KDC

تنۆک تنۆک داده‌چۆرێم، کلوو کلوو ده‌توێمه‌وه‌ 

ره‌حیم ره‌شیدی

ئه‌م رۆژانه‌، هه‌موو دڵ خۆشی من ئه‌وه‌یه‌‌ که‌ نوسراوه‌یه‌کی تۆم بۆ دێت، یان تاڵۆکه‌ی گۆرانیه‌کم بۆ به‌ڕێ ده‌که‌یت‌. قه‌ند له‌ زارم‌دا ده‌توێته‌وه‌ که‌ پێم بڵێی‌ بیرم لێده‌که‌یته‌وه‌. بۆم بنووسه‌ که‌ تووک‌و نزام لێناکه‌ی‌‌و هێشتاش بۆنی من به‌ تێنووسی یاده‌کانته‌وه‌ ماوه‌، ڕه‌نگی روخسارم خزاوه‌ته‌ نێو جله‌کانت‌و له‌ نێو ئاوێنه‌ی ژووره‌که‌ت‌دا ئه‌یان بینیت‌و تێکه‌ڵ به‌و ره‌نگه‌ سووره‌یه‌ که‌ له‌ لێوه‌کانتی هه‌ڵده‌سووی، به‌ گواره‌کانته‌وه‌ شۆڕ بۆته‌وه‌و له‌ خڕخاڵه‌کانی پێت‌ ئاڵاوه‌و هێزی ده‌ستم ئاوێزانی ملوانه‌که‌و گه‌ردنبه‌ندی ئه‌ستۆته‌. تاقانه‌که‌م، هه‌ناری من، ده‌نگم ئاوێته‌ی خرینگه‌ی خرخاڵ‌و بازنه‌ته؟‌

ئه‌تۆ که‌سه‌که‌م، هه‌ر وه‌کوو هیوا به‌ ژیان له‌ هه‌موو ساته‌کانی بوونم‌دا پاته‌ ده‌بیته‌وه‌. دیسان وه‌کوو هه‌تاو، ئه‌رێ وه‌کوو هه‌تاوێکی به‌ تین‌و تاو برژێره‌ رۆژه‌کانمه‌وه‌، به‌ چه‌شنی کارمامزێکی هۆشیاروو چاو تیژ، به‌ڵام مێهره‌بان‌و له‌سه‌ره‌ خۆ بۆم بڕوانه‌ که‌ من هه‌ر ده‌م شه‌یدات ماومه‌ته‌وه‌.

لێمگه‌ڕێ با ده‌ست به‌سه‌ر له‌شت‌دا بێنم‌، تۆ به‌ هه‌ناسه‌ی مه‌سیح ئاسایی خۆت هه‌موو هه‌ست و ئێحساسه‌کانم زیندوو بکه‌وه‌.

له‌م ئێواره‌دا که‌ دیسانه‌وه‌ خه‌یاڵی دیداری تۆ له‌ هه‌ناوم‌دا که‌روێشکه‌ ده‌کات‌، له‌ ناکاو دیمه‌نی تۆ وه‌کوو ئاسکێکی له‌ ڕاوچی ترساو به‌ شاشه‌ی زه‌ینم‌دا، دێیت‌و له‌ نێو لێره‌واڕی خه‌یاڵه‌کانم ‌دا، به‌ خێرایه‌کی سه‌یره‌وه‌ تێده‌په‌ڕی…

گه‌ڵای رۆحم تنۆنک تنۆک یادی تۆیان لێ ده‌چۆرێ، هه‌وای ئه‌م ئێواره‌یه‌ی ده‌روونم مه‌یله‌و بارانی به‌هاری دیدارته‌‌، حه‌زی له‌گه‌ڵ تۆ بوون دیسانه‌وه‌ له‌ نێو نۆت‌و ئاهه‌نگی گۆڕانیه‌کی کۆن‌و قه‌دیمی‌دا هه‌ستم ختوولکه‌ ده‌دات‌و یاری له‌گه‌ڵ رۆحم ده‌کات‌، وزه‌و هێزو هیوام تێدا ده‌بووژێنێته‌وه‌. من له‌ مێژه‌ ئه‌لقه‌که‌م داکه‌ندوه‌و به‌ره‌و مانگ ده‌ڕوانم.

جاری وایه‌ به‌ خۆم ده‌بێژم که‌ ئێمه‌ وه‌کوو دوو موسافیری رێگای دوور که‌ بۆ دیدارێکی زۆر گرینگ جانتامان تێک ناوه‌، له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ری ژیان به‌ جێ ماویین‌، سات هه‌یه‌، به‌ گۆرانیه‌ک دڵم خۆش ده‌بێت، وه‌کوو ئه‌م ئێواره‌یه‌ که‌ دیسان سه‌وداسه‌رتم‌و ئه‌زانم رێگای گه‌یشتن به‌ تۆ ئاسته‌م‌و چه‌تونه‌، لێ من هیچکات هه‌دا ناده‌م‌و ته‌سلیمی قه‌ده‌ر نابم.

