شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، سەردانی چەندین پەرلەمان و دامودەزگا حکوومییەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدای کردووە و لەگەڵ پەرلەمانتاران و کاربەدەستانیان لەسەر پرسی کورد و کوردستان کۆبووەتەوە، هاوکات لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانیش کۆبوونەوەی ئەنجامداون و تێیدا داوای لێ کردوون، کە پاڵپشتی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بکەن، ئەوەش لە پێناو دروستکردنی لۆبییەکی بەهێزی کوردی لە دیاسپۆرا.
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٣١ی ١ی ٢٠٢٤، شفا بارزانی چاوی بە ستیفەن مانیسفێڵد نووسەری بە ناوبانگی ئەمریکایی کەوت و سوپاسی دڵسۆزی و پشتیوانییەکانی ئەو نووسەرە ئەمریکاییەی کرد، کە بەردەوام لە ڕێگای وتار ووتووێژ و سیمینارەوە هەوڵی داوە بابەت و ڕووداوەکانی گرێدراو بە کوردستانەوە بهێنێتە ڕۆژەڤ، لەم ڕێگایەوە بیر وڕای گشتیی ئەمریکا لە ویست و خواسەکانی کوردستان ئاگادار بکاتەوە.
سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، داوای لەو نووسەرە کرد، کە هەوڵ بدرێ سیاسەتی دوژمنکارانەی ناسەقامگیر کردنی کوردستان باشتر لە قاو بدرێ و گوشار بکرێ بۆ ئەوەی ئەمریکا ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە ناوچەکە بەگشتیی و لە عێراق بە تایبەتی بگێڕێت.
لای خۆی ئەو نووسەرە ئەمریکاییە سوپاسی ڕەخساندنی ئەو دیدارەی کرد و وێڕای بەرز نرخاندنی ڕۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی داعش و کولتووری پێکەوە ژیان لە کوردستان، هاوکات بەڵێنیدا، کە لەسەر ڕێبازی ڕۆشەنگەری خۆی بەرامبەر کوردستان بەردەوام بێت.
لە لایەکی دیکەوە، مەنسفێڵد ڕەخنەی توندی لە لاوازی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرت و بە پێویستی زانی، کە ئەمریکا لە ئاست میلیشکان و پشتیوانەکانیان کاردانەوەی خێراتر و جددی تری هەبێت، جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەوڵ دەدەن لە ڕێگای بیر وڕای گشتییەوە دەسەڵاتداران ناچار بە گۆڕینی ئەو سیاسەتە لاوازە بکەن.
هەر لەو سەردانەیدا بۆ ئەمریکا، شفا بارزانی لە شاری ناشڤیلی ویلایەتی تێنێس، کە بە کوردستانی بچووک ناسراوە، لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی، کۆبوویەوە، کە بریتی بوون لە کوردستانیانی هەر چوار بەشی کوردستانو پێکهاتەکان و نوێنەری ساز و دامەزراوەی مەدەنی،هەروەها چەند کەس لە ڕێگای دوورەوە بۆ بەشداری لەو کۆبوونەوەدا ئامادە بوون، جەختی لەوە کردەوە، کە پڕۆژەیکۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی هەنگاوێکی نەتەوەییە بۆ ڕێکخستن و یەکخستنی کوردستانیان و لەم پەیوەندییەشدا هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئاڵای کوردستان، پێشمەرگە و مافی سەربەخۆیی بۆ کوردستان هەیە دەتوانن لەو پڕۆژە نەتەوەییەدا خۆیان ببیننەوە.
دیداری شفا بارزانی لەگەڵ نۆپێل ئەحمەد
رۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٣١ی ١ی ٢٠٢٤، شفا بارزانی چاوی کەوت بە خانمە کوردی-ئەمریکی نۆپێل ئەحمەد، کە پۆلیسێکی کوردی دیاری شاری ناشڤیلە. لەو دیدارەدا نۆپێل ئەوەی خستەڕوو، کە هەست بە شانازی و سەربەرزی دەکات بەوەی دەرفەتی بۆ ڕەخساوە چاوی بە شفا بارزانی بکەوێت، وە هەردەم شانازی بە کورد بوونی خۆیەوە دەکات.
