- Advertisement -

ئێمە چیمان دەویست؟

جوان بەکر مەعروف

ئێمەی ژنان ئازادیمان دەویست.
لە ئازادیدا چیمان دەویست؟
ئەوەی کە کەممان هەبوو دەمانویست.
ئەوەی کە کەم بوو چی بوو؟
ئێمە بەر لە هەمووشت کەمی بڕیارمان هەبوو نا هاوسەنگی لە بڕیار و ستەم لە جێبەجێ کردنی هەبوو.
ئێمە دەمانویست بە ئازادانە کەی خۆمان ویستمان بڕیار لە جوان پۆشی و ڕێک پۆشی و سەرپۆشی خۆمان بدەین.
ئێمە دەمانویست کاتێک لەچکێک لە سەرمان دەئاڵێنین ئازادانە خۆمان بڕیاری لێ بدەین نەوەک بڕیار بدەن بۆمان یان بیسەپێنن بە سەرماندا هەروەک ئەوەی چۆن کڵاوێکی لە سەردەکەم ئازادانە خۆم بڕیار دەدەم.
ئێمە نەماندەویست لەچکەکانمان لە سەر بکەنەوە، ئێمە دەمانویست کەی خۆمان ویستمان لە سەرمانە دابنێین و کەی ویستمان لە سەری بکەینەوە.
ئێمە داوای ئازدیمان نەکرد بۆ ئەوەی جەستەمان ڕووت بکرێتەوە و بخرێتە بەر کەڵبەی زۆرخۆرە پیسخۆرە چڵێسخۆرەکانی مەسرەفگەرا.
ئێمە داوای ئازادیمان کرد چونکە کەمی و هاوسەنگی هەبوو لە نێوان کۆمەڵگاکانمان لەسەر ئاستی زانست و پەروەردەی فێرکردن و گەرەکمان بوو شان بە شانی برا و باوکمان بینە دکتۆر و پارێزەر و پزیشکی تەندروستی و مامۆستا و ئەندازیار و خاوەن پیشە و کاری خۆمان، تا لە ڕێگەیەوە سەروەری بوونی خۆمان وەک ڕەگەز و وەک مرۆڤ بە دەست بهێنین و ببینە هۆکاری هاوسەنگی کۆمەڵایەتی و ئابووری.
ئێمە نەماندەویست لەبری هێنانە دەروەمان لە گوێسوانە و بانەکانی ماڵە باوکانمان و بمانکەنە ئامێری چێژ و حەزە جەستەییەکانی خۆتان و بۆ شایی ئیداریمان پێ پڕ بکەنەوە هیچ بڕیارێکی ئەو ئیدارە و سیستمەش بۆنی جوانی ژن بوونی لێ نەیەت و پڕاو پڕ نا هاوسەنگی پیاوسالاری بە سەریدا زاڵ بێت.
ئێمە دەمانویست شان بە شانی ئێوە لە سیاسەت و خەباتی چەکداری و هزری بەشدار بین، نەماندەویست بووکەڵەی دەستی بڕیارەکانتان بین و وەک پولی شەتڕەنج کەی بمانەوێت جێگەمان پێ بگۆڕن و بەشداریمان پێ بکەن و خاوەن هیچ بڕیارێک نەبین.
ئێمە دەمانویست پێکەوەڕا هاوار بۆ دیموکراسی و ئازادی بکەین و لە نێویدا خۆمان بازرگان و کاریگەر بین نەک بمانکەنە بازرگانی بەردەم کامێرا لە ژێرەوە دەستێکی نێرینە لە جەستە و سایکۆلۆژیا و دەروونمان نینۆکی گیر کردبێت.
ئێمە دەمانویست وەک هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو سوود لە پێشکەوتنەکانی دیموکراسی و دنیای سەرمایەداری وەربگرین، نەک ئێمە ببینە سووتەمەنی دنیای سەرمایەداری.
