KDC

پرۆفایلی فرانشیسکۆ تۆتی

فرانشیسکۆ لۆرینزۆ تۆتی، لە ساڵی١٩٧٦ لە شاری رۆمای ئیتاڵی بە تایبەتی لە ناوچەی بۆرتۆ میترونیا لە دایکبووە، باوکی تۆتی رۆڵێکی گرینگی ھەبووە لە ژیانی ئەو یاریزانە و یارمەتییەکی زۆری داوە، دایکی تۆتی کە ناوی فیوریلایە، یانەی رۆمای زۆر خۆش دەوێ و یارمەتییەکی زۆری داوە تا گەیشتۆتە ئەو ئاستە.

کە تەمەنی گەیشتە (٥) ساڵ دایک و باوکی سوور بوون لەسەر ئەوەی بیبەنە یانەیەک، تۆتی لە تەمەنی (٥) ساڵیدا پەیوەندی بە یانەی فورتیتودو بکات، کاتی مناڵی تۆتی، جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ مناڵانی دیکە ھەبوو، فیوریلای دایکی دەڵێ، تۆتی کوڕم مناڵێکی سادە نەبوو و بە پێچەوانەی ھەموو مناڵێکی جیھان بوو، ھیچ کاتێک سەیری کارتۆن و وێنەی جوڵاوی نەدەکرد و، گرینگییەکی زۆری بە تۆپی پێ دەدا، ساڵی (١٩٨٦) یەکەمین ھەنگاوی تۆتی بوو لە ژیانی وەرزشی، دوای ئەوەی پەیوەندی بە یانەی لودیجیانی کرد و، ھەر لەوێ بەخێرایی ئاستی بەرەو لوتکە رۆیشت، ھەردوو یانەی رۆما و لازیۆ ھەوڵیان دا بۆندی لەگەڵدا ببەستن، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی (١٠) ساڵ بوو، لە (٢٨)ی مارسی ساڵی (١٩٩٣) کە یەکەمین یاری بوو بۆ تۆتی لەگەڵ تیپی یەکەمی یانەی رۆما بەرانبەر یانەی برێشیا.

کە لۆرینزۆ تۆتی تەمەنی گەیشتە (١٤) ساڵ، لەگەڵ برادەرە مناڵەکانی چاویان بە سەرۆکی یانەی رۆما، فیولایان کەوت و لەسەرووی ھەموویان زۆر قسەی لەگەڵ تۆتی کرد و، داوای لێکرد کە زیاتر ھەوڵ بدات، ئەم قسەش زیاتر ورەی تۆتی بەرزکردەوە و، لە (٢٨)ی مارسی ساڵی (١٩٩٣)، لۆرینزۆ تۆتی لە تەمەنی (١٧) ساڵیدا، یەکەمین یاری خۆی لەگەڵ یانەی رۆمادا ئەنجامدا، ھەر لەوکات و ساتەدا، دەوری تۆتی لە یانەی رۆما و ھەڵبژاردەکانی ئیتاڵیا بە دیار کەوت و، بۆندێکی وەک یاریزانێکی پیشەگر مۆرکرد، کە وەک یاریزانێکی پیشەگر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ.

نزیکترین پاڵەوانیەتی لە دڵی تۆتی، مۆندیالی (٢٠٠٦) بوو، کە گەیشتە بەرزترین ئاستی و بووە خۆشحاڵی گەڵی ئیتاڵیا. ئیملاری بلازی شاجوانی ئیتاڵیای پێشوو و بێژەری تەلەڤزیۆنی ئیتاڵیا، لە دوای ئەوەی کە ناوبانگی وەرزشی تۆتی سەرنجی رادەکێشێت، دەبێتە ھاوسەری و پاشان تۆتی فیلمی ئاھەنگی ھاوسەریەکەیانی بە (سی ھەزار) یۆرۆ فرۆشت، کە تیایدا بنەماڵەی ھەردوو لا و برادەران و ھاندەرانی یانەی رۆما ئامادەبوون، سەبارەت بە ئیلاری دەڵێت: ئیلاری دوو گوڵی جوانی پێشکەش کردم، ئەویش ھەردوو منداڵەکانمان (تریستیان و شانێل) بوون، کە دوو منداڵی ئازیز و خۆشەویستن لەلام.

