- Advertisement -

ڕوسیا: نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم و ڕەوەندی کوردستانی چالاکییەکی گرنگ بەڕێوەدەبەن

دکتۆر دانەر ئەبوبەکر کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوسیا، بە هاوکاری ڕەوەندی کوردستانی هەستاوە بە ئامادەکردن و ڕێکخستنی کار و چالاکییەکی تایبەت لەسەر ئەو کوردانەی لەپاڵ گەلانی دیکەی یەکێتیی سۆڤییەت دژ بە نازییەکان جەنگاون.

٩ی ئایار کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی میوانداری بۆنەیەکی تایبەت بە سەرکەوتنی گەلانی سۆڤیەت لە جەنگی دووەمی جیهانی بەسەر نازییەکاندا دەکات. لە بۆنەکەدا گرنگی و تایبەتی بە مۆسیقا و فۆکلۆری کوردی و ئەو جەنگاوەرە کوردانە دەدرێت، کە لەپاڵ گەلانی دیکەی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران ئازایانە و خۆنەویستانە لە پێناو وڵاتەکەیان خەباتیان کردووە.

بەرنامەی چالاکییەکە بریتییە لە پێشکەش کردنی پەڕتوکی “کتێبی یادەوەرییەکان، بەشداری کورد لە سەرکەوتنی هاوبەش بەسەر نازییەکاندا ١٩٤١-١٩٤٥”، کە لەلایەن د. دانەر ئەبوبەکر سەرۆکی دامەزراوەی پەیوەندییە ڕۆشنبیری و گشتییەکانی ڕوس و کورد، وە نوێنەری کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوسیای فیدڕاڵ ئامادەکراوە، لە نووسینیدا پشت بە ئەرشیفە کۆنەکان و بەڵگەنامە تازە دەرچووەکان و پەیامی خزم و کەس و کاری بەشداربووانی جەنگی دووەمی جیهانی بەستراوە.

پڕۆگرامی چالاکییەکە بریتی دەبێت لە:

خوێندنەوەی هۆنراوە و شیعر بە زمانی ڕوسی و کوردی

پارچە مۆسیقایەکی ڕوسی لە لایەن یەکێک لە مۆسیقژەنەکانی کۆنسێرڤاتۆریای چایکۆڤسکی پێشکەش دەکرێت

چەند پارچە مۆسیقای فۆکلۆری کوردی و مێژوویی لە لایەن چەند مۆسیقژەنێکی دیار، کە لە کوردستانەوە تەشریف دەبەنە مۆسکۆ پێشکەش دەکرێت، مێلۆدی و گۆرانییەکان بە ئامێری مۆسیقای کولتووری کوردی (دەف، قانوون، عود، شمشاڵ و زووڕنا) پێشکەش دەکرێن. بەشداربووان بە جۆرەکانی گۆرانی فۆلکلۆری وەک لاوک و بەستە و حەیران ئاشنا دەبن و دەخزێندرێنە ناو کەشوهەوای مۆسیقای ناوچە جیاوازەکانی کوردستان. پێشکەشکاری کۆنسێرتەکە دکتۆرە سڤێتڵانە ڕاوەندی-فادای گەورە توێژەری پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی (زانستی ئەکادیمیای ڕوسیا) دەبێت.

KDC

FREE
VIEW