی متمانە لە نێوان نیشتمان – ساز و جەماوەردا یەکێکە لە ھۆکارە ھەرە گرنگەکانی پرۆسەکە. دروستکردنی متمانەش بە پلەی سەرەکی لە ڕێگای پاراستنی سەروەت و سامانی گشتییەوە دەکرێ، چونکە لەسەرەتای پرۆسەکەدا ھەنگاوەکان کاتی پێویستە تا ئەنجامەکەی دەردەکەوێ. بەڵام ، پاراستنی سەروەت و سامانیی گشتیی پرۆسەیەکە ھەر لەسەرەتاوە دەردەکەوێ. جێبەجێکردنی یاساش لەو پاراستنەدا باشترین ڕێگایە کە پێوەندییەکی تەندروست لە نێوان خەڵکەکە و خاوەن دەسەڵاتە شەرعییەکان دروست دەکات.
سامانی گشتیی پێویستی بە پاراستنە لەدەستیی ھەموو کەسێک. بۆیە لە ڕێیی جێبەجێکردنی یاساوە، خاوەن دەسەڵات لە فەرمان و حوکمە ھەڕەمەکییەکان بەدوور دەبێ و متمانەکە بەھێزتر دەبێ.
نیشتمان – سازیی، بنیاتێکی سیاسیی، ئابوریی، کۆمەڵایەتیی پتەو دروست دەکات. دامودەزگای بەھێز دەبێ بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەھۆی گەشەکردنی کۆمەڵگای مەدەنیی ئازادەوە. جێبەجێکردنی یاسا مسۆگەر دەکات. نیشتمان – سازیی نەک تەنیا بۆ کاتی دوای کێشەکان، بەڵکو بۆ ھەموو قۆناغێک گرنگە. جگە لەوەی نیشتمان سازی بەشێکی زۆری ئامانجەکەی گونجاندنی جیاوازییەکانە و بۆ پێکەوە ھەڵکردنی نەتەوە و ئاین و ئیتنیکە جیاوازەکان گرنگە.
لە قۆناغی ئێستای جیھاندا جیاوازییەکان لە ھەموو جێیەک ئامادەن و پێویستییان بە بەرنامەی دروستکردنی ھارمۆنیای کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبردنی جیاوازییەکانە.
ئاستەنگ و گرفتەکانی نیشتمان -سازی لە بەشی زۆری ئەزموونەکاندا ھاوشێوەن، ئەگەرچی لە ناوەڕۆک و کرۆکی پرۆسەکەدا پێویستییان بە چارەسەری جیاواز بێ. لە ڕۆژی ٧ ی فێبریوەری ٢٠٠٨، ڕاوێژکاری تایبەتی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتی نەیجیریا، ڕاپۆرتی خۆی لەسەر پرۆسەی نیشتمان – سازی لە نەیجیریا پێشکەش کرد:
لەو ھۆیانەی کە دەستنیشانی کردوون وەک ئاستەنگ، یاخود ھۆکارن؛ ئاستەنگی مێژوو کەمەبەست لێیی مانەوەی گرفتەکانی دوای قۆناغی کۆڵۆنیاڵە. ئاستەنگیی نابەرامبەریی کۆمەڵایەتی – ئابووری، ئاکاری گرنگی نیشتمان – سازی دروستکردنی ھاووڵاتیبوونی ھاوبەشە ئەم پرۆسەیە پێک نایە ئەگەر یەکسانی و دادپەروەریی لە نێوان ھەموو خەڵکی ناوچەکان نەبێ و وەک یەک خزمەت نەکرێن. ھەروەھا ئاستەنگی دەستووریش دەکەوێتە بەردەم پرۆسەی نیشتمان سازی.
