KDC

لاهوور جەنگی بە هەمان سیناریۆی نیکۆلا فۆکییە، یان…


تەنیا کوردی …


هەندێ جار درەوشانەوە باجی قورسی هەیە، لێرە تایتلی بابەتەکەم پرسیارێکە کە لاهوور جەنگی دەبێتە نیکۆلا فۆکییە؟ کە فۆکییە بوو بە قوربانی هاوکێشەیەک کە تێیدا بە ئاسانی پشتی چۆڵ کرا، هەرچەند گەمەکە ماویەتی، بەڵام بزانین کە نیکۆلا فۆکییە چی کرد؟

“من وەزیربووم، کاتێ سەرۆکوەزیران مرد، بڕیاربوو من شوێنگرەوەی بم، بەڵام لە راستیدا لویسی چواردەھەم منی ھەڵنەبژارد، بۆیە ئاھەنگێکی گەورەم سازکرد، کاربەدەستانی گەورە و ئەورووپاییم بانگھیشت کرد، شکۆی خۆم نیشاندا، کە من چەندە ھێزی مادیم ھەیە و دەسەڵاتی خەرجییەکانی من چی دەخولقێنن، لویسی چواردەھەمینم بانگھێشتی ئاھەنگەکە کرد و، زیاتر لەوەی پێویست بێت درەوشامەوە، کەچی بۆ بەیانییەکە بەتۆمەتی گەندەڵی بڕیاری زیندانیم بۆ دەرچوو تا مردن، نیکۆلا فۆکییە.”

نیکۆلا فۆکییە لەسەر دەمی لویسی چواردەھەم لە حکوومەتی فەڕەنسا وەزیری دارایی بوو، کەسێک بوو کە لەبەر خۆشەویستی نا بەڵکوو لەبەر زەرووریەت لویس لە حکوومەتدا داینابوو، بەڵام درەوشانەوەی زیاد لە پێویست لە بەرامبەر لویس وای لێکرد کە لە کۆتاییدا زیندانی بکرێت، ئایا درەوشانەوەی زیاد لە پێویستی لاهوور جەنگی لە بەرامبەر هاوکێشەی ئیقلیمی و ناوچەکە وای کرد کە لویسێک فەرمان بدا لە نێو یەکێتی، سزای سیاسی و ئابووری و عەسکەری بەسەریدا بسەپێ؟ بەر لە وەڵامی ئەم پرسیارە چەند لێکەوتەیەک دەخەینە ڕوو لەوانە:
یەکەم، ئەگەر بە تەواوی تەسفیەی لاهوور جەنگی لە نێو یەکێتی بکرێت و لە پۆستی هاوسەرۆک دووربخرێتەوە و قاعیدەی یەکێتی لە سەرکردایەتی ئەم بڕیارە بدات و لە سەرۆک لیستی یەکێتی و گۆڕان دووربخرێتەوە، ئەوا چارەنووسی لاهوور جەنگی بەرەو حزبێکی نوێی سیاسی دەچێ، ئەگەر بێت و بەتۆمەتێک وەک فۆکییە زیندانی نەکرێت.
دووەم، ئەگەر ئەمانە نەکران و لە نێو یەکێتی وەک جێگر مەقامی ما، ئەوا بابەتەکە خوێندنەوەی نوێ هەڵ دەگرێت.
سێیەم، چارەسەری ئەم بابەتە لەنێو خودی یەکێتییە نە لە دەرەوەی یەکێتی و هەر یەکێتیش خۆی دەتوانێ ئەم بابەتە دابخات.
هەر خۆی بابەتەکە تا ئێستا کودەتایەکی سیاسی و سەربازییە لە پەنای چاکسازی، پێدەچێ هاوکێشەی کودەتاکە دەمێک بێ رێکخراوبێ نە شتێکی سوتفە، وەک مایکل بارکۆن کە قەولێکی هەیە دەڵێ، “کودەتا لەسەر هاوکێشەیەکی دیاریکراو دەکرێت کە تێیدا ئەوەی روویداوە هیچ کاتێک سوتفە نییە.”

هەر خۆی سلێمانی وەک تاقیگەی سیاسی ناوچەکە وایە، جۆرەها بارکۆد بە بەسمەی سیاسی جوودا خۆی لە سلێمانی دەخوێنێتەوە، هەر سرووشتی خەڵک وایە بەزوویی حەز لە گۆڕین و گۆڕانکاری دەکەن، خەڵکی سلێمانی ناتوانن لەنێو پێخەفێکی سیاسی تاسەر بخەون، ناشیانەوێ هەندێ فکری سیاسی گۆڕێکیان بۆ هەڵکەنن و لە تابووتێکدا بە زیندووی بنێژرێن، بەڵکوو لە سلێمانی جوڵە هەیە، فکریش هەیە، سیاسەت و پێناسەی حزبەکانیش هەیە، رەنگە ئەمە سەرەتایی هەندێ تەسفیەی نوێ بێ کە هاوکێشەیەکی ئیقلیمی دەیەوێ لە سلێمانییەوە تا بەغدا بەم شێوەیە هەنگاو بنێ، دواجاریش دیزاینەری پشتەوەی رووداوەکە هێشتا ئەنجامی کۆتایی نەخستووەتە سەر شاشە، بۆیە لە رۆژانی دابێ ئەم دیمەنە سیاسییە یان دەگاتە حاڵەتی فۆکیە، یانیش وەک جێگر و یانیش وەک حزبێکی سیاسی نوێ دوا قوفڵی خۆی دەخاتە سەر بابەتەکە.

___

هەڵێنجانێک لە خوێندنەوەی بنیاتنانی زمانی شێعر

KDC

فەلسەفە مانایەک بۆ ژیان

nusar1

جۆبایدن لە بەردەم سعودیە ئەژنۆی دا

nusar1
KDC

FREE
VIEW