بۆیە لەم سۆنگەیەوە هەمیشە و بەردەوام بەڵێ بۆ ئازادی و دیموکراسی بەڵێ بۆ دنیای سەرمایەداری، کە توانی مرۆڤەکان بگەیەنێتە کۆمەڵەکانی خۆر و لە ئەوپەڕی دوورە دەستی خۆیدا بتوانێت بە هۆی تەقینەوە گەورەکە و بچێتەوە ناو بچوکترین کوانتۆمی خۆی و بیر لە خۆی بکاتەوە.
بەڵێ بۆ هەموو ئەو شتە جوانانەی، کە بیری سەرمایەداری پێشکەشی مرۆڤایەتی کرد لە دۆزینەوەی ڤایرۆسێکەوە تا گەورەترین چارەسەری کێشەی تەندروستی.
بەڵام هاوکات نەخێر بۆ تەنەکە خۆڵەکەی دنیای سەرمایەداری.
لێرەدا پرسیاری ئەوە دێتە پێش ئایا تەنەکە خۆڵەکەی ئەم دنیای سەرمایەدارییە چییە؟
مەسرەف گەرایی، بەڵێ مەسرەف گەرایی زبڵدانی دنیایی سەرمایەدارییە و ژن و پیاو و مناڵ و ڕەگەزەکانی تری مرۆڤایەتی و تەنانەت ئاژەڵ و باڵندە و بوونەوەرەکانی تری لە خۆیدا لوشداوە و هەرکەس ئاگای لە خۆی نەبێت زۆر بە خراپی تێیدا هەڵدەخلیسکێت.
ئێمە وەک ژن یەکەمین قوربانی و فڕێ دراوی ناو ئەو زبڵدانەی ئەم دنیایەین.
بەر لە هەمووشت تەواوی دەروونی خۆمان و سەروەریمان لێ وەرگیراوەتەوە و ئیستاتیکای مەزن و سەرسوڕهێنەرە ژن لە نێوان چرچ و لۆچ بوونی پێستی دەموچاومان کورت کراوەتەوە و وەک ئەوەی ڕووەکی نەمردنمان بۆ دۆزرابێتەوە پڕ دەکرێن لە حەز و ئارەزووی ئەم دنیایە لە ڕێگەی سلیکۆن و بۆتۆکس و فیلەرەوە و لە بری پەرتووک خوێندنەوە مۆبایل و ئەنتەرنێت و چاتی ئازادمان دراوەتە دەست.
ئێمەی ژن، کە گەورەترین بەش و پێکهاتەی ئەم گەردوونە خودا پێی بەخشیوین، ئەویش منداڵدانی دایکە لێمان وەرگیراوەتەوە و لەبری ئەوە سەیارە و مۆدێلی جل و جانتای مارکە دراوەتە دەستمان.
ئێمە لە ئافرێنەرەوە کراوینەتە بەکار هێنەری ئەم کەرەستە ناپێویستانە.
چی ڕزگارمان دەکات؟
جارێکی تر ئازادی.
تۆی مرۆڤ بە هەرسێ ڕەگەزە سەرەکییەکەتەوە تۆی ژن بە تایبەت چونکە جێگەی پیرۆز (منداڵ دان) بە تۆ بەخشراوە دەبێت ئازاد بیت.
جارێکی تر خەباتی ئازادی لە بەرانبەر مەسرەف گەرایی جەستە و جوانی و ئارایشتی ناپێویست و جل و پۆشاکی مارکە و زۆر و بۆر ڕابگەیەنی.
ئەگەر دەست بەرداری ئەوە ببیت و نەترسیت و لە ساڵێکدا یەک جۆر کراست بەردەوام لە نێو خزم و دۆست و هاوڕێکانت پۆشی.
ئەگەر توانیت بە ڕۆژ بوونی خۆت بۆ ماوەیەک لە بەرامبەر حەزە جەستەییەکانت ڕابگەیەنیت، ئەوە یەکەمین پەنجەرەی ئازادییە بە ڕووی خۆت و کۆمەڵگادا کردنەوە و ئیتر ئێمە دەستە دایکێک مرۆڤێک ژنێک پیاوێکی ڕێگای ئازادی و دەستمان دەتوانێت بە پێشکەوتنی زانست و خوێندن و گەردونیش ڕابگات.

KDC

FREE
VIEW