KDC

پیرۆزبێت ڕۆژی ئاڵای کوردستان


علی جمال ….
سڵاو لەرۆحی پاکی ئەو شەهیدانەی‌ هەڵگری ئەو ئاڵایه بوون
ئاڵا نیشانە و ناسنامەی نەتەوە و ھەبوونی گەلانە، ئەمڕۆ ھەموو گەل و نەتەوەیەکی خاوەن وڵاتی سەربەخۆ و بێوڵات خاوەنی ئاڵای تایبەت بە خۆیانن، ڕێکخراوی نەتەوە یەککگرتووەکان و پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی جیھان و دامودەزگا فەرھەنگی و ئابوورییەکان و شارەوانییەکان و زانستگەکان و کۆمپانیا بازرگانییەکان و کۆمپانیا تەکنۆلۆژییەکان و یانە وەرزشییەکان و فێستیڤاڵ و بۆنە و یادەکانیش خاوەنی ئاڵا و نیشانەیەکی تایبەتی خۆیانن. .

واتا و ھێمای ھەندێک لە رەنگە سەرەکییەکانی ئاڵاکان لەلایەن پسپۆڕانی بواری ڕەنگ و ئاڵاناسییەوە Vexillology بەم جۆرە لێک دراونەتەوە:

ڕەنگی سوور: شۆڕش، خوێنڕژان لە جەنگدا، ئازایی، ھێز، یەکسانی.

ڕەنگی زەرد: رووناکی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.

ڕەنگی سپی: ئاشتی، ئارامی، ئاگربەست.

ڕەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاوێتی.

ڕەنگی شین: ئاو، ئاوەدانی، دەریا، ئاسمان، ئازادی، ڕژدی و میانەڕەوی و سیاسی.

ڕەنگی نارنجی: ئازایی، خۆبەختکردن، قوربانیدان

ڕەنگی ڕەش: پرسە، مەرگ، نەمری.

تەمەنی ھاتنە کایەی ئاڵا دەگەڕێتەوە بۆ چوار ھەزار ساڵ لەمەوبەر، بۆ یەکەم جار ئاڵا لەلایەن ئیمپراتۆریەتییەکانی سەر خاکی ئێران و میزۆپۆتامیا (کوردستانی ئەمڕۆ)وە ھەڵکراوە، سەرەتا سۆمەرییەکان و ئاسوورییەکان و میدییەکان، ھەروەھا ھەخامەنشی (ئەخمینی)یەکان و ساسانییەکان و میسرییە کۆنەکان، دواتریش وڵاتشارە یۆنانییەکان و قەیسەرەکانی ژاپۆن و چین ئاڵایان هەڵکردووە.

بەگوێرەی زانستی ئاڵاناسی، یەکەم ئامانجی دروستکردنی ئاڵا بۆ بانگەوازی و ڕێنماییکردن بووە، یاخود ئاڵاکان تەنیا وەک ھێمایەک بوون، زۆربەشیان پەیامێک بوون بۆ تاکەکەس، یان بۆ دەستە و کۆمەڵەکەسێک. کاتێک ئیپمراتۆریەتییە کۆنەکانی جیھان لە کاتی شەڕ و سەرکەوتنەکانیاندا، بەر لە ھەموو شتێک ئاڵای دوژمنەکانیان داگرتووە و ئاڵاکانی خۆیانیان لە جێگەیدا بەرز کردووەتەوە، بەو واتایە یەکێکی دیکە لە ھێما سەرەتاکانی ئاڵا بۆ نیشاندانی سەرکەوتن ھەڵدراوە. جگە لەوەش، ئاڵای ھەر ئیمپراتۆریەتی و ھۆزێک جیا بووە، ئاڵای ھەر یەکەیان نیشانە و واتایەکی تایبەت بە خۆی تێدا بووە و ڕەنگێکی جیاوازی بووە.