لای خۆیەوە شفا بارزانی ڕایگەیاند، کە نۆپێل نموونەیەکی سەرکەوتووی گەنجی کوردە لە ئەمریکا و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی، ناوبراو بایەخ بە کولتوور و شوناسی خۆی دەدا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
دیداری شفا بارزانی لەگەڵ سیناتۆر جەک جانسۆن
رۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٣١ی ١ی ٢٠٢٤، شفا بارزانی هەر لە شاری ناشڤیل، چاوی کەوت بە سیناتۆر جەك جانسۆن، سەرۆكی زۆرایەتی تیمی كۆمارییەكان لە ئەنجوومەنی پیران.
لەو دانیشتنەدا سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە ئاخافت. لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کوردستان کرد و لەم بارەوە بە بیری هێنایەوە، کە خەڵکی کوردستان سوپاسگوزاری ئەو ڕۆڵە مەزنەن، کە ئەمریکا ڕژێمیسەدامی دیکتاتۆری لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕووخاند.
هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، کە تاکوو ئێستا هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە کوردستان نەکوژراوە و خەڵکی کوردستان چاویان لەوەیە، کە پەیوەندییەکانی کوردستان و ئەمریکا پتەوتر بێت و واشنتن رۆڵێکی کاراتر لە نێوچەکەدا بگێڕێ. لە درێژەدا تیشکی خستەسەر هێرش و موشەکبارانی کوردستان و لەم بڕگەدا بۆ کۆتایی هێنان بەم دوژمنکارییە، چەند پێشنیارێکی خستەڕوو.
سیناتۆر جەک، لایە خۆیەوە خۆشحاڵی لەو سەردانە دەربڕی و وێڕای سوپاس لە دید و بۆچوونەکان، هاوکات ڕایگەیاند، کە دەرگای ئۆفیسەکەی هەموو کات کراوەیە بۆ دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرایەتی ڕەوەند، لە هەمانکاتدا ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی لە شارەکە بەرز نرخاند و بەڵێنیشیدا، کە داواکارییەکانی شاندی کۆنفدراسیۆن لەگەڵ بەرپرسانی شارەکە و هاوحیزبییەکانی لە کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیران باس بکات. لە پاڵ ئەمانەدا باسی لەوە کرد، کە زۆری پێخۆشە سەردانی کوردستان بکات وسوپاسی بانگهێشتەکەی بۆ کوردستان کرد.
کۆبوونەوەی شفا بارزانی لەگەڵ ڕەوەندی کەلدانی
ئێوارەی ڕۆژی ١٧ی٢ی٢٠٢٤، شفا بارزانی لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا، لەگەڵ ڕەوەندی كەلدانی لە دیترۆیت بۆ پێداگری لەسەر ئازادی پێكهاتەكان و پشتیوانی سیاسیی و مادی زۆرتر بۆ كوردستان کۆبووەوە.
کۆبوونەوە لەگەڵ بۆردی دەستەخوشکی ناشڤیل
لە بەردەوامی دیدارەکانیدا لە شاری ناشڤیل، شفا بارزانی و شاندی یاوەری، چاویانکەوت بە بۆردی دەستەخوشکی ناشڤیل. لە دیدارەکەدا سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی باسی لە پڕۆژەی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ یەکخستنی کوردستانیانی دیاسپۆرا لە ژێر چەتری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد، هاوکاتئاڵوگۆڕی کولتووری و ڕۆشنبیری و ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵی کولتووری هاوبەش و گۆڕینەوەی شارەزایی و چالاکی هونەری، بەشێکی گرنگی دیدارەکە بوون.
لە کۆتاییدا بڕیاردرا بە هاوبەشی کار بۆ ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵێکی کوردستانی لە بەهاری ئەمساڵ بکرێت وتێیدا کولتوور و ڕەسەنایەتی کوردستانیان بە دانیشتوانی ناشڤیل بناسێندرێت.
