- Advertisement -

ئەڵمانیا: ناوەندی وتووێژ کۆڕێک بۆ دکتۆر فەریاد فازیل سازدەکەن

کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١١-٥-٢٠٢٤، ناوەندی وتووێژ لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، کۆڕێک بۆ دکتۆر فەریاد فازیل عومەر دەگێڕێ. ناوبراو لەو کۆڕەدا توێژینەوەیەک دەربارەی بنچینە پشت پێ بەستراوەکانی مێژوو، زمان و ئەدەبی کوردی پێشکەش دەکات.
لەو چوارچێوەیەدا دکتۆر فەریاد، دەربارەی شێوەزارەکانی زمانی کوردی بە بەڵگەوە دەدوێ، کە چۆن لە سەدەکانی ڕابردوودا بەشێک لەو شێوەزارانە پەلیان ھاویشتوووە و بوونەتە زمانی ئەدەبی ناوچەکەی خۆیان، یا وردتر بڵێین بوونەتە زمانی نووسین لە ناوچەی میرنشینە کوردییەکاندا و گەلێ جار سنووری منیرنشینەکانیشیان شکاندوووە و لە ناوچەکەدا بوونەتە زمانێکی ئەدەبی بەربڵاو.
دکتۆر فەریاد فازیل، دامەزرێنەر و سەرۆکی ئینستیتووتی خوێندنی کوردییە لە بەرلین، زیاد لە ٤٦ ساڵە لە بەرلین دەژی و دەیان ساڵ لە زانکۆی ئازادی بەرلین ئەکادیمیکار بووە ، وانەی زمان، ئەدەب و مێژووی کوردی وتۆتەوە. وەک زمانناس، ئەدیب و شاعیر ئامانجی سەرەکی گەیاندنی بەرھەمی ئەقڵی کورد بووە بە زمانێکی ئەوروپی بە ئەوروپا، بەو کارە گرنگانەشی ھەوڵی ئەوەی داوە، کە پردێکی پەیوەندی کولتووری لە نێوان کوردستان و دنیای دەرەوەدا ھەڵببەستێ. چەندان شاکاری فەرھەنگنووسی، لێکۆڵینەوەی زمانەوانی، شاکاری فێرکاریی زمانەکانی ئەڵمانی و کوردی نووسیوە. لە ڕووی ئەدەبیشەوە جگە لەوەی کە شەش دیوانی خۆی بە زمانەکانی کوردی و ئەڵمانی بڵاو کردۆتەوە، شاکارە بە ناوبانگەکەی ئەحمەدی خانی (مەم و زین)ی وەک نموونەی ئەدەبێکی جیھانی بە زمانەکانی ئەڵمانی، ئینگلیزی و کوردی بە پیتی لاتینی – کوردی و بە پیتی عەرەبی- کوردی لە چوار کتێبدا بڵاوکردۆتەوە. دەربارەی ئەدەبی نوێی کوردیش، ھەڵبژاردەیەکی بە ناونیشانی (گوڵی خوێناوی) لە ھۆنراوەکانی شاعیری نوێکەرەوەی ئەدەبی کورد عەبدوڵڵا گۆرانی بە ئینگلیزی، ئەڵمانی و کوردی بڵاوکردۆتەوە.


وەک مافپەروەرێکیش دەیان ساڵ لە ڕێکخراوی گەلانی ھەڕەشە لێکراودا سەرپەرشتیاری کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بووە. لە ساڵی ۲۰۱۱ ەوە تا ۲۰۱۷ بۆتە سەرۆکی گشتیی ڕێکخراوەکە .
لە ۲۰۲۲/۱۲/۲۱دا سەرۆکی ئەڵمانیا خاچەخەڵاتی لێھاتوییی کۆماری ئەڵمانیای فیدڕاڵی پێ بەخشیوە و کارە زانستییەکانی بە کاری سەدساڵە ناو براوە و بەرھەمە شیعرییەکانیشی بە گەیەنەری دەنگی ئازادی کورد بە ئەوروپا دانراوە.

  • لە ۱٥ /۲/ ۲۰۲۲ دا زانکۆی سەلاحەدین، ھەولێر/ کوردستان دکتۆرای فەخری بە کۆی بەرھەمی شایستەی بۆ خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردی لە پەنجا ساڵەی ڕابردووی تەمەنیدا پێبەخشراوە.
  • لە ۲۰۲۲/٥/۲۲ دا ئەکادیمیای کوردی ئەندامێتی شکۆمەندیی ئەکادیمیای کوردی بۆ کارە زانستییەکانی پێ بەخشراوە.

شوێنی کۆڕەکە:
Friedensbildungswerk Köln
Obenmarspforten 7
Köln 50667

KDC

FREE
VIEW