فرانچیسکۆ تۆتی، بە ئەستێرەی ئەستێرەکانی ڕۆما دادەنرێت و، بە خۆشەویسترین کەسایەتی شاری ڕۆما و بەناوبانگترینیانە، تۆتی بەر لەوەی یاریزانی ڕۆما بێت، بە ئەمەکترین ھاندەری یانەکەیەتی و لەبەر خۆشەویستی بێسنووری بۆ یانەکەی، بۆندی چەندین یانەی بەناوبانگی جیھانی ڕەتکردووەتەوە، لە پێشیانەوە ڕیاڵ مەدرید، یۆڤانتۆس، میلان، ئەنتەر میلان و مانچستەر یونایتد…ئەو یاریزانی ژمارە ‌یەک و گۆڵکەر و خاوەنی زۆرترین نازناوە لەمێژووی یانەکەدا.

ئیر پوپۆنی، کە ھاندەرانی یانەکەی لە خۆشەویستیاندا بۆیە وای پێدەڵێن بە یەکێک لە مەزنترین یاریزانانی سەردەمەکەی خۆی دادەنرێت، ھەروەھا باشترین یاریزانە لە مێژووی یانەکەیدا.

تۆتی لە ژیانی وەرزشی خۆیدا بە چەندین نازناوی جۆراوجۆر شادبووە، کە گرینگترینیان بە دەستھێنانی جامی جیھانی ٢٠٠٦ و، خولی ئیتاڵی و، کوپا ئیتاڵیا، تۆتی لە شارۆچکەی پۆرتا میترۆنیای سەر بەشاری ڕۆما لەدایکبووە و، ساڵانی سەرەتای تەمەنی ھەر لەوێ بەسەربرد.

تۆتی جۆسێپی جیانینی کاپتنی پێشووی یانەی ڕۆمای بە سەرمەشقی خۆی دەزانی و، دەیویست کە گەورەبێت، ڕێچکەی ئەو یاریزانە مەزنە بگرێت و، ژیانی وەرزشی لە ڕۆما دەستپێبکات و، ھەر لەوێ کۆتایی پێبھێنێت.

تۆتی لەگەڵ منداڵانی لە خۆی گەورەتر بە شێوەیەکی بەردەوام یاریی دەکرد…تۆتی یەکەم ھەنگاوی ڕاستەقینەی بەرەو جیھانی تۆپی پێ، لەگەڵ یانەی فۆرتیۆدۆ بوو، بەھۆی نزیکی بارەگای ئەو یانەیە لە ماڵی خۆیانەوە، ھەروەھا ھەندێک لە ھاوەڵانی لەھەمان یانە یارییان دەکرد، تۆتی سەرەڕای بچووکی تەمەنی لەچاو یاریزانە لاوەکانی دی، بەڵام ھەر زوو بەھرە و توانای لە یارییکردن بە تۆپ و بڕینی یاریزانان و ژیری لە پاسی درێژ دەرکەوت، بۆیە بووە جێی سەرنجی زۆرێک لە یانە وەرزشییەکان و، ئەکادیمیای وەرزشی یانەکانی میلان و ئەنتەر و لازیۆ، بەڵام یانەی لۆدیجیانی توانیان لە ڕێی باوکییەوە تۆتی ڕازی بکەن بە پێدانی ڤێلایەک بۆ نیشتەجێ بوون تیایدا و، دۆزینەوەی کارێک بۆ باوکی.