کۆبوونەوەی شفا بارزانی لە دیترۆیت لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی
لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا، شفا بارزانی لە شاری دیترۆیتی هەرێمی میشیگان، لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی کۆبوویەوە و، هەروەها بە وردی لەسەر کار و پڕۆژەکانی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی قسەی کرد و، لەم بارەوە دوورە دیمەنی کار و ئامانجەکانی ڕێکخستن و یەکخستنی کوردستانیانی لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی شی کردەوە.
هەروەها داوای لە ئامادەبووان کرد وێڕای هەوڵدان بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەمریکیدا، پێویستە بایەخ بە پاراستنی شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی بدەن، بە پێداگرییەوە باسی لەوە کرد چاویان لەوەیە لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە هاوکاری بکەن، کە باوەڕیان بە ئاڵای کوردستان و مافی دیاری کردنی چارەنووس بۆ خەڵکی کوردستان هەیە.
شفا بارزانی لەگەڵ کلدانییەکانی شاری دیترۆیت چەند دیدارێکی ساز کرد
لە درێژەی گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا، شفا بارزانی سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی، لە شاری دیترۆیتی هەرێمی میشیگان، لەگەڵ ڕەوەندی کلدانی کۆبووەوە و زۆر بە گەرمی پێشوازی لێ کرا. شفا بارزانی سڵاو و ڕێزی سەرۆک بارزانی گەیاندە ئامادەبووان و دووپاتیکردەوە، کە وەکو جەنابی سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێکردووە، “یان هەمووان پێکەوە دەژین، یان پێکەوە دەمرین”.
هەروەها باسێکی هەمەلایەنەی لەسەر دیرۆک و کولتووری پێکەوە ژیان لە کوردستان پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، کوردستان وەکو هەمیشە لانکەی پێکەوە ژیان دەبێ و ئێمە هەرگیز تەسلیمی هەڕەشە و گوشار و موشەک و درۆنەکانی دوژمنانی کوردستان نابین، بە گرنگی زانی ئەوانیش بایەخ بە پاراستنی شوناس و ناسنامەی کوردستانی بدەن و ڕەوەند چاوی لەوەیە، کە پێکەوە بۆ کوردستان تێ بکۆشین.
وتاری شفا بارزانی لە پەرلەمانی کەنەدا
بە بەشداری پتر لە ٢٠ پەرلەمانتار، سیناتۆر و دۆستی کوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کەنەدا بەڕێوەچوو و لە دەسپێکی ئەو دانیشتنەدا، زیاد ئەبوتەیف سەرۆکی کۆمیتەی پەرلەمانی دۆستایەتی کوردستان- کەنەدا، وێڕای بەخێرهێنانی شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی کەنەدا و کوردستان و ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی ئاخافت.
زیاد لە قسەکانی دا باسی لە هەلومەرجی دژواری نێوچەکە کرد و لەم پەیوندییەدا هاتنی شفا بارزانی بۆ کەنەدای بە ڕووداێکی گرنگ لێک دایەوە.
دواتر شفا بارزانی لە وتارێکی مێژوویی و پڕ بایەخدا، لەسەر گرنگی پەیوەندییەکانی کوردستان و کەنەدا پێداگری کرد و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سەلماندتان جیا لە چیاکان دۆستی دیکەشمان هەن و ئێوە دەنگێکی بەرزن بۆ پشتیوانی لە کوردستان.
شفا بارزانی بە ناوی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سوپاسی پشتیوانی و یارمەتییەکانی کەنەدای بۆ کورستان و پێشمەرگە دژ بە داعش کرد، هەروەها ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی بەرز نرخاند و داوای کرد کەنەدا ناوی ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە لیستی ڕەش دەربهێنن، چونکە کوردستان هەموو کات قوربانی دەستی تیرۆر و جێنوساید بووە و هەنووکەش لەو شوێنانەی ئازادی هەیە کوردستانە و ئێمە نموونەیەکی جوانی پێکەوە ژیانمان پێشکەش کردووە.