ئاستەنگی دیکە، بنیاتنانی دامودەزگای دیموکراتیی و پەرەپێدانیان کە ئەویش چەند لقێکە:
دامودەزگای بەھێزکردنی دەستپاکیی گشتی و کە دامودەزگاکانی دژە گەندەڵی و ڕووبەڕووبونەوەی تاوانی دارایی لە دوو ڕووەوە ئەرک دەگێڕن لە لایەک لە بەدواداچوونی تاوانەکان و لە لایەکی دیکەوە بۆ ھێنانەکایەی کۆمەڵێک بەھای گرنگ لە نێو کۆمەڵگادا وا دەکەن متمانەی گشتیی دروست بێ ( ئەوە لەبارەی راپۆرتەکەی نەیجیریا کە دامەزراندنی ئەو دامەزراوانە بە یەکێک لە کارە سەختەکان دادەنێ، شارەزایانیش پێیان وایە لە وڵاتێکدا کە سەروەریی یاسا لاواز بێ، بڕیاری کەسیی یەکەمی خاوەن دەسەڵات گرنگە لەگەڵ ھێزی شارەزا بۆ جێبەجیکردنی واتە حاڵەتێکی فریاگوزاریی بۆ روووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ھەروەک ئەزموونی مالیزیا و رواندا و سەنگافورە و ھی دیکەش).
لقێکی دیکەی بەھێزکردنی ئەو دامودەزگایانەی کە خزموتگوزاریی گشتیی دەستەبەر دەکەن. دەزگاکانی خزمەتگوزاریی گشتی چەند ئەرکێک ئەنجام دەدەن، لەوانە داڕشتنی ستراتیژی کاری حکومەت، ئاسانکاریی یاخود ڕێکخستنی کاری کەرتی تایبەت؛ ھەروەھا دەستەبەرکردنی سەرکردایەتییەکی بەڕێوەبردن بۆ دامودەزگاکانی کەرتی گشتیی. ئەویش بە شێوەیەکی سەرەکی سەرکەوتنەکەی دەوەستێتە سەر ڕاکێشانی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و نوێکردنەوەی ھەیکەلی نووسینگەکان.
لقێکی دیکە، دامودەزگاکانی دادوەرییە، کارایی و سەربەخۆیی دامودەزگای دادوەریی بۆ ھەموو سیستەمێکی دیموکراتی گرنگە لێرەدا ھەر زۆر گرنگە، لە کاتی پێڕەوکردنی ئابوری بازاڕ، ھەموو کێشە یاساییەکانی کە ھاووڵاتییان و کەرتەکانی گشتیی و تایبەت لە نێوان یەکدا ڕووبەڕووی دەبنەوە پشت بە سیستەمە دادوەرییەکە دەبەستێ. ئینجا لقی دیکەش، دامو دەزگاکانی بەڕێوەبردنی ئابورییە.
ئاستەنگی دوایی، ئاستەنگیی سەرکردایەتییە.
ئەو ئاستەنگانە لە ھەموو ئەزمونەکان و لە ھەرێمەکەی خۆشماندا ھەست بە بوونی ھەموویان دەکەین. کەموکوڕیی لە بنیاتنانی ئەو ھەیکەلەدا واتە پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبووە. دروستکردنی دامودەزگاکانیش ھەر تەنیا بە ناو بە ھیچ جۆرێک مەرجەکان پڕ ناکاتەوە دوا جار دەستەبەرکردنی ئارامی و خزمەتگوزاری و ئاسانکاری و دادپەروەری بە یەکسانی وەڵامە بۆ ئاستی سەرکەوتنی پرۆسەکە. کاریگەری و ئامادەیی نێودەوڵەتیش ھۆکارێکی گرنگە بۆ گەشانەوەی ھەر وڵاتێک، لەم سەردەمەدا لە رووی ئامادەیی نێوەدەوڵەتییەوە ئەگەر توانای دارایی زۆریش نەبوو دەتوانرێت گەورەترین سود لە دیپلۆماسییەتی گەڕۆک وەربگیرێ کە پێشکەوتنێکە لە بواری سیستەمی جیھانی دیپلۆماسیی نوێ و یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٧ دانیمارک باڵیۆزیی بۆ تەکنۆلۆژیای زانیاریی دەستنیشان کرد. زۆربەی وڵاتان ئێستا باڵیۆزیان بۆ کەرتی جیاجیا دەستنیشان کردووە و ھەموو بوارەکانی ھونەر و کولتوور و وەرزش و تواناسازی سود لێ وەردەگرن، ئەو بوارانەش بیرمەندی ئەمریکی جۆزێف نای بە ھێزی نەرم ناوی بردوون**.
1- ئێف سی ئۆ
http://www.mafng.org/anniversary/challenges_nation_building_nigeria.htm
لینکی راپۆرتەکری نەیجیریا