پاش دوو ساڵ یارییکردن لەگەڵ یانەی لۆدیجیانی، کاتی ئەوە ھاتبوو تۆتی بەرەو جیھانی پیشەگەری ھەنگاو بنێت و بچێتە یەکێ لە یانەکانی بەشدار لە کاڵچیۆ…لە شاری ڕۆما ھەردوو یانەی ڕۆما و لازیۆ ھەبوو، لەبەربوونی پەیوەندییەکی پتەوی دۆستانەی فەرمی لەنێوان یانەی لۆدیجیانی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی لازیۆ، بەڵام خانەوادەکەی تۆتی بەتایبەتی دایکی و ئەمیدیۆ مێرۆنی، ئاڕاستەی تۆتیـیان بەرەو یانەی ڕۆما گۆڕی و، بووە سەرەتای دەرکەوتن و گەشانەوەی ئەستێرەی بەختی تۆتی. تۆتی ئەو کاتەی چووە ڕیزی لاوانی یانەی ڕۆما، تەمەنی تەنیا ١٣ ساڵ بوو، لەو ماوەیەدا تۆتی بە قۆناغی پێگەیشتنی تەواودا ڕۆیشت و بەتەواوی ئامادەبوو بۆ ھەنگاوی دواتری، ساڵێک دواتر، واتا لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا، سەرۆکی مێژووی یانەی ڕۆما، دینۆ ڤیۆلا ئاھەنگێکی بۆ ڕێکخستن، بەھۆی بوونیان بە پاڵەوانی پێشبڕکێی “لاوانی داھاتووی ئیتاڵیا” و، لەو ئاھەنگەدا ڤیۆلا بە تۆتی گووت: بیستوومە کە یاریزانێکی نایابی، من لەداھاتوودا چاوەڕوانت دەکەم”. پاش سێ ساڵ یارییکردن لە ڕیزی لاوانی یانەکە، ڤۆیادین بۆشکۆڤ بۆ یەکەمجار تۆتی بانگھێشتکرد، بۆ ئەوەی یەکەم یاری فەرمی خۆی لەگەڵ ڕۆما بکات، لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بەرانبەر یانەی بریشیا، کە بەدوو گۆڵی بێبەرانبەر یارییەکەیان بردەوە لە ٢٨/٣/١٩٩٣.

ساڵانی دواتر،تۆتی زیاتر ھەلی یاری کردن و نمایش کردنی تواناکانی بۆ ھەڵکەوت و یەکەم گۆڵی خۆی لەگەڵ ڕۆما لە ٢٤ ی ئەیلولی ١٩٩٤ کرد کەگۆڵی یەکسانبوونی یانەکەی بوو لەگەڵ یانەی فۆجیا. تۆتی لەساڵانی ١٩٩٥ و ١٩٩٦ ھەلی زیاتری یاریکردنی پێدرا و توانی ١٦ گۆڵ تۆمار بکات.لە ١٩٩٧ ـەوە شارەی کاپتنی یانەی ڕۆمای پێدرا و وەکو سمبوڵ ێک لەلایەن ھاندەرانەوە سەیر دەکرا، زدینک زیمان-ی ڕاھێنەری ئەو کاتەی ڕۆما، بە پلانی ٤-٣-٣ـی ھێرشبەریی یاریی دەکرد و، تۆتی وەک یاریزانی باڵی چەپ یاری پێدەکرا، لەو دوو ساڵەدا لەگەڵ ئەو ڕاھێنەرە توانی ٣٠ گۆڵ تۆماربکات.

