KDC

هونەرمەندی کەمانچەژەن گۆران ئیراهیم خەیات سەردەمی زێڕین لەدەستی ئەم هونەرمەندانەوە مۆمی خۆی داگیرساند

ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەند
ئەو کاتەی کە گوێ رادەخەی بۆ دەنگە زوڵاڵەکەی مامۆستای ڕەوان شاد ئیبراهیم محمد خەیات … کوردستان لە نێوەندی کەلتوورێکی دەوڵەمەندو پڕ لە کەڵچەری دەبینیت . کاتێك دیدە لەبەرهەم و خانەوادەو چالاکی یە کانیان دەگریت ، ئەو سەردەمەیە کە پێ ی دەوترێت سەردەمی زێڕین لە ڕۆشنبیری و هونەرو کەڵچەری کوردی .. یەکێك لەو خانەوادە بەڕێزە مامۆستا گۆران ئیبراهیم محمد کەناسراوە بە گۆران ئیبراهیم خەیات کەلە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری سلێمانی لەدایك بووە ، لەو ماڵە هونەری و ڕۆشنبیری یەی کەوا کوردایەتی و میوزیك و هونەرو دەنگخۆشی تێدا جۆش دراوە و پەروەردەی مامۆستای مەزنی باوکی ڕەوان شادیان ئیبراهیم خەیات بوە و خانەوادەیەکی پڕ لە ئەزموون و شارەزا لە گۆرانی و ئاوازو کەلتووری کوردی و هەموو ڕەنگاڵەکانی .
گۆران ئیبراهیم خەیات کەسایەتیەکی ناسراوی شاری سلێمانی لەساڵی ١٩٧٥ وە تاوەکو ئێستا ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە ، وە خاوەن چەندین ئەرشیف و ببیلۆگرافیاو تۆمارو چالاکیەکی زۆرو بەرفراوانی هەبووە لە ماوەی ٤٧ ساڵدا و کارا بووە لەنێو گروپ و تیپە هونەریەکان وەکو لەساڵی ١٩٧٥ – ١٩٧٦ لەگەڵ تیپی چالاکی قوتابخانەکان بەشداری کردوە لە ئاهەنگەکان و تۆمار کردنی چەند گۆرانی یەك بۆ هونەرمەندان ( نەورۆز عەلی لە گۆرانی بەهاران و بەرقەڵا ) وە ( عوسمان نوری لە گۆرانی تۆ ئەو شۆخە بووی ) وە ( حەسەن ئەسکەندەر لە گۆرانی سەوزە عومرم ) وە ( کاوە حەمە ساڵح لە گۆرانیسوێندم خواردوە خودایە ) و سدیق شەمێرانی .
دواتر لەساڵانی ١٩٧٦ – ١٩٨٠ ئەندامی تیپی مۆسیقای زانکۆی سلێمانی بوە و بەشداری لەهەموو بۆنەکان و ئاهەنگەکانی زانکۆ کردوە لەگەڵ تۆمارکردنی بەرهەمەکانی ئەو سەردەمە بۆ گۆرانیبێژان وەکو ( فاروق محمد و ئازاد مەولودو ئاراس محمود شەوقیو سدیق شەمێرانی ) ، لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانە پرۆڤەو گفتووگۆی بەرهەم هێنەرو دیدارو چاپێکەوتنیان لەگەڵ ئەو ئەندامانەدا بەردەوام بوو ، وە لە ماڵ و هۆڵەکان و جێگا چالاکی یەکان هەردەم گەڕاون وە توێژینەوەیان کردوە بۆ ئاوازو میلۆدی و دەنگەکان .
لەساڵانی ١٩٧٥ – ١٩٧٦ ئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی بووە ، وە بەشداری لە سەرجەم بەرهەمەکانی تیپی مۆسیقای سلێمانی دا کردوە لە ئاهەنگ و بۆنەکان یان لە تۆمار کردنی بەرهەمەکانی هونەرمەندانی گەلەکەمان وەکو ( عەدنان کەریم و کەریم بابان و قادر کابان و ئیبراهیم خەیات و حەسەن گەرمیانی و عوسمان گەلی و عەباس محمد و عەبدولقادر حەسەن و ئەسعەد قەرەداغی و کامەران عەبدول مەجید ) وە لەساڵی ١٩٧٦ کاسێتێکیان تۆمار کرد بۆ هونەرمەند عەبەی مەلا ، هەروەها بەشداری کردوە لە ئاهەنگی ڕۆژی مۆسیقای جیهانی لە شاری بەغدا لەساڵی ١٩٨٧ ، بێگومان لەو پرۆژە کارە هونەریەدا ئاوازو مۆسیقای کوردی زۆر بە جوانی وە بە ئادایەکی جوان پێشکەش کرا وە گوێ بیستێکی زۆری هەبوو لەو سەردەمەدا وە تاوەکو ئێستاش ئەو بەرهەمانە وەکو خۆی ماوەتەوە و خەڵك تام و چێژی لێ دەبینێت و پیر نابن ، لەهەمان کاتدا هەڵبەست و شیعر و دابەش کردنی جوانیان بۆ کرابوو ، هەر بۆیە ئەو کارانە بەنەمری دەمێننەوە لە مێژوودا .
