KDC

ناتۆ، لەبەردەم مەرامی گڵاوی تورکیادا…


ھەڵۆ بەرزنجەیی

ھەواڵەکان لەمەڕ گەمە و داوا و حەزی تورکیاوە چڕ و پڕن لە ترس و ھەڕەشە… ئیدی لەم گۆڕانکارییانەی جیھان و بەتایبەتی ناوچەکە چاوەڕێی دەکات، تورکیا چەند «گاڵ یاخود پەموو» دەھێنێ؟!… ئەوە دواڕۆژ بڕیاری لەسەر دەدات..
لیستێکی ڕەش، کە ناوی 40 کەسی ئۆپۆزیسیۆن و دژ بە تورکیای تێدایە ، 28 لە سوید و 12 لە فینلەندە، تورکیا خستوویەتییە بەردەم وڵاتانی سوید و فینلەندە و داوای ڕادەستکردنەوەیان دەکات…
رەجەب زاراکۆلوو ، دیارترینی ئەو کەسانەیە…
ناوبراو کە ئێستا تەمەنی ٧٤ ساڵە، بۆیەکەمجار ساڵی١٩٧١ راپێچی بەردەم دادگا کراوە، بەتاوانی ئەوەی پەیوەندی ھەیە بە «ئەمنستی ئینتەرناشناڵ»ەوە ە…
نابراو پاشان بووە یەکێ لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشنال لە تورکیا. ھەروەھا چاپکەری کتێب لەسەر کوشتاری ئەرمەن و کورد و بڵاوی دەکردەوە…ئێستا تورکیا وەک تیرۆریست لێی دەڕوانێ…
تورکیا دەڵێ: سزای لەسەر ئەوە نادەین زەبروزەنگی بەکارھێنابێت! بەڵکو تاوانبارە بەوەی لای پارتێکی نایاسایی کوردی سەمینارێکی پێشکەش کردووە…
بنۆڕن لە ئەقڵی پڕ لە شۆڤێنی تورک چۆنە؟!….
دادگای سوید ساڵی ٢٠١٩ ڕەتی کردەوە زاراکۆلوو رادەستی تورکیا بکاتەوە…
بۆیە وەزیری دەرەوە چاوشئۆغلوو بە خەبەرتورک دەڵێ: ” تورکیا نایەوێ گوێ لە حیکایەتی یاسای یەکێتی ئەوروپا بگرێ، داوای تورکیا دەبێت جێبەجێ بکرێ و تەنانەت ئەگەر بێت سوید و فینلەند یاسای خۆیان گۆڕیووە لەپێناوی گونجاندنی رەوانەکردنەوەی ” ئەم داواکراوانەدا….
ئەوەیە گورنەتەڵیی و لێخوڕین و تێخوڕین، کە تورکیا بێ شەرمانە بەسەر دنیاوە دەیکات و لە ئێستادا بەسەر ئەم دوو وڵاتە و تەواوی ناتۆوە…
تورکیا داوای ھەڵگرتنی گەمارۆی چەک فرۆشتن لەو دوو وڵاتە دەکات کە لە ٢٠١٩ خستوویانەتە سەر تورکیا…
تورکیاش داوای دوورکەوتنەوە و واز ھێنان لە پشتیوانی کورد دەکات….
زاراگولوو بە پێچەوانەوە قسەی بۆ رادیۆی »ئۆزگیوریوز « کردووە و دەڵێ: “سوید وڵاتی یاسایە و دادگا بڕیاری تێدا دەدات و حکومەت وابەستەیە پێوەی… خۆ ئێرانە تورکیا نییە! ” بە ئارەزووی خۆیان بڕیار و حوکم بدەن…
ناوبراو بەوەش تاوانبار کراوە کەوا وتارێکی بۆ رۆژنامەی «ئێڤرەنسێلی» چەپ نووسیووە… کە باس لە ھاوبەشی نێوان عەدنان مێندەرس و ئەردۆغان دەکات، مێندەرس دوای کودەتای ١٩٦١ لە سێدارە درا… ھەڵبەت و لە بەراوردا ھەمان چارەنووس نیشانی ئەردۆغان دەدات….!!ا…
راوێژکاری ئەردۆغان «ئیبراھیم کالین» کە ئەندامی دانووسانکارە لەگەڵ شاندی دوو وڵاتی ناوبراودا تەواو بە پێچەوانەوە دەڵێ: “ھیچ بناغەیەکی یاسایی نییە تیرۆریستان رادەست نەکرێنەوە”…
ناوی “بولوند کێنەسی” سەرنووسەری رۆژنامەی گویلەنیش لە لیستەکەدایە و تاوانبارە بە بەشداری لە کودەتاکەی ٢٠١٦ دا … ھەروەھا ناوی «مەحمەت سیراجی» سیاسی و رۆژنامەنووسی کورد، کە ٧ ساڵ دەبێت مردووە…
تورکیا ھێندە نوقمی فاشێتییە و داگیرکەرێکی دڵ ڕشە بەرانبەر بە کورد، واز لە روفاتی کوردیش ناھێنێ و لە گۆڕیشدا دەیخاتە بەردەم لێپرسینەوە.. لەوەش نامرۆڤانەتر گەر بۆی بکرێ مردووی گۆرستانەکانیشمان دەردێنێتەوە و یەک بە یەک بەدەستی خۆی لەسێدارەیان دەدات…
ھەر لەمەڕ ئەم ئاستەنگەی تورکیا بۆ بەئەندامبوونی سوید و فینلەندی ھێناوەتە پێشێ، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە تورکیا «یورگەن شولتس»، دەڵێ: “قسەکانی تورکیا جێی قبوڵ نییە، تەنیا رووسیا سوود لەم ھەرایە دەبینێ” !..