ھەر لە کۆنەوە و تا ئەمڕۆ ئاڵاکانی جیھان زۆرترینیان لە نیشانەکانی ناو ناو سروشت و دەوروبەر پێک ھاتوون، وەک ”ئەستێرە، مانگ، خۆر، ئاو، دار، چیا، گوڵ، باڵندە و گیانلەبەر…”. جۆر و پێوانەی ئاڵاکانی سەردەمی کۆن وەک ئێستا نەبوون، بەڵکوو لە شێوەی ناڕێک، نیمچەبازنەیی، سێگۆشەیی و… بوون کە لە تەختەدارێکی درێژ، یان لە ماددەی کانزایی، یان لە پێستی ئاژەڵ دروست دەکران، ڕەنگەکانی ئاڵاش لە گەڵا و لە خوێنی ئاژەڵ و لە رەژووی ئاگر دروست دەکرا. ھەندێک ئاڵاش تەنیا لە پەڕی باڵندە دروست دەکرا، یان تەنیا باڵندە و ئاژەڵی وشککراو لەجیاتی ئاڵا دەکران بە نیشانە و ھێماکانیان و بە تەختەدارێکی درێژ و بەرز ھەڵدەواسران، یان بە ھەمان شێوە پەیکەر، یان تەختەدارێکی ھەڵکەندراو لە نەخش وەک ئاڵا بەرز دەکرانەوە. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ھەنگاوەکانی ژیان، شێوەکانی ئاڵاش گۆڕدران، کە ئەمڕۆ ئاڵا لەسەر پارچەقوماش و لەسەر کاغەز و کارتۆن چاپ دەکرێن.

کۆنترین ئاڵای نیشتمانی، ئاڵای دانیمارکە کە لە ساڵی ١٢١٩ دروست کراوە. ئاڵای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٧٧٦ دروست کراوە و بەردەوام گۆڕانکاریی تێدا کراوە و ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئەستێرەکانی ناو ئاڵاکە زیادیان کردووە تا لە ساڵی ١٩٥٩دا لە گۆڕان وەستا و لەو ساوە تا ئێستا لە ٥٠ ئەستێرە و ١٣ ھێڵی سوور و سپی پێک ھاتووە. چیرۆکی ھاتنە کایەی ئاڵای ھەر نەتەوە و وڵاتێکیش مێژوویەکی درێژ و دووری هەیە، ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە لەسەری ھەڵوەستە بکەین، ئاڵای ئەمڕۆی کوردستان و مێژووی ئاڵاکانی گەلی کوردە.

ئاڵای کوردستان لە سەردەمی مادەکاندا

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان زۆربەی ئاڵای ھۆز و نەتەوە ئارییەکان لە رەنگەکانی سوور، سپی، زەرد، سەوز و شین پێک ھاتبوون. کە تەواوی رەنگەکانی ھاوشێوەی ئاڵای ئێستای وڵاتی بۆلیڤیای ئەمریکای لاتینە. دوای چەندین ھەوڵ و لێکۆڵینەوە تا ئێستا ھیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی دەست نەکەوتووە کە ئاماژە بە رەنگەکانی ئاڵای دەوڵەتی ماد بکات کە لە ساڵی ٧٠٠ی پێش زایین دامەزرابوو. تەنیا ئەوەندە ھەیە کە مادەکانیش لە کاتی سەرکەوتنیان بەسەر ئاسوورییەکاندا خاوەنی نیشانە، یان ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیان بوون.

ئاڵای کۆماری کوردستان لە مەھاباد ١٩٤٦

لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیھانی و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و پاشانیش راگەیاندن و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە رۆژی ٢٢/١/١٩٤٦ (٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی کۆچی هەتاوی) کە شاری مەھاباد پایتەختەکەی بوو، ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان ھەڵدرا کە ھەمان ئەو ئاڵایە بوو لە ساڵی ١٩١٩ لەلایەن رێکخراوی ”کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی” دروست کرابوو بە کەمێک دەستکارییەوە. ھەرچەندە ھەندێک کەس پێیان وایە ئەو ئاڵایەی ئێستای کوردستان ھەمان ئاڵای کۆماری کوردستانی ١٩٤٦ە، بەڵام کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی وڵاتی حزبی دیموکراتی کوردستان ئاڵایەکی تریان بڵاو کردووەتەوە کە بە ئاڵای کۆماری کوردستانی ساڵی ١٩٤٦ دەناسرێت. ھەرچەندە تا ئێستاش سەبارەت بە ئاڵاکەی ساڵی ١٩٤٦ گفتوگۆ ھەیە.