ھەرچەندە تۆتی بۆ دوا یارییەکانی جامی جیھانی ١٩٩٨ـی فەڕەنسا بانگھێشت نەکرا، بەڵام خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی تازەھەڵکەوتووی وەرزی ١٩٩٨-١٩٩٩ـی پێدرا. پاش ئەوەی ڕاھێنەری بە ئەزموون (فابیۆ کاپێللۆ) بووە ڕاھێنەری ڕۆما، داوای لە فرانکۆ سینسی باشترین سەرۆکی یانەی ڕۆما لەمێژوودا کرد، کە چەند یاریزانێکی بۆ دابین بکات بۆ ئەوەی خولی ئیتاڵی بۆ بەدەستبھێنێت، سینسی داواکەی کاپێللۆی بەجێھێنا و باتیستوتا و واڵتەر ساموێلی بۆ کڕی، کە ئەوەی یەکەمیان لەگەڵ تۆتی بوونە ترسناکترین دوانەی خولی ئیتاڵی و، تۆتی بە تۆمارکردنی ١٣ گۆڵ توانی سەرکردایەتی یانەکەی بکات بۆ بەدەستھێنانی خولی ئیتاڵی بۆ دووەمجار لەمێژووی ڕۆمادا.
لەھەمان ساڵدا جامی سوپەری ئیتاڵی”سوپەر کوپا ئیتالیانۆ”ـی بەدەستھێنا و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لەیانەی فیۆرێنتینا یان بردەوە کە تۆتی یەکێک لە گۆڵەکانی تۆمارکرد…لەساڵانی ٢٠٠٠ و ٢٠٠١ تۆتی بەباشترین یاریزانی ئیتاڵیا و خولی ئیتاڵی ھەڵبژێردرا.لە وەرزی دواتردا ھێندەی نەمابوو بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەک تۆتی و جیالۆڕۆسۆییەکان نازناوی خولی ئیتاڵی بەدەستبھێنن، بەڵام یانەی یۆڤانتۆس تۆرینۆ بەھۆی ژیری مارچیلۆ لیپی ـیەوە نازناوەکەیان لەژێر دەست دەرھێنان. لەساڵانی دواتردا تۆتی لەشێوە پلانی ٣-٥-٢ ـدا وەکو ھێرشبەری دووەم یاریی دەکرد،توانی ٢٠ گۆڵ تۆماربکات لەو وەرزەدا”٢٠٠٣-٠٤″ و پلەی دووەمیان لەدوای یانەی میلان بەدەستھێنا و ھەروەھا بۆ دووەمجار بەباشترین یاریزانی ساڵ لە ئیتاڵیا ھەڵبژێردرا.وەرزی ٢٠٠٤-٠٥ بۆ ڕۆما و تۆتی زۆر ناخۆش بوو، چونکە کاپێللۆ لە ڕۆما ڕۆیی لە یۆڤانتۆس لەنگەری گرت، بەھۆی گۆڕینی چوار ڕاھێنەر تەنھا لەو وەرزەدا ڕۆما پلەی ھەشتەمی بەدەستھێنا، لە ٣/١٠/٢٠٠٤ تۆتی گۆڵی ١٠٠ ھەمینی خۆی لە یانەی ئەنتەرمیلان تۆمارکرد، دواتر، لە ١٩ی کانوونی یەکەم فرانچیسکۆ بووە گۆڵکەری یەکەمی ڕۆما لەمێژووی خولی ئیتاڵیدا بە تۆمارکردن

تۆمارکردنی گۆڵی ژمارە ١٠٧ لە دژی یانەی پارما، بەو گۆڵە تۆتی توانی ڕیکۆردی ڕۆبێرتۆ پرۆزۆی یاریزانی پێشووی یانەکەیان بشکێنێت لە وەرزی ٢٠٠٥-٠٦ لۆچیانۆ سپالێتی پۆستی ڕاھێنەرایەتی ڕۆمای گرتە دەست و پلانی یاریکردنی یانەکەی بۆ ٤-٢-٣-١ گۆڕی،لەو پلانەدا تۆتی وەک ھێرشبەر یاری دەکرد، بەڵام تەکتیکی سپالێتی ئەوەبوو کە تۆتی بگەڕێتە دواوە و، وەک ھێرشبەری نادیار یاری بکات و پاس بدات و گۆڵ بکات…ئەو پلانە ڕێخۆشکەر بوو بۆ ھێرشبردن لەلایەن یاریزانانی ناوەندی ھێرشبردن بەھۆی گەڕانەوەی تۆتی بۆ ناوەندی یاریگا، کە ببووە ھۆی سەرلێشێواوی بەرگریکارانی تیپی بەرانبەر.

