- Advertisement -

لە چلەی کامیل ژیردا…


هەڵۆ بەرزنجەیی ٢٠٢٤/٦/٨


ئەلبرێت شڤایسەر دەڵێ:
“جوانترین پەیکەرێ مرۆڤ بەدەستی بهێنی ئەوەیە لە دڵی خەڵکدا بێت “.
ئەمە بۆ مامۆستا ژیر دروستە ، چونکە ‎پێگەی خۆی لە ناو دڵی هاوبیراندا بە دەستهێناوە.. بەڵێ ئەو ئێستا لە ناو دڵی دڵسۆزانی کوردایەتی
نیشتمانپەروەراندا دەژی!..چۆن ؟
ئەو هێندە تێکۆشا و خەباتی کرد، تا شایستەی ئەم هەواری دڵە بێت، ئەوەندە بە پەرۆش و لە خەمدا بوو، ببووە ماماخەمەی دۆزەکە، بە ئەندازەیەک ڕۆحی سووک بوو بۆ خزمەتکردنی نەتەوە و خاک ، ئامادە بوو بێنیاز دەست لەنێو دەستی منداڵێکیش بنێت.
خەسڵەتێکی ژیر ئەوە بوو هەرگیز نائومێد نەدەبوو’ هەروەها نەیدەزانی ماندوو چییە ، زۆر بوێرانە لەتەک دێفاکۆدا خۆی دەگونجان و لە کەوشەنی واقیع دەرنەدەچوو’ لە گەنگشە و گفتوگۆدا ئارام و سەنگین بوو، مامسەلمێنی نەدەکرد .
هاوچەرخانە بیری دەکردەوە و شارستانییانە رەفتاری دەکرد و سنگی واڵا بوو بۆ هەر ڕەخنە و سەرنجێک. لە شێوازی بیرکردنەوەدا قووڵ و دووربین بوو. داینەمیکی وەرگرتن و تێگەیشتنی بەهێز بوو. خوێندنەوە و نووسینی بەردەوام و سەراسوێی لەگەڵ هەموو میدیای بینراو و بیستراو و نووسراوی کوردیدا هەبوو ! ..
هەر بۆچوون و زاراوە و چەمکێک بهاتایەتە پێش دەمودەست ڕەهەندە فیکری و سیاسی و زمانەوانی و ئەدەبییەکەی لێکدەدایەوە و پوختەی شڕۆڤەکەی دەخستە ڕوو.

ژیر لە مەیداندا بوو، وەک سەربازێکی ون و مامۆستایەک دەستی لە یەخەی خەمی گەورە نیشتمان و دەرد و ئازارەکانی گیرد بوو، ئامێزیشی بۆ شەپۆلی کوێرەوەریی و مەرگەساتەکانی تر هەردەم ئاواڵە کردبوو، دواجار بەو خەرمانی ئازار و ژانەی کوردبوون، مێژووی تەمەنێکی درێژی پڕ بەرهەم و خزمەت و شکۆداری نووسییەوە و ئەو پەیکەرەی لێ ساز بوو، کەوا بە پێوە لەناو دڵی هەموواندا سەربڵند وەستاوە و دیوانی (کوردایەتی) بەدەستەوە و شیعری :

‎کاکی برا ، هۆ خوشکی کورد
لەهەر کوێ هەی، شەن یا گرد
دەڵێتەوە و دەڵێتەوە..
ئیمڕۆ فرمێسک بۆ چلەی کەسێک دەهۆنینەوە، مەرگی ڕەش هات و ئاوقای بوو، ویستی بیسڕێتەوە ، بەڵام لە پای خزمەتی نیشتمان و نەتەوەکەی ، نامەی کرداری لە دەفتەریی سەروەرییدا، مەداڵیای ژیانی هەرگیز نەمریی پێ بەخشی.

هاوبیرم.. بنوو بە ئارامی، ویژدانی نەتەوەییت سەرفرازە و خەم و هیواکانت گەش و هەڵچوون و پەیامی (کوردستانێکی ئازاد و یەکسان)ت دەدرەوشێتەوە.


‎هاوبیرم..ئێستا مەجلیستان تەواوە و کۆڕی حەوتەوانەتان! گەرمە و هەواڵی ئەم کوردستانی ئەستێرەیە، بەرە بۆ ئەو هەسارەیەی “جەوهەر و هەردی و ئیحسان و فەرەیدون و فوئاد و نەبەز“ هەواریان لێ هەڵداوە.. چاوەڕێتن و فەرشی ڕەنگاوڕەنگی نیشتمانیان بۆ ئامادە کردوویت!..

ئێوە تێکڕا لە ڕۆژگارێکی سەخت و دژواردا ، هەگبە لێوانلێو لە : کوردایەتی و یەکسانی بۆگەل و ئازادی بۆ کوردستان و ڕەچەڵەکی کورد و زمانی یەکگرتووی کورد و ژیانەوەی فەرهەنگی کوردیی و داڕشتنەوەی کوردبوون بە هزر و ڕۆحی کوردبوون .

هەمووتان چاکی کوردایەتیتان لێ بەلادا کرد و کردتانە خەمی هەرە بەرایی و سەرەکی خۆتان..مەشخەتان داگیرسان و ڕێگا تاریک و نوتەکانتان ڕووناک کردەوە..دڵنیام هەنووکەش لەو دەڤەرە لەوێش ناسرەون تێهەڵدەچنەوە و و تێهەڵدەچنەوە…

‎لەوێ حەزرەتی ئوستاز “بەشیر موشیر “ گەورە پیاوی سۆپەرمان، باوکی ڕۆحی و ئایکۆنی سەردەم، لەسەر سەکۆ ،بڵندگۆ بەدەست، ڕووی لێتانە و ئیلهامتان پێ دەبەخشێتەوە .. لای ڕاستتان سەجادی و بەری چەپ ڕۆژبەیانییە،.. بەشیریستەکانی تریش ڕیز لە دوای ڕیز ئامادەن ، گۆڤەندتان بەستووە.. هەر لەوێش هەژار وەک شاگردێکی تری بە ئەمەکی ئەم کۆڕە، دێت و بە لاوک و حەیران و هۆرە و سیاچەمەنەوە چەمەریی دەگێڕێ و دەلاوێنێتەوە :
ئێمە هەموو !..لەم دنیا بە کوردی ژیاین و بە کوردی مردین، لەو دنیاش کوردی دەژێینەوە و بۆ کورد و کوردستان تێهەڵدەچنەوە ….

KDC

FREE
VIEW