کریستۆڤ ھۆیسگەنی» سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخیش دەڵێ: تورکیا دەتوانێ« کێشەکانی لەگەڵ سوید و فینلەند دوای بوونە ئەندامیان لە ناتۆ باشتر
چارەسەر بکات…
بەڕاستی! دەبێت لێرەدا ھەڵوێستەیەک بکەین لەم رشفتار و بیرکردنەوەیانەی تورکیا و شەرمە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی! بە ھەموو مانای وشەیەک، ئەم ھەڕەشە و سیاسەتی نامرۆیی و دژ بە بەھاکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤی تورکیا قبوڵ بکەن و رەفتاری وا نا مۆڕاڵی دەوڵەتێک ئەگەر بێت و بیانەوێ ھەر مامەڵە لەگەڵ تورکیادا بکەن…
شەرمێکە وەک پەڵەی رەش بە نێوچەوانی جیھانەوە، ئەگەر بێت و چۆک دادەن بۆ مەرامە گڵاوەکانی تورکیا….
گەر سەرپێیش بێت، دەبێت ئاماژەیەکی ڕەخنەش بە ڕووی خودی کورد بەتایبەت ھێزە سیاسیی و جەماوەرییەکانیدا نیشان بدەین!. ئێستا ئەو چرکەساتە ھەستیارەیە کەوا دەبوو دیبلۆماسێت و لۆبی کوردیی وزە و گوڕوتینی تەواوی خۆی بخاتە کار و کەیس و فایلیی دیکۆمێنتی ئەستوور ئەستوور لەسەر تاوانی دەوڵەتی پێشکەش بە جیھان بکات… جیھان لە مەترسییەکانی سیاسەت و چاوچنۆکی سوڵتانەکەی تورکیا بەئاگا بھێننەوە… سوودی زیاتر لە ناکۆکییەکانی تورکیا و ئەمەریکا و تورکیا و زۆر وڵاتی ئەوروپایی، یۆنان بەتایبەتی و تەنانەت تورکیا و ئیسرائیلیش!… بەڵام بەداخەوە کورد لە بازنەی ململانێ و ستاسەتی خۆخۆری نێوخۆیی ناتوانێ دەرباز بێت… بۆیە بەھرەی خۆی کوشتووە بۆ کارکردن لەسەر جەمسەرەکانی دیکەی تێکۆشان…
سەرچاوە: سوود وەرگیراوە لە
رۆژنامەی تاگەسشپیگلی ٢٨/٥/٢٠٢٢

___

باتەبابین لە پێناو خاک و نەوەی داھاتوومان

KDC

خاکی ئێمە گەوهەرە

nusar1

مێژویەکی کورتی ڕۆژی 8 ی مارس ،بوونە بۆنەیەکی جیهانی

nusar1
KDC

FREE
VIEW