تۆتی لەو شێوەپلانەدا توانی گۆڵی زیاتر تۆماربکات، بەجۆرێک ١٥ گۆڵی لە ٢٤ یارییدا تۆمارکرد و، یانەکەی ١١ یاریی یەک لەسەر یەکی بەو پلانە نوێیە بردەوە. لە ١٩/٢/٢٠٠٦ تۆتی لە یاری یانەکەیدا بەرانبەر ئیمپۆلی بە سەختی لەلایەن ڕیچارد ڤانجیلی ـیەوە لێیدرا، کە بووە ھۆی ئەوەی مەترسی دوورکەوتنەوەی جامی جیھانی ٢٠٠٦ ـی لێبکرێت، بەڵام دواتر لە ١١/٥/٢٠٠٦ لە پێکان گەڕایەوە و لە یاری کۆتایی کوپا ئیتاڵیا، وەک یاریزانی یەدەگ یاریی پێکرا، کە یارییەکەیان بە ئەنجامی ٣-١ لە ئەنتەرمیلان بردەوە.

وەرزی ٢٠٠٦-٠٧ بۆ تۆتی وەرزێکی زۆر تایبەت بوو، چونکە سەرقافڵەی گۆڵکەرانی ئیتاڵیا و ئەوروپای بە ٢٦ گۆڵ گرت و یانەی ڕۆما ئەو وەرزەی بە پلەی دووەم تەواوکرد، پاش ئەنتەرمیلانی یەکەم و پاڵەوان، بەڵام لە یاریی کۆتایی کوپا ئیتاڵیادا تۆڵەیان لە نێرادزۆری”ئەنتەرمیلان”کردەوە و، بوونە پاڵەوانی جامی ئیتاڵیا ٢٠٠٧.

ھەروەھا خەڵاتی پێی ئاڵتوونی وە سەرلیستی گۆڵکەرانی ئەوروپای پێبەخشرا، تۆتی گۆڵی ژمارە ٢٠٠ ـەمینی خۆی لەگەڵ ڕۆما لە یانەی تۆرینۆ لە کوپا ئیتاڵیا تۆمارکرد لە ١٦/١/٢٠٠٨، وە خەڵاتی باشترین یاریزانی ئیتاڵیای پێبەخشرا بۆ جاری پێنجەم لە ژیانی وەرزشی خۆی لەھەمان ساڵدا. نیوەی دووەمی ئەو وەرزە، بەھۆ‌ی پێکانەوە لە ئەژنۆی ڕاستیدا، نەیتوانی ھیچ یارییەک بکات و ماڵئاوای لەو وەرزە کرد. ھەر لەو وەرزەدا یانەی ڕۆما جامی ئیتاڵیای بەدەستھێنا بە بردنەوە لەیانەی ئەنتەرمیلان بەئەنجامی ٢-١، ھەرچەندە تۆتی بەھۆی پێکانەوە یاریی نەکرد، بەڵام ڕێگەی پێدرا بە سیفەتی کاپتنی یانەکە جامەکە بەرزبکاتەوە، بۆیە تۆتی بە بەدەستھێنانی ئەو نازناوە بووە سەرکەوتووترین یاریزان لە ڕووی نازناوەوە لە مێژووی یانەی ڕۆمادا پاش ئەوەی دوو یاری یەک لەسەر یەکی دەستپێکی لەگەڵ ڕۆما دۆڕاند، لۆچیانۆ سپالێتی وەرزی ڕابردوو ٢٠٠٩-٢٠١٠ وازی لە پۆستی ڕاھێنەری یانەکە ھێنا و، کڵاودیۆ ڕانێری شوێنی ئەوی گرتەوە.