ئاڵای ئەمڕۆی کوردستان

سەرەتای دروستبوونی ئەو ئاڵایەی کە ئەمڕۆ وەک ئاڵای کوردستان و نەتەوەی کورد دەناسرێت دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. کاتێک کۆمەڵ و رێکخراوە کوردییەکان لە ئەستەنبوڵ خەریکی دامەزراندنی کۆمەڵ و دەرکردنی گۆڤار و رۆژنامەی کوردی بوون، لە ھەمان کاتیشدا لە ھەوڵی دروستکردنی ئاڵایەکی نەتەوەیی بوون بۆ کوردستان. ساڵی ١٩١٩ ”کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی” کە لە ئەستەنبوڵ لەلایەن ژمارەیەک رووناکبیر و سیاسەتمەدار و کەسایەتیی ناسراوی ئەو سەردەمەی کورد دامەزرا، لەگەڵ دامەزراندنی خۆی ئاڵای نەتەوەیی کوردستانی دروست کرد و داوای سەربەخۆیی کوردستانی دەکرد.

ئەو کەسانەی بەشداریان لە دامەزراندنی رێکخراوەکە و ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کرد، بریتی بوون لە: ئەمین عالی بەدرخان (جزیرەی بۆتان)، دکتۆر عەبدوڵا جەودەت (عەرەبگیر)، ئەکرەم جەمیل پاشا (ئامەد)، مەولانا زادە رەفعەت بەگ (سلێمانی)، نەجمەدین حوسێن (کەرکووک)، کەمال فەوزی (بەدلیس)، شوکری بابان (سلێمانی)، مەمدووح سەلیم (وان)، حیکمەت بابان (سلێمانی)، فوئاد بابان (سلێمانی)، دکتۆر شوکری محەمەد و فەرید بەگ.

مێژووی ناودێرکردنی ڕۆژی ئاڵا

مێژووی ناودێرکردنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان بۆ ساڵی ١٩٤٥ و ٣٥ ڕۆژ بەر لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان دەگەڕێتەوە کاتێک دوایین دامودەزگای حکوومەتی پاشایەتی لە مەهاباد لابرا و لەسەر شارەوانیی مەهاباد ئاڵای کوردستان هەڵکرا، لەو کاتەوە، واتە لە ١٧ی ١٢وە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵای کوردستان بەفەرمی لە شۆڕشەکانی کورددا هەبووە.

دواتر ئاڵای کوردستان کە لەلایەن سەیدزادە فاتمە حوسێنی، ژنە تێکۆشەری خەڵکی مەهاباد کە یەکەم کەس بووە بە دەستی خۆی ئاڵای کوردستانی دووریوە، لە ڕێکەوتی ٢٢ی ١ی ١٩٤٦ و لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد و بە ئامادەبوونی بارزانیی نەمر بەفەرمی هەڵکرا و وەک شکۆ و هێمای نەتەوەیی بەفەرمی ناسێندرا.

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بە دەستی دوژمنانی کورد، ئاڵای کوردستان لەلایەن پێشەوا قازی محەمەدەوە ڕادەستی بارزانیی نەمر کرا و هەتا ئەمڕۆ لە شۆڕشەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وەک هێما و سیمبولی نەتەوەی کورد پارێزراوە و بەفەرمی بەکار دەهێندرێت.
هاوكات پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1999 بە بڕیارێك ئاڵای فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند و بە بڕیاری ژمارە 48 لە 19/6/2004 بڕیاری داوە ڕۆژی 17ی 12ی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی ئاڵا دیاری بکات، بۆ ئەوەی نەوەکان و رۆڵەکانی ئەم گەلە بەرزیی ئاڵاکەیان لەبیر نەکەن و لەپێناو بەرزهێشتنەوەی تێ بکۆشن و هەموو ساڵێک لەسەر دامودەزگا فەرمییەکان نوێ بکرێتەوە و بۆنەی تایبەتی بۆ ساز دەکرێت.

مانای چوار ڕەنگەكەی ئاڵای كوردستان

سوور: هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدانی میللەتی كوردە لەپێناو مافەكانیاندا.

سپی : هێمای ئاشتی و ئاساییشە كە میللەتی كورد بەردەوام ئاشتیخواز بووە.

سەوز : لە سروشتی كوردستانەوە هاتووە و هێمای ژیانەوەیە.

زەرد: مەبەست لە ڕۆژە بیست و یەك تیشكییەكەیە كە هێمای دواڕۆژی میللەتی كورد و هاوکات وەک هێمای ٢١ی ٣ یە کە دەبێتە نەورۆز جەژنی نەتەوەیی کوردستان

___

مانیفێستی هۆشیارکردنەوە

KDC

سەقامگیری مەرجی مانەوەی کۆمەڵگەیە

nusar1

…پاشاژنی ئینگلیز ، 70 حوکم و بەدواچوونێک

nusar1
KDC

FREE
VIEW