لە لایەکی دیکەوە بارزانی بە پێداگرییەوە باسی لە هەڕەشەکانی سەر کوردستان بە گشتیی و هەولێر بەتایبەتی کرد، لەم بارەوە داوای لە ئەندامانی پەرلەمان کرد پتر گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی کەنەدا، تاکوو بەرفراونتر داکۆکی و پشتیوانی لە کورستان وەکوو هاوپەیمانێکی گرنگی رۆژئاڤا بکەن، کە هەنووکە کەوتۆتە بەر هەڕەشەی میلیشیاکانی ئێران، لە لایەکی دیکەوە تاران بە بڕوبیانووی بێ نێوەڕۆک لە نێوخۆ خەریکی کوردکوژییە و لە دەرەوەش بە موشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان پەلاماری کوردستان دەدات و بەمەش نێوچەکە پتر ناسەقامگیر دەکات.
شفا بارزانی ئەوەشی باس کرد، کە ئەمریکا لە بەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دایە و نابێ ڕێگا بدرێ واشنگتن کوتوپڕ لە نێوچەکە بکشێتەوە، بەم هەنگاوە بەرەی تیرۆر و تاریکی دەتوانێ کارەسات بخوڵقێنێ، لەم بارەوە داوای کرد کەنەدا لەگەڵ هاوپەیمانەکان باشتر تاوتوێی ئەم مەترسیانە بکەن.
ئەندامانی پەرلەمانی کەنەدا وێڕای بەرز نرخاندنی وتارەکەی شفا بارزانی، هاوکات کۆمەڵێک دید و بۆچوونیان سەبارەت بە بەهێز کردنی پێگەی کوردستان هێنایە ئاراوە، لەم بارەوە لەسەر بایەخ و گرنگی ئەو کۆبوونەوانە پێداگریان کردەوە.
کۆبوونەوەی شفا بارزانی لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی و چەند پەرلەمانتارێکی کەنەدا
شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ چەندین کوردی دانیشتووی کەنەدا و چەند پەرلەمانتارێکی ئەو وڵاتە، کە بریتی بوون لە زیاد ئەبوتەیف و تۆم كەمیج، وە بە ئامادەبوونی محەمەد مزوری بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-ئەدمنتۆن و مستەر کورد نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەمریکا و کەنەدا، کۆبوویەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و سروودی نەتەوەیی كەنەدا و ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی رێگای ڕزگاری كوردستان دەستی پێ كرد.
شفا بارزانی سەرپەرشتیاری رەوەندی كوردستانی لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا باسی لە هەلومەرجی ناسکی ناوچەکە و لە ئارادابوونی هەڕەشە و مەترسییەکان کرد وڕایگەیاند، کە پێویستە کوردستانیان لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی تێکۆشانی خۆیان گەشە پێ بدەن.
کوردستانیانی هەر چوار بەشی وڵات، وێڕای پێکهاتە جۆربە جۆرەکان لەو کۆبوونەوەدا ئامادەبوون و دید و بۆچوونی خۆیان هێنایە زمان و بە گەرمی پێشووازیان لە قسەکانی سەرپەرشتیاری رەوەندی كوردستانی کرد.
شفا بارزانی سەردانی کردنی ماڵی کوردی لە تۆرۆنتۆ
لە درێژەی گەشتەکەی دا بۆ کەنەدا، شفا بارزانی بە یاوەری شاندێک لە فدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەو وڵاتە، سەردانی ماڵی کوردی لە شاری تۆرۆنتۆ کرد و بە گەرمی لە لایەن سەرۆکی ماڵی کورد چەتۆ وانی و ئەندامانی بۆردی ماڵی کورد لەو شەرە پێشوازییان لێ کرا.
لە دەسپێکدا سەرۆکی ماڵی کورد لە تۆرۆنتۆ زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی شفا بارزانی و تیمی هاوڕێی کرد. دواتر کورتەیەکی لەسەر دیرۆک و خەباتی نەتەوایەتی ماڵی کورد پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد، کە ماڵی کورد شوێنی هەموو کوردستانییەکە و ئەوان بە شانازییەوە لە خەباتی خۆیاندا ئاڵای کوردستان دەشەکێننەوە و باوەڕی تەواویان بە سەربەخۆیی کوردستان هەیە.