تۆتی لەگەڵ دەستبەکاربوونی ڕانێریـیدا بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی بەرزبوویەوە و سێ ھاتریکی تۆمارکرد، لە خولی ئەوروپی (جامی یەکێتی ئەوروپای پێشوو)ـیدا یەکەمیانی ٧-١ لە یانەی گێنت و دووەمیانی لەیانەی کۆسیچە و، سێھەمیانی لە خولی ئیتاڵی لە یانەی باری تۆمارکرد، پاشان جارێکی دیکە پێکان بەرۆکی گرتەوە و، چەند مانگێک دووریخستەوە لە یاریکردن، لە ٣٠/١١/٢٠٠٩ تۆتی بۆندەکەی لەگەڵ ڕۆما بۆ پێنج وەرزی دیکە درێژ کردەوە، بۆ ئەوەی ژیانی وەرزشی خۆی لە جیالۆڕۆسۆ کۆتایی پێبھێنێت.

پاش ئەوەی لە ٢٤ یاری دوای یەکدا، یانەی ڕۆما ھیچ یارییەکی نەدۆڕاند، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو و دراماتیکی لە پلەکانی کۆتایی ڕیزبەندەوە گەڕایەوە، کێبڕکێی بە دەستھێنانی نازناوەکە لەگەڵ یانەکانی ئەنتەرمیلان و ئەیسی میلاندا، دوای ئەوەی ھەردوو یانەی شاری میلان لە چەند یارییەکدا تووشی شکست ھاتن، یانەی ڕۆما پلەی یەکەمی ڕیزبەندی گرتە دەست، پاشان بەیانەی سامپادۆریا دۆڕان و پلەی دووەمیان بە دەستھێنا.

لە جامی ئیتاڵیاشدا گەیشتنە یاری کۆتایی و بە گۆڵێکی بێبەرانبەر بە یانەی ئەنتەرمیلان دۆڕان، ئەوەی جێی ئاماژەپێکردنە، لەو یارییەدا تۆتی ڕەفتارێکی ناشرینی نواند و، بە توندی لە ماریۆ بالۆتێلی یاریزانی پێست ڕەشی یانەی ئەنتەرمیلان-ییدا.

تۆتی لە سەرەتادا لە چوارچێوەی پاڵەوانێتی یوفا (جامی یەکێتی ئەوروپا) بۆ ھەڵبژاردەکان بۆ خوار تەمەن ٢١ ساڵ، ‌کاروانی یارییە نیشتیمانییەکانی دەستپێکرد، دوای یاریکردن لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئیتاڵیای ژێر ١٩ ساڵ و ژێر ٢١ ساڵ، بۆ یەکەمجار تۆتی بانگھێشتی ڕیزی یەکەمی ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا کرا لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یۆرۆی ٢٠٠٠ و، یەکەم یاری خۆی بەرانبەر ھەڵبژاردەی سویسرا کرد لە ١٠/١٠/١٩٩٨.

ئیتاڵیا یارییەکانی یۆرۆی ٢٠٠٠ـی دەستپێکرد و تۆتی ئاستێکی بەرزی نمایش کرد، دوو گۆڵی تۆمارکرد، یەکەمیان لە ھەڵبژاردەی بەلجیکا لە قۆناغی گرووپەکان و، ئەوی دی لە ھەڵبژاردەی ڕۆمانیا لە قۆناغی چارەگی کۆتایی…پاش ئەوەی گەیشتنە یاری کۆتایی بەرانبەر فەڕەنسییەکان، ئیتاڵیا بە گۆڵی زێڕین یارییەکەی دۆڕاند و، تۆتی وەک باشترین یاریزانی یارییەکە دیاریی کرا.

