بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-بڕۆکسل لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کۆبووە و، چەندین پرسی لەگەڵ تاوتوێکردن، کە دیارترینیان هاوکاری زیاتری گەلی کورد بوو.
جیهانگیر حالی دۆلەمەڕی بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-بڕۆکسلی بەلجیکا، لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کۆبووە و، چەندین بابەتی جۆراوجۆری وەک ڕەوەندی کوردییان تاوتوێکرد، هاوکات لەنێویاندا باسیان لە ئامانجی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانیش کرد.
بەرپرسی ناوەندی بڕۆکسل چەند پرسێک دەخاتە بەردەم لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا
بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-بڕۆکسل باسی لە پێویستی هاوکاری باشتری نێوان داڕێژەرانی سیاسەتی ئەوروپا و ڕەوەندی کوردستانی کرد و، هانیدان کە پشتگیری لە کار و چالاکییەکانی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەوروپا بکەن، ئەوەشی بۆ خستنەڕوو کە کۆنفدرایسۆن هەوڵ دەدا ماڵی کوردی لە دەرەوە یەکبخاتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیاندا، پرسی ئەو جینۆسایدانەی بە سەر گەلی کورددا داهاتوون باسکرا و، داواش کرا هاوکاری زیاتری گەلی کورد بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن وەکو نەتەوەکانی دیکە بە ئازادی بژین.
بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-بڕۆکسل تیشکی خستەسەر ئەنجامدانی وەبەرهێنانی ئەوروپی لە کوردستان و، ئەوەش لە پێناو ئەوەی گەنجانی کورد سوودی لێ ببینن.
شایانی باسە، بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەر و کانوونی دووەم چەندین کۆبونەوەی دیکە ئەنجامبدەن.