دواتر شفا بارزانی وێڕای سوپاس لەو پێشوازییە گەرمە، کار و خەباتی نەتەوایەتی ماڵی کوردی لە ژێر ئاڵای کوردستاندا بەرز نرخاند و هیوای سەرکەوتنی بۆ ماڵی کورد لە تۆرۆنتۆ خواست.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو دانیشتنەدا، سەرپەرشتیاریگشتیی ڕەوەندی کوردستانی باسی لە پڕۆژە و بەرنامەکانی ڕەوەند کرد و لەم بوارەدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ١٣ی مانگی ٢ لە پەرلەمانی کەنەدا کرد، کە بۆ یەکەمین جارە لەو ئاستەدا و بە بەشداری پتر لە ٢٠ ئەندام پەرلەمان و سیناتۆر لە بینای پەرلەمانی کەنەدا بە دوور لە بازنەی حزبایەتی و وەکوو کوردستانی، داوای پشتیوانی لە کوردستان دەکرێ و پەیامەکەش بە گرنگ وەردەگیرێت.
هەروەها شفا بارزانی تیشکی خستە سەر پڕۆژەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کە ئامانجی سەرەکی ڕێکخستن و یەکخستنی تواناکانی کوردستانیانە لە دەرەوەی وڵات.
ئەڵمانیا: شفا بارزانی و کرستییان کریمەر کۆبوونەوە
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤، شفا بارزانی لەگەڵ کرستییان کریمەر بەرپرسی پەیوەنییەکانی دەرەوەی پارتی یەکێتیی دیموکرات کرستیانی ئەڵمانی کۆبوویەوە و هەبوونی هەماهەنگی و هاوکاری لە بابەتی ئینتگراسیۆن و پاراستنی کولتوور و زمان و فەرهەنگی نەتەوەیی بەشێکی دیدارەکەی پێکهێنا.
هەروەها ڕوونی کردەوە، کە یەکێک لە ئامانجەکانییان تێکەڵ بوونی کوردستانییانە بە کولتوور و ژیاری دیاسپۆرا و هاندانیانە بۆ پابەندبوونیان بە یاسا و ڕێسا بەرکارەکانی ئەو وڵاتانەی، کە کوردستانییان تێیاندا گیرساونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کار دەکەن بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی و زمانی کوردی و پاشخانی کولتووری و نەتەوەیی کوردستانییان بۆ ئەوەی لە دەرەوە هێزێکی کاریگەربن بۆ پارێزگاری لە مافە یاساییەکانییان و لۆبییەکی نەتەوەیی خورتیش بن بۆ دۆزی هەر چوار پارچەی کوردستان.
شفا بارزانی بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی لە پەرلەمانی بەریتانیا یادی نەورۆزی کردەوە
بە بەشداری شفا بارزانی وەک نوێنەری سەرۆک بارزانی و سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، هاوکات بە ئامادەبوونی 150 ئەندام پەرلەمان و لۆرد و بزنسمان و کەسایەتی بەریتانی یادی جەژنی نەورۆز لە نێو پەرلەمانی بەریتانیا کرایەوە.
شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی بوو بە نوێنەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە گەلی کورد و تەواوی ئەو گەلانە کرد، کە یادی جەژنی نەورۆز دەکەنەوە، تیشکی خستە سەر ئەو زوڵم و زۆردارییەی، کە دەرهەق بە گەلی کورد دەکرێت، هەروەها باسی لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ئەو فشارانەی،کە لەسەر هەرێم هەن بۆ لاواز کردنی کردنی، وە داوای پاڵپشتی و پشتگیری بەریتانیا و جیهانی ئازادی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و کوردستانییانی هەر چوار پارچە.
قسەکەرەکان بریتیی بوون لە:
١.سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانییا لیندسەی هۆیلێ.
٢.ئیبراهیم دۆگۆس.
٣. ئەلیسییا کیرنس ئەندامی پەرلەمان و لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی بەریتانیا.
٤. رۆسی وینتێرتۆن جێگری سەرۆکی پەرلەمان.