ھەروەھا ناوی لە پێکھاتەی نموونەی یۆرۆی ٢٠٠٠ بوو. ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا و تۆتی لە جامی جیھانی ٢٠٠٢ ی کۆریا و یابان، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە قۆناغی ١٦ ھەڵبژاردەیی بە ھەڵبژاردەی کۆریای باشوور دۆڕان و کرانە دەرەوە، لەو یارییەدا بە ھەموو پێوەرێک ناوبژیوان بڕیارەکانی دژی ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا بوو، بێ ھیچ ھۆکارێکی دیاریکراو، تۆتی کارتی سووری پێدرا و گۆڵێکی تەواوی تۆماسی ڕەتکردەوە…لە یۆرۆی ٢٠٠٤ـی پورتوگالدا، تۆتی ڕەفتارێکی نەشیاوی نواند و تفێکی لە کریستیان بۆڵسن-ی یاریزانی ھەڵبژاردەی دانیمارک کرد، بەھۆیەوە تۆتی بۆ سێ یاریی ڕاگیرا و لەئاکامدا بووە ھۆی چوونە دەرەوەی ئیتاڵیا لەقۆناغی یەکەم.

تۆتی تازە لە پێکان گەڕابۆوە، بەڵام توانی لەگەڵ ھاوڕێکانیدا ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن، تۆتی لەو مۆندیالەدا لە دوای لۆکا تۆنی-ـیەوە، وەک ھێرشبەری دووەم لەلایەن مارچیلۆ لیپی ڕاھێنەرەوە یاری پێدەکرا، لە قۆناغی ١٦ ھەڵبژاردەییدا، تۆتی تاکە گۆڵی بردنەوەی لە دوا خولەکی یارییەکەدا لە ھەڵبژاردەی ئوستورالیا تۆمارکرد و، پاش گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی بە لێدانە یەکلاکەرەوەکانی خاڵی سزا لە ھەڵبژاردەی فەڕەنسایان بردەوە و، جامەکەیان بۆ جاری چوارەم بۆ ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا و بۆ جاری یەکەم لە ژیانی وەرزشی خۆیدا بە دەستھێنا.

ھەر پاش تەواوبوونی جامی جیھانی، تۆتی وازھێنانی یەکجارەکی خۆی لە یاری نێودەوڵەتی ڕاگەیاند و، تا ئێستا لە بڕیارەکەی پاشگەزنەبووەتەوە. ئیلاری بلاسی، خێزانی فرانچسکۆ تۆتییە و نمایشکاری جلوبەرگە، لە ڕابردوودا وەک بێژەری تەلەفیزیۆن بووە و چەندین بەرنامەی جیاوازی پێشکەش و ئامادەکردووە لە کەناڵی میدیاسێت. منداڵی یەکەمیان ناوی کریستیانە و لە ٦/١١/٢٠٠٥ لەدایکبووە، منداڵی دووەمیان کە کچە “شانێڵ”ـی ناوە و، لە ١٣/٥/٢٠٠٧ لە دایکبووە.

ڕیکاردۆی برای تۆتی، کە لە ڕابردوودا یاریزان بووە، ئێستا بەڕێوەبەری کارەکانێتی. ھەروەھا تۆتی قوتابخانەیەکی تۆپی پێ بەڕێوەدەبات بە ناوی”ژمارە ١٠″، کە ھێمایە بۆ ژمارەی درێسەکەی خۆی و، تیمێکی پێشبڕێکێی مۆتۆڕسکیلی ھەیە بە ناوی باشترین خوازراوترین یاری تۆتی، ئەوەیش عەشقی بێسنووری تۆتی بۆ پێشبڕکێی مۆتۆڕسکیل دەردەخات.