لەساڵی ١٩٧٩ مامۆستا گۆران ئیبراهیم خەیات بەشداری کرد لە تۆمار کردنی کاسێتێکی گۆرانی بۆ هونەرمەند ناسرای ڕەزازی لە سەیرانگای پیرەمەگروون کە چەند سرودێکی نیشتیمانی و چەند گۆرانی یەکی لە خۆ گرتبوو وەك ( سوەیلە باڵا بەرز و خەجیلەو خانم ) ، هەروەها کاسێتێکی تریان تۆمار کرد بۆ هونەرمەند ناسرای ڕەزای لە ماڵی حەمەی ئاسنگەر لەگەڵ هونەرمەند نامدار قەرەداغی وەك بەرهەمەکانی ( هەر من مامەوە و تاکەی تاکەی ئێمە کۆیلەبین ) دواتر لەساڵی ١٩٨٣ کاسێتی تریان بۆ هونەرمەند ناسری ڕەزازی تۆمار کرد لە ماڵی حەمەی پاقلاوە لە سەرچنار وەکو ( کاڵەبەی کاڵێ و گۆمەشین و کوردستانەکەم ) .
ئەوەش ئەزموونێکی گرنگ بوو بۆ هونەرمەند کە هەرجارەی لەگەڵ گرووپ و تیپ و جێگایەك بە کەرەستەو ئامێری سادەو ساکاری ئەو سەردەمە وە بە هەوڵی تاکە کەسی ئەم پرۆژانەیان بەدەست هێناوە و تاوەکو ئێستاش بە نەمری لە نێو کەشکۆڵی کەلتووری کوردیدا ماوەتەوە ، لەساڵی ١٩٨٣ شدا کاسێتێکی سروود و چەند گۆرانیەك بۆ هونەرمەندی کورد تاهیری خەلیلی تۆمار کرا بەناوی ( هێزی پێشمەرگە نابەزێ و شیرین شیرین و لە قەندیلی سەربەرزەوە ) وە ، لەساڵی ١٩٨٧بەرهەمێکی تریان ڕاگەیاند بەناوی کاسێتی ( نەرورۆز ) بۆ هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی ، ئەوەی من لە نزیکەوە ئاگاداربم ئەم بەرهەمە دەنگ دانەوەیەکی زۆری هەبوو لە کوردستانی باشوورو ڕۆژهەڵات وە هەموو ئەو کارانەی کە مامۆستا گۆران بەئەنجامی گەیاندوە وە بەشداری تێدا کردووە .
لەساڵی ١٩٨٧ کاسێتێکی تۆمار کردوە بۆ هونەرمەند ئیبراهیم خەیات لە ماڵی جەلالی حاجی ڕەشید کە بریتی بوون لە گۆرانییەکانی ( هەرمن ناشادم وسیاچەمانەو هەرتۆم دەوێت و نازەنین ودڵ هەمیشە بەهارە ) ، ئەوەمان لەیاد نەچێت کە مامۆستا گۆران ئەندامێکی چالاکی تیپی مۆسیقای مەولەوی بوە تاوەکو ئێستاش وە چەندین چالاکی هونەرییان ئەنجام داوە و بەشدار بوە لە ئاهەنگ و بۆنەو چالاکییەکاندا وە تۆمارکردنی بەرهەمی هونەرمەندان وەکو ( سەلاح مەجیدو حەمەی نێرگز و ئەحمەد شوشە چی و زۆری تری هونەرمەندان ) ، واتە لەم ئەزمونانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مامۆستا گۆران مامەڵەی لەگەڵ جۆراوجۆری دەنگەکان و بەرزو نزمی دەنگەکان کردوە وە توانیوێتی ئەو ئاوازانە ڕێك بخاتەوە بە شێوەیەکی هونەری کە جێگای تێڕوانین و دەستخۆشی بوون .