٥. شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی و نوێنەری جەنابی سەرۆک.
٦. واینێ داڤید ئەندامی پەرلەمان و وەزیری سێبەر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گالای دۆستایەتی کوردستان و نەرویج
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٤ی٤ی ٢٠٢٤ بە ئامادەبوونی شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، نووسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی ئێوارەخوان و کۆبوونەوەیەکی بۆ کوردستانییان و نەرویجییەکان ڕێکخست.
کۆبونەوەکە بۆ ڕێزگرتن بوو لەو ئەندام پەرلەمان و وەزیر و سیاسەتوانە نەرویجییانەی، کە هاوڕێ و هاوکاری کوردستانییان بوونە و بەردەوام پاڵپشتی دۆزی ڕەوایچوار پارچەی کوردستانییان کردووە.
شفا بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا سوپاسی هاوکاری دۆستە نەرویجییەکانی کرد و وتی: بە بوونتان ئیتر کوردستان جگە لە چیاکان دۆستی تریشی هەن و ئێوەش چیان بۆ پشتگیری لە کوردستان، هەروەها داوای لێ کردن بەردەوام بن لە پشتگیری دۆزی ڕەوای کوردستان لە هەر چوار پارچە و هانی وڵاتی نەرویج بدەن زیاتر هاوکاری کوردستان بکات.
چەند کەسایەتی و سیاسەتڤانێکی نەرویجی وتارییان پێشکەش کرد و سوپاسی بانگهێشتنامەی جەنابی شفا بارزانییان کرد و سوپاسی پێشمەرگە و گەلی کوردستانیان کرد بۆ ڕووبە ڕوو بوونەوەی داعش و بەرگری کردن لە تێکڕای ڕۆژئاوا و تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش و وتییان: ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە داعش، کە هەڕەشە بوو لەسەر ئێمەی ئەوروپایش وا بە ئاسانی تێک نەدەشکێندرا، هاوکات بەڵێنیاندا بەردەوام بن لە پاڵپشتی گەل و وڵاتی کوردستان. هەروەها جێگری وەزیری دەرەوەی نەرویج بەشدار بوو و وتارێکیشی پێشکەش کرد.
دواتریش لە لایەن شفا بارزانی سوپاسنامە و پەرتووکی جەنابی سەرۆک بارزانی ( بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد) پێشکەش بە دۆستانی کورد کرا. لە ئەنجامدا تێکڕای دۆستانی نەرویجی بەڵێنی پاڵپشتی خۆیان بۆ دۆزی ڕەوای کورد و کوردانی نەرویج دوپات کردەوە و داوایان کرد کۆبوونەوەی هاوشێوە بەردەوام بن.
کۆبوونەوەی شفا بارزانی لەگەڵ فدراسیۆنی کۆمەڵەی کوردستانی و کوردستانییانی دانیشتووی ستۆکهۆڵم
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٤، لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید، بە ئامادەبوونی شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی،کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ کوردستانییانی دانیشتووی ئەو شارە و دەوروبەری بەڕێوەچوو.
لە وتارێکدا سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی باسی لە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد و ئامانجەکانی بۆ ئامادەبووان شی کردنەوە. هەروەها باسی لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لە بەشداربووان کرد پشتگیری لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بکەن و پارێزگاری لە کولتوور و زمانی کوردی بکەن و پاڵپشتی لە کۆنفدراسیۆن بکەن و لەگەڵیدا هاوکار بن.
کوردستانییانی هەر چوار پارچە، نووسەران، ئەکادیمیستییان و مامۆستایان و کەسایەتییەکان بەشداری کۆبوونەوەکە بوون و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد بۆ گرنگیدان بە ڕەوەندی کوردستانی و بەڵێنی پاڵپشتی و هاوکاری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانیاندا.
هەر لەو سەردانەیدا بۆ سوید، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ فدراسیۆنی کۆمەڵەیکوردستانی و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-سوید کۆبوویەوە، کە تێیدا وێڕای باس کردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر کار و چالاکییەکانیان و هەماهەنگی نێوانیان لە پرسە نەتەوەییەکاندا