تۆتی لە ساڵی ٢٠٠٣ بووە نوێنەری نیازپاکی یونیسێف،ھەروەھا لەگەڵ فیفا دا ھەڵمەتێکیان بۆ یارمەتیدانی منداڵانی ھەژار دەستپێکرد، لە ٢٠٠٦، ھەروەھا تۆتی کتێبێکی قسەی نەستەق و نوکتەی بڵاوکردەوە، کە چەندین بەسەرھاتی خۆشی ژیانی منداڵی و یاریکردن و ژیانی تایبەتی تێدا بوو و، ھەموو سوود و قازانجەکەی بۆ منداڵانی کەم دەرامەتبوو، جگە لەوانەش لەگەڵ ئەلیساندرۆ نێستا و ئەلیساندرۆ دیلپیرۆ و دیلفیکیۆ مارکۆ و کریستیان ڤێری و، بوفۆن و جیۆڤانی تراباتۆنی ڕاھێنەر فیلمێکی دۆکۆمێنتارییان بەرھەمھێنا، کە قازانجەکەی بۆ منداڵە ھەژارەکانی سۆماڵ نارد.

پاڵەوان پاڵەوانی کاڵچیۆ
(خولی ئیتاڵی):٢٠٠١ جامی سوپەری ئیتاڵی (سوپەر کوپا ئیتاڵیانۆ) ٢جار:٢٠٠١،٢٠٠٧ کوپا ئیتاڵیا(جامی ئیتاڵیا) ٢جار:٢٠٠٧،٢٠٠٨ پلەی دووەم خولی ئیتاڵی ٦جار:٢٠٠٢،٢٠٠٤،٢٠٠٦،٢٠٠٧،٢٠٠٨،٢٠١٠ کوپا ئیتاڵیا ٤جار:٢٠٠٣،٢٠٠٥،٢٠٠٦،٢٠١٠ جامی سوپەری ئیتاڵیا ٢جار:٢٠٠٦،٢٠٠٨ نێودەوڵەتی(ھەڵبژاردە) پاڵەوان جامی یەکێتی ئەوروپای ژێر تەمەن ٢١ ساڵ :١٩٩٦ پاڵەوانێتی ئەوروپای ناوەند(ژێر ٢٣ ساڵ):١٩٩٧ جامی جیھانی فیفا:٢٠٠٦ پلەی دووەم جامی یەکێتی ئەوروپا ژێر ١٨ ساڵ:١٩٩٥ جامی یەکێتی ئەوروپا:یۆرۆی ٢٠٠٠ دەستکەوت و نازناوە تایبەییەکان خەڵاتی Guerin d’Oro دوو جار:١٩٩٨،٢٠٠٤ باشترین یاریزانی تازە ھەڵکەوتووی

ساڵ:١٩٩٩ پێکھاتەی نموونەی یۆرۆی ٢٠٠٠ باشترین

یاریزانی کاڵچیۆ(خولی ئیتاڵی) ٢ جار:٢٠٠٠،٢٠٠٣ باشترین یاریزانی ساڵی ئیتاڵیا ٥جار:٢٠٠٠،٢٠٠١،٢٠٠٣،٢٠٠٤،٢٠٠٧ پێکھاتەی نموونەی ئەوروپا ٣جار: ٢٠٠٠-٢٠٠١ ، ٢٠٠٣-٢٠٠٤ ، ٢٠٠٦-٢٠٠٧ باشترین ١٠٠ یاریزان لەلایەن فیفاوە گۆڵکەری خولی ئیتاڵی:٢٠٠٦-٢٠٠٧ خەڵاتی پێی زێڕێن(گۆڵکەری ئەوروپا):٢٠٠٦-٢٠٠٧ گۆڵکەری یەکەمی ڕۆما لە مێژوودا خاوەنی زۆرترین دەستکەوت و نازناو لە مێژوودا.

___

هەر کۆچبەرێک لە لیتوانیا بگەرێتەوە بڕە پارەیەکی پێ دەدرێت

nusar1

نرخی بەرمیلێ نەوت 130دۆلاری تێدەپەڕانێت

nusar1

ئۆکرانیا سوپاکەی بەهێز دەکات

nusar1
KDC

FREE
VIEW