لەساڵی ١٩٨٦ کاسێتێکیان لە ڕێگای کۆمپانیای بابل تۆمار کرد بۆ هونەرمەندان ( ئیبراهیم خەیات و سەلاح مەجید و حەمە قوتوو) ، مامۆستا لە ساڵانی ١٩٩٤ وە لە ووڵاتی دانیمارك دەژیت ، بەڵام هەرکات بەشداری لە هەموو ئاهەنگەکانی کوردستان وە لەگەڵ تیپە هونەریەکان کردوە کە خۆی ئەندامێکی کارایە وە توانیوێتی خزمەتێکی ڕاستەقینەی میوزیکی کوردی بکات و دەوڵەمەندی بکات بەو شێوە جیاوزانەی کە هەر یەك لە قوتابخانەیەك و دەروازەیەکی هونەری و کەلتووری یە بۆ نەتەوەکەمان ، لەساڵی ١٩٩٩ لە ووڵاتی دانیمارك سیدیەکی وە بەرهەم هێنا بۆ هونەرمەند محمد جەزا بەناوی ( سکاڵا ) .
ئەگەر ئاوڕێك بۆ بەرهەم و چالاکیەکانی هونەرمەند گۆران ئیراهیم خەیات بدەینەوە کەلە ڕابردوودا لە تەلەفزیونی کەرکوك بەشداری هەبوە بۆ تۆمار کردنی چەند بەرهەمێك ئەوا لەساڵی ١٩٨٤ گۆرانی ( ئێمە گیانێکین لە دوو جەستەدا ) بۆ هونەرمەند ئیبراهیم خەیات و دواتر لەساڵی ١٩٨٥گۆرانی ( کچی کوێستان ) یان تۆمار کرد بۆ هونەرمەند ئیبراهیم خەیات ، وە لەساڵی ١٩٨٥گۆرانیەکی تریان هەر لە تەلەفزیونی کەرکوك تۆمار کرد بۆ هونەرمەند سەلاح ڕەشید بەناوی ( ئەستێرەی شەوان ).
زۆربەی ئەو کارە هونەری یانە پێشەکی و دابەشکردنی موسیقای تێدا کردووە وە سەرپەرشتی کارو چالاکییەکانی کردوە لە پرۆڤە و لە خۆئامادەکردن ، وەکو باسم کرد توێژینەوەی هونەری میوزیکی بۆ کارە هونەریەکان کراوە ، ئەم پرۆژانە یان ئەم بەرهەمانە لە شەو ڕۆژێکدا لەدایك نەبوون وە نابن ، ئەگەر مامۆستا گۆران ئەزموونێکی پڕ هونەری و زانستی نەبوبێت لە بواری کارەکەیدا ، لەگەڵ ئەوەی کە کەمانچە ژەنە ، بەڵام گوێ یەکی تایبەتی هەیە بۆ دەست نیشانکردنی ئەو ئاوازو فۆنتەی کە پێویستە ڕەنگ دانەوەی لەکارە هونەریەکاندا هەبوبێت ، وەکو دەست نیشان کردنی ئەو ئاوازانەی کە نە ڕۆژئاوای بن وە نە کەڵچەرێکی تر بن ، بەڵکو پڕاو پڕ کوردیەکی چیایی کوێستانی یە وە هەڵقووڵاوی کەلتووری کوردستانە .
لەبەرهەمە سیدی یەکان لەساڵی ٢٠٠٤ کارێکی تری ئامادە کرد بۆ هونەرمەند جیهان ئیبراهیم خەیات و ساڵی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٩ دوو سیدی ئامادە کرد بۆ هونەرمەند مەسعوودی مەحەمەدی و لەساڵی ٢٠١٠ دا سیدیەکی تۆمار کرد بۆ هونەرمەند حوسێن گەرمیانی، لەساڵی ٢٠٠٥ دا کارێکی تری بۆ هونەرمەندی ڕەوان شاد ( ئیبراهیم خەیات ) تۆمار کرد کە سرودی ( خۆشم ئەوێیت ووڵاتەکەم ) وە چەند گۆرانی یەك وەکو ( ست فاتیمە و وا بەهار هات بە خۆشی ) ، هەروەها کاری هونەری بۆ هونەرمەندان ( شەماڵ حەمە توفیق و ئەردەڵان و شێرکۆ شاد ) کردوە .
ئەو جیهانەی کەوا هونەرمەند گۆران ئیبراهیم خەیات هەڵی بژاردوە وە کاری تێدا کردوە بێگومان تەمەنێکی زێڕین و پڕ لە خزمەتی کەلتووری کوردی و ڕۆشنبیری کوردی یە لە هەر چوارپارچەی کوردستان و ڕەوەندی کورد لەدەرەوەی ووڵات ، ماڵ نی یە گوێ بیستی ئەم ئاوازو گۆرانیانە نەبوبێت و بەدەم رێگاوە ئەگەر ووشەکانیشیان لەبەر نەبێت ئەوا ئاوزاەکەی لەسەر دەم و هزری تاکی کوردە .

___

کۆنفیدراسیۆن کەمپینێک ساز دەکات

nusar1

ناوەندی ئۆتاوا داوایەک ئاڕاستەی کوردانی ئۆتاوا و گانتۆی کەنەدا دەکات

nusar1

کۆمەڵناسێک و دەروونناسێکی کورد، هۆکار و پاڵنەرەکانی کۆچی کوردان، بۆ ڕادیۆی ڕەوەند روون دەکەنەوە

KDC
KDC

FREE
VIEW