من هێشتاش وه‌کوو ساڵانی زوو بیرت ده‌که‌م‌و نه‌خشه‌ ده‌کێشم که‌ بتبینمه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ تاکوو هه‌نووکه‌ تاقه‌تم هێناوه‌و ساخ‌و سڵامه‌ت‌، هیودارو گه‌شاوه‌ خۆم راگرتوه‌‌.

که‌ دڵ بۆ دیدارت ترپه‌ی‌ دێت، ئیدی ئه‌سپی رێگام هیچ ڕه‌شه‌باو تۆفان‌و باهۆزیک چاری ناکات، ده‌روونی ناسۆڕم‌ ئه‌بێته‌ مه‌یدانی ره‌مبازێن‌و بێنه‌و به‌ره‌ی هه‌سته‌ سه‌رکه‌شه‌کان، دوو دڵی‌و ترس هه‌رگیز ده‌سته‌مۆم ناکه‌ن، تۆ که‌ دڵنیام ده‌که‌یت له‌ پیرترین شوینی دونیا، چاوه‌ڕوانی وێنه‌یه‌کت بۆ بنێرم له‌ ته‌شنت ده‌ریا به‌ بزه‌یه‌که‌وه‌ له‌سه‌ر لێوه‌کانم، من ئیدی له‌ هیچ پیاوێکی دیکه‌ ناچم، به‌ خۆم ده‌ڵێم هه‌رچی ده‌بێ با بێ، من به‌رگه‌ی هه‌موو دژواریه‌ک ده‌گرم، من دڵنیام که‌ ئامێزی تۆ دواین په‌ناگای منه‌و له‌ پیرترین شاری دونیا، ده‌گه‌ینه‌وه‌ یه‌ک‌و ساته‌کانی پێکه‌وه‌ بوون دووپات‌و هه‌زار پات ده‌که‌ینه‌وه‌.

ئێستا وه‌کوو منداڵێکی ساوام که‌ ته‌نیا به‌ ده‌نگی تۆ ئاوڕ ده‌ده‌مه‌وه‌و گوێیه‌کانم نۆت‌و مێلۆدی ده‌نگ‌و ئاهه‌نگی دیکه‌ ناناسنه‌وه‌. وێنه‌ی خۆمت بۆ نانێرم که‌ له‌ قه‌راغ ده‌ریا بزه‌ له‌سه‌ر لێوو لچم نیشتبێت، خۆم دێم به‌و تین‌و تاوه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیسان سه‌هۆڵه‌کان بتوێنینه‌وه‌…

یاده‌کانت تنۆک تنۆک له‌سه‌ر به‌رگی هه‌ناسه‌م ده‌تکێن‌؛ هه‌ناوم به‌ هیوای ئاوێته‌ بوونت‌‌، بۆته‌ سکڵی بن خۆله‌مێش.

ئه‌رێ ئاوا، هه‌ژار یان زه‌نگین، دوور یان نزیک، دونیا سریوه‌ی بێت‌و نه‌ێت، یان ڕه‌شه‌باو تۆفان بێت، من بیرت لێده‌که‌مه‌وه‌و به‌ یادی تۆوه‌ هه‌ناسه‌ بۆ نێو بۆڕی سیه‌کانم هه‌ڵده‌مژم. دێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وری غه‌ریبی ڕامالێن‌و پێکه‌وه‌ قاوه‌یه‌ک بخۆینه‌وه‌ که‌ تامی ژن‌و ژیان بدات.

که‌سه‌که‌م، دێره‌کان نا، هه‌موو پیته‌کانم له‌به‌ره‌، پێکه‌وه‌ به‌ ده‌فته‌ری پیری باوک‌دا ده‌چینه‌وه‌، تۆ باسی دایکت‌و هه‌موو دایه‌کانی دونیام بۆ بگێڕه‌وه‌ که‌ ده‌زانم تازه‌ له‌ دیداری گه‌ڕاویه‌وه‌، ره‌حه‌که‌ت به‌رده‌وام خه‌ونت پێوه‌ ده‌بینێ.

ئاگات له‌ چاوه‌کانت بێت

___

نەرویج: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە سمیناری پارتی ئێس ڤێ بەشداری کرد

nusar1

کۆبوونەوەی کۆنفدراسیۆن و بەرپرسانی ناوەندەکانی ڕەوەندی کوردستانی بەڕێوەچوو

nusar1

ڕۆڵی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان لە جێبەجێکردنی یاساکان

KDC
KDC

FREE
VIEW